زووم:
“تۆپی پێ بە تامی سیاسەت”.. ئەمشەو کاتژمێر 10:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی ئەمریکا و ئێران لە دوایین گەڕی یارییەکانی قۆناغی یەکەمی مۆندیالدا روبەڕوی یەکدی دەبنەوە.
کێبڕکێی وەرزشی
لە دیوە وەرزشییەکەیەوە، یارییەکەی ئەمریکا و ئێران چارەنوسسازە، هەردوولا کێبڕکێی سەخت دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بلیتی گەیشتن بە قۆناغی 16ی مۆندیال.
ئێران چانسی سەرکەوتنی زیاترە، بەوپێیەی خاوەنی سێ خاڵە و لە یارییەکەی ئەمشەودا تەنها یەک خاڵی بەسە بۆ ئەوەی سەربکەوێت بۆ قۆناغی دووەم (بەمەرجێک وێڵز لە ئینگلتەرا نەباتەوە)، واتە ئێران بە دوو ئەگەرەوە یاریدەکات: بردنەوە و یەکسانبوون.
هەرچی ئەمریکایە تەنها بە بردنەوە دەتوانێت گەیشتن بە قۆناغی 16 مسۆگەربکات.
مێژووی وەرزشی
ئەمە جاری دووەمە لە مێژووی مۆندیالدا، ئەمریکا و ئێران بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن. یەکەمجار لە مۆندیالی 1998ی فەرەنسا بوو، کە روبەڕوی یەکدی بوونەوە و یارییەکەش بە سەرکەوتنی ئێران 2-1 کۆتاییهات، بەڵام لەکۆتاییدا هەردووکیان لە قۆناغی یەکەمدا ماڵئاواییان کرد و لە گروپەکەدا ئەڵمانیا و یۆگۆسلاڤیا بلیتی سەرکەوتنیان بڕی.
یاریزانانی ئەمریکا و ئێران لە مۆندیالی 1998دا گوڵ پێشکەشی یەکدی دەکەن
ئەوکات سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا لە لێدوانێکی بەناوبانگیدا، یارییەکەی ئێرانی بە “دایکی یارییەکان” ناوبردوو.
بۆ یارییەکەی ئەمشەویش بەرپرسانی هەردوو وڵات کاردانەوەیان نواندووە، بۆنموونە ئالینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێڕاق لە تویتێکدا، دەڵێت “هەردوو تیپ لەپێناو گەلەکەیاندا یاری دەکەن.. ئەمشەو تەماشادەکەین کە چۆن وەرزش دەتوانێت سیاسەت تێبپەڕێنێت، خەڵک لەدەوری شتێکی ئەرێنی کۆبکاتەوە کە ئەویش خۆشەویستییە بۆ یاریی جوان”.
مباراة #كأس_العالم كبيرة الليلة: منتخب الولايات المتحدة الأمريكية ضد المنتخب الإيراني. في الوقت الذي سأشجع انا @USMNT، سيلعب كل فريق من أجل شعبه وتطلعاتهم. نشاهد الليلة كيف يمكن للرياضة أن تتجاوز السياسة وتوحد الناس حول شيء إيجابي وهو حب #اللعبة_الجميلة. #قطر2022
— Ambassador Alina L. Romanowski (@USAmbIraq) November 29, 2022
کێبڕکێی سیاسی
لە دیوە سیاسییەکەوە، ئێران و ئەمریکا لە 40 ساڵی رابردوودا بە دوو نەیاری سەرسەختی یەکدی دادەنرێن.
مێژووی زەقبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979 لە سەروبەندی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران، ئەوکاتەی 52 ئەمریکی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە تاران دەستبەسەرکران.
ناکۆکی و گرژیی نێوان هەردوو وڵات تاوەکو ئێستا درێژەی هەیە و چەندینجار گەیشتووەتە لوتکە، بەرپرسانی هەردوولا بە ئاشکرا تۆمەت ئاڕاستەی یەکدی دەکەن، بەتایبەت لە ئێستادا کە خۆپیشاندان و ناڕەزایی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە. ئەمە جگە لە ناکۆکییەکانیان لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و ناڕەزاییەکانی ئەمریکا لەبارەی هەوڵەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
نوکتەی عێراقی و یەمەنییەکان
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئەمریکا و ئێران شەڕی خۆیان بردووەتە نێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەریەکەیان بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆی، “چەند لایەنێکی دیاریکراویان پڕچەککردووە و پاڵپشتییان لێدەکەن”.
دووان لەو وڵاتانەی ناوچەکە، کە ئێران و ئەمریکا شەڕی بە وەکالەتی تێدا بەڕێوەدەبەن عێراق و یەمەنن.
پریشکی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەناوخۆی عێراق و یەمەندا بەڕوونی لەلایەن خەڵکەکەیەوە هەستی پێدەکرێت، هەربۆیە کاردانەوەی فراوان و تەنزئامێز دەنوێنن کاتێک دەبینن تیپی تۆپی پێی ئەو دوو وڵاتە لە مۆندیال و لەسەر یاریگەیەکی قەتەر روبەڕوی یەکدی دەبنەوە.
عێراقی و یەمەنییەکان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەمان نوکتە بڵاودەکەنەوە، عێراقییەکان دەڵێن “بۆیەکەمجار ئەمریکا و ئێران لە دەرەوەی خاکی عێراق یاری دەکەن”، یەمەنییەکانیش بەهەمانشێوە بەشێوەی تەنز دەنووسن “بۆیەکەمجار ئەمریکا و ئێران لە دەرەوەی خاکی یەمەن یاری دەکەن”.
مەبەستی ئەم نوکتەیەی عێراقی و یەمەنییەکان روونە، ئەوان دەیانەوێت بڵێن، “ساڵەهای ساڵە ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی وڵاتەکانمان جەنگی یەکدی دەکەن و ماڵوێرانییان هێناوە، ئەمە یەکەمجار شەڕی خۆیان دەبەنە وڵاتێکی دیکە”.
کاردانەوەی عێراقی و یەمەنییەکان لەبارەی یارییەکەی ئەمریکا و ئێران لە قەتەر
اول مباراة بين امريكا وايران خارج العراق
😂😂😂 pic.twitter.com/Bqq6iftJrC— 💡سونيا (@Gc7Sunia) November 29, 2022
اليوم مباراه #إيران و #أمريكا
اول مره يلعبوا خارج اليمن وتعليق يمني 😅معلق اللقاء اليمني حسن العيدروس#كاس_العالم_قطر2022 pic.twitter.com/7lhKuHwPL0
— هدهد سبأ (@Hadoid_1) November 29, 2022