رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف: حکومەتی بەریتانیا هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات کە بە شەوان و بەیانیانیان نەچنە دەرەوەدەزگای تەندروستیی بەریتانیا هۆشداریی بە هاوڵاتیانی خۆی داوە کە لە ئەمڕۆوە بەهۆی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرماوە بۆ ژێر سفر لەناو ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە، بەیانیان زوو، هەروەها شەوانیش نەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان. بۆ سەرگرتنی ئەو داواکارییەش داوای لێکردوون، کە خۆراکی پێویست بۆ ناو ماڵەکانی خۆیان دابینبکەن. چونکە ئەمڕۆ کەشەکەی هێندە سارد دەبێت ئەگەری مردنی بە سەرما دروستدەبێت. راگەیاندنێکی هاوبەش کە دەزگای تەندروستیی و ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی شانشینی یەکگرتوو بڵاویان کردۆتەوە داوا لە خەڵک دەکات ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە بوون و وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان هەیە، هەندێک دابین بکەن بۆئەوەی ئەگەر پێویستیان پێی هەبوو لەبەردەستیاندا هەبێت، جلی باشیش لەبەربکەن.
گاردیەن: چەند وەزیرێک بەرنامەیان هەیە گەورەترین گۆڕانکاری لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی خەڵکانی بەتەمەندا بکەن.
چەند وەزیرێک بەرنامەیەکی کارکردنیان داناوە گۆڕانکارییەکی سەربەخۆی مێژوویی لەناو کایەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی کەسانی بەتەمەندا بکەن. ئەم وەزیرانە بڕوایان وایە، کە ئەگەر لە ئاستێکی گشتیدا جموجوڵێکی باش بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام نەدرێت، ئەوا ئەستەمە ئیتر لەمەودوا کەسانی پێگەیشتوو بیریان لێ بکرێتەوە، کە ئەوانیش پێویستیان بە خزمەتکردن هەیە. بۆیە ئەوە شکستێکە لە سیستمی دابینکردنی کۆمەڵایەتیدا و دەبێت چارەسەر بکرێت. راگەیاندنێکی پارتی کرێکاران دەڵێت لویزە کەیزی راسپێردراوە بەرپرس بێت لە پەرەدان بە پلانەکانی بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزاریی دابینکردنێکی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی نیشتمانی.
تایمز: نەوەی نوێ خەون بە دامەزراندنێکی بەردەوامەوە دەبینن.
ئەو خەڵکە گەنجانەی کە تەمەنیان لە خواری ٢٧ ساڵەوەیە دەیانەوێت کە دەچنە هەر کۆمپانیایەک بۆ کارکردن ماوەیەکی زۆر لە کارەکەیاندا بمێننەوە. ئەم نەوەیە چاویان لەسەر ئەوەیە کاتی دەوامکردنیان لە شوێنی کارکردنەکەیاندا زۆر بخایەنێت، ئەو ساڵانەی ئەوان دەیانەوێت دوو هێندەی ئەو ساڵانی خزمەتکردنەیە، کە نەوەی پێش ئەوان دەیانویست لە کارەکانیاندا بەردەوامبن.
رێژەی ٧٥٪ــی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوانی ١٨ ساڵ و ٢٧ ساڵیدایە چاویان لەسەر ئەوەیە ماوەیەکی زیاتر لە کارەکانیاندا بمێننەوە. ئەمانە بڕوایان وایە، کە ئەگەر لە سەر کارەکانی خۆیان بەردەوام بن، دەتوانن پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ هاوکارەکانیاندا دروست بکەن، پسپۆری و شارەزاییەکانیان پتەوتر بکەن، ئەم دوو گۆڕانکارییەش کاریگەرییان لەسەر ئەزموونی کارکردنیان دەبێت. هەندێکیان چاویان لەسەر ئەوەیە کە جۆرێک لە ئارامگرتنیان لەسەر کارەکانیان بۆ دابینببێت، بۆیە حەزیان لەوەیە خاوەنکارەکانیان لەم ڕووەوە هاوکاریان بن.
