زووم..
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی مووچەخۆران دەکرێت، بەڵام تائێستا چارەنووسی مووچەی مانگی 12 نادیارە.
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی ئەو پارەیەی بەغداد بڕیاری لێداوە، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەکرێت، بەڵام بەبێ ئاماژەدان بە هاتنی هیچ بڕە پارەیەک، هەر دوێنێشەو لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە.
زووم زانیویەتی، لە رۆژی سێشەمەوە پارە بۆ مووچەی مانگی 11 هاتووە، دوێنێ دوای کاتژمێر پێنجی ئێوارە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە ناردنی 441 ملیار دینار ئاگادارکراوەتەوە.
هاوکات، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک نووسیویەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان 35 رۆژ مووچەی مانگی 10 و 11ـی بە بارمتە گرت و دەیەوێت مووچەی مانگی 12 دابەش نەکات.
بەگوێرەی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو 441 ملیارەی دیکەی بۆ بێت و بیخاتە بری پڕکرنەوەی موچەی مانگی 10 و 11 و بڵێ بەغدا مووچەی مانگی 12ـی نەناردووە.
دەشڵێت، هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر داهاتی نەوت و ناوخۆدا گرتووە، وەزارەتی دارایی دەڵێ، بەناچاری لە داهاتی ناوخۆ تەواوکاریی مووچەی مانگی 10ـیان داوە.