زووم..
ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە دەڵێت، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی چەند هەفتەی رابردووی کۆشکی سپی، پێشنیازی هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی داوە بە سەرۆکی ئەمریکا، لە بارێکدا ئەگەر تاران بەخێرایی هەنگاو بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆم بنێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەکسیۆس، چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، بایدن و دیسکی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا کۆبوونەتەوە، چەند سیناریۆیەکی جیاوازیان لەبارەی چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئێرانیان تاوتوێ کردووە، ئەگەر پێش 20ـی کانوونی دووەم، ئاستی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بگەیەنێت بە 90 لەسەدی خام، یەکێکیان هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانە، بەڵام بایدن تائێستا گڵۆپی سەوزی هەڵنەکردووە.
کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی نوێ نەبووە، چاوەڕوانیش نەکراوە بە بەڵێ و نەخێری بایدن کۆتایی پێبێت، بەڵکو تەنها تاوتوێی چەند سیناریۆیەکیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران لە ئەگەری نزیکبوونەوەی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم.
ماڵپەرەکە دەشڵێ، هێرشکردنەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ماوەی کۆتایی کابینەی ئێستا، سەرکێشییەکی گەورە دەبێت بۆ سەرۆکێک پێش دەستبەکاربوونی بەڵێنی دابوو رێگە نەدات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، هاوکات، ئەگەری هەیە شەڕێک بۆ کابینەی دوای خۆی جێبهێڵێت.