رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
رۆژئاوا داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات چارەسەری سیاسی لەگەڵ کورد ئەنجامدات
ناوچەکانى باکورى سوریا و مەنبەج، پێکدادانى خوێناوى لەنێوان هێزەکانى سوریای دیموکرات و گرووپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا بەخۆوە دەبینێت.
هاوکات دیمەشق دیدار و سەردانی وڵاتانى رۆژئاوا لەسەر ئاستی هەرە باڵا بەخۆوە دەبینێت، داوا لە ئەحمەد شەرع، فەرماندەى ئیدارەى نوێی سوریا دەکرێت، چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ کوردانى رۆژاڤا ئەنجامبدات. کە چەندین ساڵە ئیدارەىەکى خۆسەریان لە رۆژهەڵاتى روباری فورات پێکهێناوە.
ئەحمەد شەرع ئەم دیدار و گفتۆگۆیانەى لەگەڵ وەزیری دەرەوەى فەرەنسا جان نوێڵ بارۆ و هاوتا ئەڵمانییەکەى ئەنالینا بیربۆک لە کۆشکی سەرۆکایەتى لە دیمەشق ئەنجامدا.
ئەنالینا بیربۆک، بەر لە دیدار و چاوپێکەوتنەکەى ئەحمەد شەرع گوتبوی، پێویستە لەگەڵ کوردە هاوپەیمانەکانمان چارەسەری سیاسی بدۆزرێتەوە.
قودسی عەرەبی
202 رۆژنامەنووسی فەڵەستینی لە غەزە گیانیان لە دەستداوە
نوسینگەى میدیایی حکومەت لە غەزە دەڵێت، ژمارەى ئەو رۆژنامەنووسە فەڵەستینیانەى بەهۆی جەنگەوە لەو کەرتە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 202 کەس.
دوای کوژرانى رۆژنامەنووسێک لە بەرەبانی دوێنێ هەینى، بە بۆردومانێکی ئیسرائیل بە ماڵەکەى خۆیدا، نووسینگەى میدیایی حکومەت داوای لە یەکێتیی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسانى عەرەب و هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەکرد لەسەرتاسەری جیهان، ئەو خوێنڕێژییەى ئیسرائیل دژ بە رۆژنامەنووسان و راگەیاندکاران لە فەلەستین و کەرتى غەزە ئەنجامیدەدات، بێنەدەنگ.
عەرەبی جەدید
پارەدارکردنى لەلایەن قەزافییەوە هەڕەشەى 10 ساڵ زیندانیی لە سارکوزی دەکات
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، نیکۆڵا سارکوزی، سەرۆکى پێشووتری فەرەنسا دەچێت بەردەم داگا و تۆمەتی پارەدارکردنى لەلایەن معەمەر قەزافی، سەرۆکى پێشووی لیبیای خراوەتە پاڵ.
ئەو تۆمەتەى خراوەتە پاڵ سارکوزی، دۆسیەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007، ئەوکاتەى لە گەڕی دوایی بانگەشەى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى فەرەنسا لەگەڵ معەمەر قەزافی رێککەوتووە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەى پارەداری بکات و لە بەرامبەردا فەرەنسا لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان وێنەیەکى درەوشاوە و کاریگەر ببەخشێتە قەزافی و دەسەڵاتەکەى لە لیبیا.
ئەگەر دادگاکانى فەرەنسا تۆمەتەکە بسەلمێنن، سزای 10 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنى بڕی 375 هەزار ئیرۆ بەسەر سارکوزی دەسەپێنن.
عەرەب
پەیامەکانی ئەوروپا بۆ ئیدارەی نوێی سوریا: ئامادەنیین حکومەتێکی ئیسلامی پارەداربکەین
سەردانەکەی ئانالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و جان نوئێل بارۆ، هاوتا فەرەنسییەکەی بۆ دیمەشق، کۆمەڵێک پەیامی وڵاتانى ئەوروپای بۆ ئیدارەی نوێی سوریا هەڵگرتبوو، رەنگە گرنگترینیان ئەوە بێت وڵاتانى ئەوروپا نەیانەوێت ئامادەبن پشتیوانى و پارەدارکردنى حوکمەتێکی ئیسلامی بگرنە ئەستۆ.