عەرەب نیوز: دیداری ریاز چەند پێشنیارێک بۆ پشتیوانیکردن لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو سوریا دەخاتەپێشچاو
شازادە خالید بین سەلمان وەزیری بەرگریی سعوودیە دیدارێکی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای ئیدارە نوێیەکەی سوریادا هەبوو، ئەو دیدارە لە ئاستێکی باڵادا ئەنجامدراوە. گفتوگۆکان لەبارەی رەخساندنی هەلومەرجی گونجاوەوە بوون بۆ ئەوەی خەڵکی سوریا بتوانن ئارامی و ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان دابین بکەن و لەبارەی دەستتێوەردانە دەرەکییەکانیشەوە قسەیان هەبێت. ئەو وەزیرە گوتی گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی رەوشەکانی ناو سوریاوە کردووە. سعوودیە دەیەوێت هاوکاربێت لە چەسپاندنی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو سوریا بەوشێوەیەی بەرژەوەندیی خەڵكکی وڵاتەکەی تێدابێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو: لە شوباتدا پەکەکە چەک دادەنێت
حوسەین یەیمان پەڕلەمانتاری ئاک پارتی رایگەیاندووە بەگوێرەى ئەو گفتوگۆیانەى لەنێوان ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا هەیە چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی شوباتدا پەکەکە چەک دابنێت و بە تەواوی لە بەرامبەر تورکیا چالاکییەکانی بوەستێنێت.
ئەو پەڕلەمانتارە راشیگەیاندووە تورکیا هەنگاوی گرنگ دەنێت لەم پڕۆسەیەدا و داهاتوویەکی باشتر چاوەڕێی تورکیا دەکات.
جمهورییەت: رۆژى دوو شەممە دەم پارتی و جەهەپە کۆدەبنەوە
چاوەڕێ دەکرێت شاندی دەم پارتی لە رۆژى دووشەممە سەردانی ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە بکەن، سەردانەکە لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەى دیدارەکانە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان.
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاندووە پێویستە هیچ ئاکتۆرێک نەخرێتە دەرەوەی پڕۆسەکە. راشیگەیاندووە پێویستە بە وریاییەوە هەنگاو بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەکە بنرێت بە جۆرێک یەکپارچەیی خاکی تورکیای تیا پارێزراوبێت و رێز لە پێگە و خانەوادەى سەربازە کوژراوەکان بگیرێت.
میللییەت: لە ساڵێکدا 420 ژن کوژراون
ساڵی ٢٠٢٤، ساڵێکی رەش بوو بۆ رەوشی ژن لە تورکیا. لەماوەى ٣٦٥ رۆژدا ٤٢٠ ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان بەدەستی پیاو کوژراون.
هاوکات لە ساڵی پاردا، ٣٤٤ ژن بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. بکوژەکان پیاوان بوون و قوربانییەکانیش ژنان و مناڵان بوون.
یەنیچاخ: داودئۆغڵو: رەنگە سزای بەندکردنی ماڵیی بۆ ئۆجالان بێتەئاراوە
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە رایگەیاند پاڵپشتی لە دەستپێشکەرییەکانی باخچەلی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆسەیەکی نوێ بۆ برایەتی کورد و تورک، داودئۆغڵو رایگەیاندووە رەنگە سزای زیندانی ماڵیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بێتەئاراوە و چیتر تەواوی ژیانی لە ئیمڕاڵی بەسەر نەبات. ئەوەشی راگەیاندووە پشتگیریی لە گوتەکانی هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی دەکات بۆ پڕۆسەکە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: سعودیە: کاتى ئەوە هاتووە سوریا ئارام و سەقامگیربێت
سعودیە دەڵێت، ئیدى کاتى ئەوە هاتووە سوریا بەو گۆڕانکاریەی بەخۆیەوە بینی، ئارامى و سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتەى دەستەخوشکەى سعودییە بگەڕینرێتەوە.
ئەمانە گوتەى خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودییە، بوو کە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانى، وەزیری دەرەوەى ئیدارەی نوێی سوریادا کۆبووەوە.
