زووم..
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە، گرێبەستێکی فرۆشتنی چەک بە بەهای 8 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل گەڵاڵەکراوە.
گرێبەستەکە مووشەک و تەقەمەنیی فڕۆکە جەنگییەکان و هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکان و تۆپخانەکان، لەخۆدەگرێت.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، پێدەچێت ئەمە دوا فرۆشتنی چەک بێت بە ئیسرائیل کە ئیدارەی بایدن پەسەندی بکات.
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل بە تایبەتی بنیامین نتانیاهۆ لە چەند مانگی رابردوودا بانگەشەی ئەوەیان کردووە بایدن بە شێوەیەکی رانەگەیەنراو گەمارۆی چەکی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندووە.
هەروەها بەشێک لە دیموکراتەکان داوایان کردووە فرۆشتنی چەک مەرجدار بێت بە چۆنێتی مامەڵەکردنی ئیسرائیل لەگەڵ شەڕ و دۆخی مرۆیی غەززە، بەڵام بایدن رەتیکردووەتەوە ئەو کارە بکات.