زلهێزەکانى رۆژئاوا، بەئاگایی خۆیان ناشارنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ فەرماندەى ئیدارەى نوێی سوریا، کە ئەحمەد شەرعە، کە پێشتر دڵنیایی داوە سوریای نوێ نابێتە ئەفغانستانێکی نوێ و دەیانەوێ سیستمی حوکمى داهاتووى ئەو وڵاتە بە هاوبەشی و بەشداریی هەمەلایەن بێت و مافی کەمینەکانى تێدا پارێزراوبێت.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
ئەمساڵ 10 هەزار کەس لە پیشەسازیی پارێزگای ورمێ دامەزراون
سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پیشەسازی و کانگای پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەرتی پیشەسازیی پارێزگاکەدا دامەزراون و رێژەی دامەزراندن بەراورد بە ساڵی رابردوو 25% زیادیکردوە.
ئیحسان جەوی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەمساڵدا 77%ـی ئامانجی دامەزراندن لە پارێزگاکەدا بەدیهاتووە و زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە پیشەسازیدا کراوە.
لە ئێستادا بە گشتی دوو هەزار و 22 یەکەی پیشەسازی لە پارێزگاکەدا چالاکن کە هەلی کاری راستەوخۆیان بۆ زیاتر لە 61 هەزار کەس دابینکردووە.
ئارمانی ئیمروز
عێراق دەبێتە ناوبژیوانی نێوان ئێران و سوریا
رۆژنامەیەکی لوبنانی بڵاویکردەوە، بەم نزیکانە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی تاران دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە بەتایبەت هەوڵەکان بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانی ئێران و حکومەتی نوێی سوریا.
بەگوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان، ئەو بابەتانەی کە سودانی لە تاران تاوتوێی دەکەن بریتی دەبن لە پەیوەندییە نزیکەکانی ئێران و سوریا، دانەوەی قەرزەکانی عێراق بە ئێران، دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی غازی ئێران بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق و فشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی.
ئەم سەفەرە دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا دێت و ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی پەیوەندیدارە.
کەیهان
ئێران لە بەرهەمهێنانی کاشی سیرامیک پێگەی پێنجەمی جیهانی هەیه
ئێران لە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کاشی سیرامیک لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە و بەرهەمەکانی ئەم پیشەسازییە بۆ 60 وڵات هەناردە دەکات.
ساڵانە 500 میلیۆن مەتر چوارگۆشە کاشی سیرامیک لە ئێران بەرهەم دەهێنرێت و ساڵی رابردوو 200 میلیۆن مەتر چوارگۆشە لەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوەی وڵات کراون.
ئەحمەد میرزایی، بەرپرسی پێشانگای نێودەوڵەتی کاشی و سیرامیک، له چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا گوتی، ئێران لەم بوارەدا لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە و هەموو وڵاتانی ناوچەکە و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیایش کڕیاری بەرهەمی ئێرانین.
++++++
ئەبرار
کۆچی شارەزایان لە ئێران زیادی کردووە
کۆچی شارەزایان بە واتای مانەوەی هێزە پلە نزمەکانە بۆ بەڕێوەبەریی داهاتوو.
وەزیری تەندروستی و پەروەردەی پزیشکی ئێران، محەمەد ڕەزا زەفەرقەندی دەڵێت، کۆچی شارەزایان وەک سووتاندنی سەروەتی وڵاتە کە ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵات “کەسانی شارەزا لەدەست بدات.
ناوبراو گوتی، کۆچ لە ئێران زیادی کردوە و بارودۆخی ئابووری وڵات یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، بە تایبەت لە بواری پزیشکیدا، زۆرێک لەو پزیشکانەی کە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی دیکە ناچار دەبن کارەکانیان بگۆڕن.
