زووم…
بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەردوو شاندى دانوستانکارى پارتى و یەکێتى دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەنەوە و سێیەم کۆبوونەوە لەبارەى پێکهێنانى کابینەى دەیەم و دابەشکردنى پۆستەکان ئەنجام بدەن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، پارتى دەیەوێت تاوەکو مانگى دوو پێکهێنانى حکومەت یەکلابکاتەوە، بۆ ئەمەش چەند سیناریۆیەک هەن، یەکێکیان ئەوەیە پارتى دەیەوێت لەگەڵ حزبەکانى دەرەوەى یەکێتى 50 کۆیەک مسۆگەر بکات، ئەگەر پارتى لەم سیناریۆیەدا سەرکەوتووبوو، بە زووترین کات حکومەت پێکدەهێنێت و ئەگەر یەکێتیش رازى نەبوو، پۆستەکانى بە بەتاڵى بۆ جێدەهێڵێت.
پارتى هەموو هەوڵێکى بۆ ئەوەیە پێکهێنانى کابینەى نوێ لە مانگى داهاتوو تێپەڕنەکات، هەربۆیە لە سیناریۆى دووەمدا کار بۆ ئەوە دەکات ئەگەر لە دەرەوەى یەکێتى نەیتوانى 50 کۆیەک دروست بکات، ئەوا هەوڵدەدات هەندێک لە داواکارییەکانى یەکێتى جێبەجێ بکات و بە بەشدارى یەکێتى و لایەنى دیکە حکومەت پێکبهێنێت.
زووم دەزانێ، پارتى بۆ ئەوەى 50 کۆیەک لە دەرەوەى یەکێتى دروست بکات، لە ماوەى رابردوودا هەوڵى لەگەڵ هەندێک لە لایەنە سیایییەکان داوە، قسەشى لەگەڵ هەندێک لە پەرلەمانتارانى حزبەکانى دیکە کردووە.
مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەیامى سەرى ساڵدا خواستى زوو پێکهێنانى حکومەتى نیشاندا و رایگەیاند، دەبێ هەرچی زووە كابینەی دەیەم پێکبهێنرێت و حكومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵك جێبەجێ بكات.