زووم..
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی 11ـی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەماوەی چوار رۆژدا، سەرجەم وەزارەتەکان مووچەکانیان وەردەگرن.
وەزارەتەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوە و دەڵێت، رۆژی یەکشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی چوارشەممە، پڕۆسەکە کۆتایی دێت.
بەگوێرەی لیستەکە، رۆژی یەکشەممە مووچەی خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکرێت و رۆژی دووشەمەش مووچەی وەزارەتی تەندروستی و دارایی و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دابەشدەکرێت.
هاوکات رۆژی سێشەممە مووچەی وەزارەتی پەروەردە و ناوخۆ و داد و ئەوقاف و شارەوانی و پلاندانان دابەشدەکرێت و رۆژی چوارشەممەش مووچەی سەرۆکایەتییەکان و ئاسایش و یەکەی 70 و 80 دابەشدەکرێت.
تائێستا بەغداد 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11 ناردووە و بەگوێرەی بەدواداچوونێکی زووم، هیچ ئومێدێک نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12.
وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ رایگەیاند، “ئەگەر عێراق 441 ملیار دینارەکە کە بڕیارى داوە بینرێت و بیخاتەسەر ئەو 631 ملیارەی پێشتر ناردوویەتی، سەرەتاى هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنى مووچەی مانگی 11 دەکەن.”
بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لە مانگی یەکی 2025 تێپەڕبووە و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەنها مووچەی مانگی 10ـیان وەرگرتووە.
هەروەها بەشێک لە خانەنشینانی هێزەکانی حەفتا تا ئێستا مووچەی مانگی 10یان وەرنەگرتووە و مووچەکانیان راگیراوە.