زووم..
ئۆس سەلوم، ناسراو بە “ئیزرائیلەکەى سیدنایا” دەستگیرکرا و ژووری ئۆپراسیۆنەکانی سوریا دەڵێت، رێگری دەکەن لە ئازاردان و ئەشکەنجەدانی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سوریا، چەند وێنە و ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، کە تایبەتە بە دەستگیرکردنى ئۆس سەلوم، بەهۆى ئەوەى لە سەردەمى رژێمى بەشار ئەسەد سەرۆکى لەکارلادراوى سوریا، ئەشکەنجەى زۆرى زیندانییەکانى داوە، بە “ئیزرائیلەکەى سیدنایا” ناسراوە.
دواى بڵاوبوونەوەى وێنەو ڤیدیۆکانى ناوبراو، ژووری ئۆپراسیۆنەکانی سوریا دەستگیرکردنى سەلومى راگەیاند و جەختیشیکردەوە، رێگرى دەکەن لە دەستدرێژى و ئازاردانى.
بە گوێرەى ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى سوریا، دەستگیرکردنی سەلوم لە ئەنجامى گەڕان و پشکنین بووە بە دواى تۆمەتبارەکان، کە رۆژى پێنج شەممە لە حومس دەستگیرکراوە.
چەند رۆژێکە وەزارەتى ناوخۆى سوریا دەستى بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە، ئەوەش بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى لە سەردەمى رژێمى بەشار ئەسەد بەرپرسیارییان هەبووە.
زیندانى سیدنایا، یەکێک بوو لە گەورەترین زیندانییەکانى سوریا لە سەردەمى رژێمى بەشار ئەسەد، کە لەدواى رووخانى رژێمەکە چەندین چیرۆکى کاریگەرى لەبارەوە ئاشکرابوو.