بن سەلمان بە بەرپرسانى ئیدارەى نوێی سوریای گوت، ئەوان لەگەڵ یەکپارچەیی خاکى سوریا و سەقامگیریی ئەمنیی وڵاتەکەن، سعودییەش لەوپێناوە ئامادەی هەموو هاوکاریی و پشتیوانییەکیانە.
قودسی عەرەبی: لوبنان: ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانى ئاگربەست
هێزەکانى ئیسرائیل سەرەڕای ئاگربەستە ٦٠ رۆژییەکە، بەردەوامن لە کنەو پشکنین و بۆردومان و جموجۆڵی تانک و زرێپۆشەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانى لوبنان-ئیسرائیل.
سوپا دوێنێ و لە رۆژان رابردووشدا چەند ماڵێکى بە مووشەک کردووەتە ئاماننج و بە تانکى جۆری میرکافا لە بەیت لیف چەند مالیکی کردووەتە ئامانج، لە ناوچە سنوورییەکانى رامیا و قەوزەح، چەندین ماڵیان پشکنیوە و هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى ئیسرائیلیش بە بەردەوامى لە ناوچە سنوورییەکان دەسورێنەوە و ترس و نیگەرانیی زۆریان بۆ ناوچەکە دروستکردووە.
عەرەبی جەدید: ئیسرائیل بەنداوێکى گەورەى سوریای کۆنتڕۆڵکردووە
لەکاتێکدا ئیدارەى نویی سوریا سەقاڵی رێکخستنى کاروبارە ناوخۆییەکان و پێکهینانەوەى پەیوەندییە ئیقلمیی و نێوەدەوڵەتییەکانە و یەکەم سەردانی ئەم ئیدارەیە بە سعودییە دەستیپێکرد، لە هەمان کاتدا ئیسرائیل لە گوندەوارەکانى دیمەشق لە پێشڕەویدایەو لە گوندەوارەکای قونەیتەڕەش بۆردوماندەکات و گەورەترین بەنداوى لە باشووری ئەو وڵاتە و پارێزگاکە کۆنتڕۆڵکردووە.
دوو سەرچاوە لە پارێزگای قونەیتەڕەوە بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدیان گوتوە، ئەم هەنگاوەى ئیسرائیل گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئاوی سوریا دروستدەکات.
لە روخانى رژێمی رابردووشەوە لە ناوچەکە، کۆنترۆڵی چەندین و سەچاوەى ئاوی دیکەى ناوچە سنوورییەکانى کردووە.
عەرەب: تورکیا پارێزگاری لە هەر لایەنێک دەکات لە سوریا هەست بە مەترسیی بکات
تورکیا لەو پێشهاتانەی دۆخی عەلەوییەکانی سوریا نیگەرانە و ئەگەری ئاوارەبوون و پەنابردنیان بۆ تورکیا هەیە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا گوتبووی، تورکیا دەبێتە پارێزەری هەر لایەن و کەمینەیەک لە سوریای نویدا هەست بکەن مەترسییان لەسەر دروست دەبێت.
لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دەرگا بەڕووی تورکیادا دەکاتەوە، وەک پارێزەری کەمینەکان لە سوریا ببینرێت، لە وڵاتێکدا کە هێشتا ململانێی تائیفی لەنێوان کەمینە نەتەوەییەکان بەدیدەکرێت، ئەمەش دۆخێکی وا دێنێتەپێش، ئەنقەرە سودی لێ وەربگرێت بۆ بەهێزکردنی هەژموون و کاریگەری خۆی لەسەر سوریای نوێ.
تورکیا بە لێدوان و گفتوگۆکردن لەسەر کەمینەکان، رەوایەتی بەخۆی دەبەخشێت دەستێوەردان لە سوریا ئەنجامدات و رۆڵی سەرپەرشتیار ببینێت، بەگوتەى خۆیان ئەوان نیگەرانن لەوەی عەلەوییەکانی سەر بە بەشار ئەسەد، رووبەڕووی چارەنووسێک ببنەوە، پاڵیان پێێوەبنێت بۆ یاخیبوون، یان کۆچکردن و ئاوارەبوونیان بۆ تورکیا.