زەفەرقەندی هەروەها جەختی لە پێویستیی دابینکردنی پەروەردە و هەلومەرجی گوزەرانی گونجاو لەگەڵ نەهێشتنی هەڵاواردن و هەلی نایەکسانی کردەوە و گوتی: پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە کۆچی شارەزایان بدرێت، چونکە زیانەکانی قەرەبوو ناکرێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پەنابەران لە هاووڵاتیان زووتر دەستیان دەگات بە خزمەتگوزاریی تەندروستی
خەڵکانی پەنابەر دەتوانن بە ماوەی 15 خولەک دەستیان بگات بە ناوەندە تەندروستییەکان و پزیشک بیانبینێت. بەڵام کەسانی ئاساییی هاووڵاتیی وڵاتەکە دەبێت ناویان بچێتە سەر لیستێکی دورودرێژەوە، کە پڕیەتی لە ناوی ئەو کەسانەی دەبێت چاوەڕوانی بینینی پزیشک بکەن.
دەزگای تەندروستیی ئەو وڵاتە گرنگییەکی تایبەت دەدات بە ئەو پەنابەرانەی کە تازە دەگەنە ئەوێ. سیاسەتێکی وەها لەوێ بوونی هەیە، کە ئەو کەسانەی وەک پەنابەر گەشتوون بەوێ لە وەرگرتنی مافی مانەوەشدا سەرکەوتوو نەبووبن، پێویستیان بە ناو تۆمارکردن و سەرەگرتن نابێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر. زووتر دەتوانن پزیشک ببینن، کاتی چاوەڕوانیکردنەکەی ئەمان تەنها 15 خولەکی پێدەچێت.
تایمز
ستامەر لە دیدگای ترەمپەوە فەرمانڕەوایەکی چۆنە؟
سێر کێیە ستامەر لە گوتاری سەریساڵیدا جەختی لەسەر مەسەلەکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و چەند بابەتێکی ناوخۆیی گرنگی دیکە کردەوە. بەڵام هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن ماسکی هاوڕێ دەوڵەمەندەکەی رەخنەبارانیان کردووە.
سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتی، حکومەتی بەریتانیا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە، کە باج و سەرانەی لەسەر بازرگانیی نەوت و گازی سەر دەریای رەش زیادکردووە. بۆیە کۆمپانیایەکی ئەمریکیی ئەو بوارەش رایگەیاندووە کە چالاکییەکانی وەبەرهێنانکردنی خۆی لە سنوری بەریتانیادا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2029ـــدا کۆتایی پێدەهێنێت.
ئیلۆن ماسک کە چاوەڕواندەکرێت پشتیوانییەکی دارایی گەورە لە کارە ریفۆرمکارییەکانی نایجڵ فاراج بکات رەخنەی توندی لە ستامەر گرت و گوتی ئەو کابرایە بەریتانیای فەوتاندووە.
یو ئێس تودەی
بەرپرسان دەڵێن سەدان سەرەداویان لەبارەی هێرشەکەی نیوئۆرلیانزەوە لەبەردەستدایە
بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەمریکا دەڵێن، ئەو هێرشە کوشندەیەی بە پیکابێک لەناو نیوئۆرلیانزادا ئەنجامدرا و بووە هۆی کوشتنی 14 کەس و بریندارکردنی دەیانی دیکە، کارێکە لەوەدەچێت گورگەکە خۆی بە تەنها ئەنجامیدابێت.
هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی ناو لاس ڤێگاسەوە نەبێت.
شەمسودین جەبار ئەو کەسەی هێرشەکەی نیوئۆرلیانزی ئەنجامداوە لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، کریستۆفەر رایا جێگری بەرپرسی ئێف بی ئای بۆ کاروباری تیرۆر دەڵێت، بەرپرسەکانیان نزیکەی 400 سەرەداوی جیاوازیان لەبەردەستدا بووە و کاریان لەسەرکردووە، ئەوەی بۆیان روونبوەتەوە ئەوەیە جەبار ئەم کارەی بە تەنها خۆی ئەنجامداوە.
