زووم..
وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان مەرجی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 هەیە و هیچ ئومێدێکیش بۆ مووچەی مانگی 12 نییە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ راگەیەنراوى دوور و درێژى لەبارەى مووچە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر عێراق 441 ملیار دینارەکە کە بڕیارى داوە بینرێت و بیخاتەسەر ئەو 631 ملیارەی پێشتر ناردوویەتی، سەرەتاى هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنى مووچەی مانگی 11 دەکەن.
هەرێمى کوردستان بۆ مووچە مانگانە پێویستی بە 996 ملیار هەیە، ئەگەر ئەوەى وەزارەتى دارایی داواى کردووە و بەغداد بینێرێت دەکاتە یەک ترلیۆن و 72 ملیار دینار، واتە زیاتر لە 75 ملیاری زیاترە لە پێوێستى بۆ مووچەی مانگی 11.
هەرچی پەیوەندی بە مووچەی مانگی 12ـەوە هەیە، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: لە هەوڵداین بۆ دابینکردنی مووچەکە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمى سویلەى نەقدییەوە دەیەوێت مووچەی مانگی 12 نەدات.
بەگوێرەی یاسای بودجە هێشتا نزیکەی 824 ملیار دینار لە پشکى هەرێم بۆ مووچە لای عێراق ماوە، بەڵام وەزارەتى دارایی هەرێم داهاتی شەش مانگی نەناردووە کە دەکاتە 840 ملیار دینار، ئەمەش کێشەى بۆ مووچە دروستکردووە.
پێدەچێت هەرێم لەوە دڵنیابووبێتەوە کە عێراق قەرزی ئەو شەش مانگە لەو بڕە پارەیە دەردەکات کە هەرێم ماویەتى، ئەگەوا وابێت هەرێم بۆ مانگی 12 تەنها بڕی 344 ملیار دینار لە بەغداد وەردەگرێت، هەربۆیە لە ئێستاوە دەڵێت ناتوانن مووچەی مانگی 12 دابەش بکەن.