زووم..
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای دانیشتنێکی نائاسایی دەکات، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان، بەپشتبەستن بە مادەی 58 ژمارە یەکی دەستوور و مادەی 34 ژمارە سێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی کۆمسیاران، لەسەر داوای ئەنجومەنەکە، داوا لە پەرلەمان دەکات، کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی یەکشەممەی داهاتوو دانیشتنی نائاسایی بکەن بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە.
رۆژی 7ـی مانگ کە دەکاتە سێشەممەی داهاتوو، ماوەی کۆمسیۆن بەسەردەچێت، ئەمە دەبێتە سێیەم جار کە تەمەنی درێژبکرێتەوە، ئەم هەنگاوە ئامادەکارییەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لەمساڵدا بەڕێوەبچێت.