ئۆپۆزسیۆنى تورکیا دەیەوێت لە کۆی 177 مادەى دەستوور، 84 مادە هەمواربکاتەوە و جێگرەوەکانیشى ئامادەکردون و بۆ رایگشتى بڵاویکردونەتەوە، بەڵام سەبارەت بە کێشەیەکى قوڵ و لە مێژینەى وڵاتەکەى کە پرسى کوردە، هیچ گەشبینییەک لە پڕۆژەکەدا نابینرێت.
جەهەپە، پارتی باش، پارتی دیموکرات، دەڤا، سەعادەت و دوارۆژ
شەش حزبەکەى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا، کە لە جەهەپە، پارتی باش، پارتی دیموکرات، دەڤا، سەعادەت و دوارۆژ پێکهاتوون، پاش دەیان کۆبوونەوە و دانوستان، دواجار پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیان بۆ داهاتووی تورکیا ئاشکراکرد کە خۆى لە هەموارکردنەوەى زۆرینەى مادەکانى دەستوورى بنەڕەتى تورکیادا دەبینێتەوە.
تەنها پرسی کوردی تێدا نەبوو
رەشنووسی هەموارکردنەوەى 84 مادەکەی دەستوور کە لەلایەن شەش حزبەکەى ئۆپۆزسیۆنەوە رێککەوتنى لەسەرکراوە و کراوەتە نەخشەرێگەى ئایندەى کارکردنى خۆیان، زۆر پرسی تێدا بوو، بەڵام تەنها پرسی کوردی تێدا نەبوو کە وەکو سەرەکیترین کێشەی دیموکراسی، ئازادی، ئابوریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی تورکیا دادەنرێت.
پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتى ئەردۆغان، لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتیدا، هەندێک هەنگاوی بەرەو پرسی کورد هەڵگرت، بەڵام زیاتر رووکەش بوون و لە بڕگە و مادەکانی دەستووری بنەڕەتیدا، هیچ مافێکی کوردی جێگیرنەکرد.
چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دەستوورەوە نییە
لە رەشنووسی گۆڕینی 84 مادەی دەستووریش کە شەش لایەنەکەى ئۆپۆزسیۆن هەوڵى بۆ دەدەن، دەرکەوت کە ئەوانیش هیچ شتێکی تازەیان بۆ کورد پێنییە و لە تورەکەی هیچ پارتێکی سیاسی تورکیادا، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دەستوورەوە نییە.
ئەوەتا لە هێرشی ئەم دواییەی تورکیادا بۆسەر باشور و رۆژئاڤای کوردستان، پارتە سیاسییەکانی تورکیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، پشتگیریان لە سوپاکەیان کرد.
جگە لە هەدەپە، هیچ پارتێکی دیکە دەنگی ‘نا’ی بەکارنەهێنا
هەروەها لە بڕیاری درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوە سنور لە پەرلەمانی تورکیا کە رۆژئاڤای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، جگە لە هەدەپە، هیچ پارتێکی دیکە دەنگی ‘نا’ی بەکارنەهێنا.