زووم..
پۆلیسی ویلایەتی باشووری کالیفۆرنیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بچووک خۆی کێشاوە بە سەربانی باڵەخانەیەکی بازرگانی لە باشووری کالیفۆرنیا، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 18ـی دیکەش برینداربوون.
بەپێی وتەی کریستی وێڵز، گوتەبێژی پۆلیسی فۆلەرتۆن، رووداوەکە کاتژمێر 2:09 لە شاری فۆلەرتۆن روویداوە و دواى رووداوەکەش، پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان کردووە بە کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ئاگرەى بەهۆى رووداوەکە کەوتووەتەوە، لەگەڵ چۆڵکردنی شوێنە بازرگانییەکانی نزیک رووداوەکە.
بە گوێرەى سەرچاوە ناوخۆییەکانى ئەمریکا، کە کەناڵى سکاى بڵاویکردووەتەوە، ئاگرەکە زیانی بە کۆگاکە گەیاندووە، کە ئامێری دروومان و قوماشی تێدا بووە.
وێڵز ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆى رووداوەکە 10 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و هەشت کەسی دیکەش لە شوێنی رووداوەکە چارەسەریان بۆ کراوە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس گیانلەدەستدانى دوو کەسیش پشتڕاستکراوەتەوە.
هەروەها رایگەیاندووە، هێشتا نازانرێت چ جۆرە فڕۆکەیەک بووە، دیاریش نییە قوربانییەکان لەناو فڕۆکەکەدا بوون یان لەسەر زەوی.