عەرەب نیوز
دیپلۆماتە ئەوروپییەکان داوای گۆڕانکارییەکی گشتگیر دەکەن لە سوریادا رووبدات
وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەخت لەوە دەکاتەوە وڵاتەکەی پشتگیری لە سەقامگیریی سوریا دەکات
یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری لەوە دەکات ئاڵوگۆڕێکی سیاسیی ئاشتییانە لەناو سواریادا بێتەئاراوە. هەردوو دیپلۆماتکارە باڵاکەی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە دیمەشق چاویان بە ئەحمەد شەرعی فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا کەوت و لەگەڵ ئەودا پێداگرییان لەسەر ئەم راستییە کردەوە.
جان نۆیڵ بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالیانا بەربۆکی، هاوتا ئەڵمانییەکەی دوێنێ لە سوریا بوون، بۆئەوەی بە ناوی یەکێتیی ئەوروپاوە قسەوباس بکەن.
ئەم سەردانەی ئەم دوو دیپلۆماتکارە سەردانی ئاستێکی باڵای ناوەندێکی دەستەڵاتداری جیهانە بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا لەپاش ئەو گۆڕانکارییە سەربازی و سیاسییانەی لەو وڵاتەدا روویانداوە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
لە 2024 هەنادەکردن بۆ دەرەوەی وڵات ژمارەى پێوانەیی شکاندووە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ساڵی 2024 هەناردەى تورکیا بۆ وڵاتانی دەرەوە زیاتر بووە بە بەراورد بە ساڵی پار.
ئەردۆغان دەڵێت، مانگانە رێژەى هەناردە بۆ دەرەوەى وڵات 2.2٪ زیاد بووە کە دەکاتە 23.5 ملیار دۆلار. لەسەر ئاستی ساڵانەش رێژەى هەناردە بۆ دەرەوەى وڵات بە رێژەى 2.5٪ زیاد بووە و بە تێکڕای ساڵەکە گەیشتۆتە 262 ملیار دۆلار.
ئەکشام
لە تورکیا رێژەى هەڵاوسان دابەزیوە
دەزگای ئاماری تورکیا، رێژەى هەڵاوسانی ساڵى 2024ی ئاشکرا کرد.
بەگوێرەى راپۆرتی دەزگای ئامار رێژەى هەڵاوسان لە کۆتا مانگی ساڵى 2024 دا لەماوەى 19 مانگی رابردوودا کەمترین رێژە بووە تەنها 1.1٪ بووە. لە شەش مانگی 2024 دا 15.7٪ بووە، رێژەى هەڵاوسان لەسەرئاستی ساڵیش 44.48 بووە.
جمهورییەت
ئەردۆغان لەگەڵ دەم پارتی کۆنابێتەوە
وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندی دەم پارتی سەردانەکانی بۆ لاى پارتە سیاسییەکان بەردەوام بێت بە مەبەستی کۆ دەنگیی لەسەر درێژە پێدانی دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالانى سەرۆکی پەکەکە.
دەم پارتی لەو سەردانانەدا لەگەڵ سەرۆکی گشتیی پارتەکاندا کۆدەبێتەوە، بەڵام تائێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، لەگەڵ شاندەکە کۆنەبوەتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەردۆغان بەنیاز نییە لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆببێتەوە، لەکاتێکدا لایەنی سەرەکی بەڕێوەچونی پڕۆسەی دیالۆگ ئاک پارتییەو سەرۆکەکەشی ئەردۆغانە.
قەرار
ئیی پارتی: هیچ هۆکارێک نییە بۆئەوەى لەگەڵ دەم پارتیدا رێکبکەوین
موسەفات دەرویشئۆغڵو سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند، پارتەکەیان ئامادە نییە لەگەڵ شاندی دەم پارتی دابنیشێت. گوتیشی، هیچ هۆکار نییە بۆئەوەى لەگەڵ دەم پارتیدا لەسەر بەڕێوەچونی دیدارەکان رێکبکەوین.
ئەوەشی راگەیاندووە، لەئێستاوە ئیی پارتی دەرگای بە رووی شاندی دەم پارتیدا داخستووە، لەبەرئەوە ئامادەنین لەگەڵ لایەنێک دابنیشین کە نوێنەرایەتی رێکخراوێک دەکات ساڵانێکە دژایەتی کۆماری تورکیا کردووە.