زووم..
شاندی دەم پارتی لەگەڵ نوعمان کورتولوش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەپەهە کۆبوونەوە و دەڵێن، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تورکیا کۆدەبنەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش دەبەنەوە ئیمرالی.
دوای سەردانەکەیان لە 28ـی مانگی رابردوو بۆ لای عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی، ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە ئەحمەد تورک سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانی مێردین و پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەر پەرلەمانتارانی دەم پارتی، لەگەڵ هەریەک لە نوعمان کورتولوش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە سرری سورەیا ئەندامی شاندی ئیمراڵی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەن و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجالان بە هەموو لایەنەکان دەڵێن.
گوتیشی، گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان ئەرێنی بوون و هیوایان بە پرۆسەکە هەیە.
دواتر شاندەکەی دەم پارتی سەردانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەیان کرد و ناوەڕۆکی سەردانەکەی ئیمرالیان بە باخچەلی گەیاند.
هاوکات بڕیارە رۆژی دووشەممە، شاندەکەی دەم پارتی سەردانی ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی جەهەپە و بەرپرسانی ئاک پارتی و پارتەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی تورکیا بکەن.