یانەی نەورۆز دەیەوێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوام بێت و دوای بردنەوە لە دهۆک، ئەم هەفتەیەش لە یاریگای خۆی یاریی هەیە.
سبەینێ هەینی کاتژمێر دووى پاش نیوەڕۆ، یانەی نەورۆز لە یەکێک لە یارییەکانی هەفتەی ١٢ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، میوانداری دیالە دەکات.
بۆ ئەو یارییە نەورۆز دوایین ئامادەکارییەکانی بە سەرپەرشتی قەحتان جەسیر ئەنجامدا، بەڵام لە تواناکانی چوار یاریزانی بێبەش دەبێت.
هەریەک لە ئینتێرس گی و ئیفیانی ئیفیانی بە هۆی پێکان و عەباس یاسین بەهۆی کارتی سور و حاجی کانتێ دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بۆ ئەم یارییە یاری ناکەن.
لە دوای گۆڕینی راهێنەری تیپەکە یانەی نەورۆز ئەنجامەکانی بەرەو باشتر دەڕوات و لە سی یارییدا خاوەنی دوو بردنەوە و شکستێکە.
پێش ئەم یارییە نەورۆز بە ١١خاڵ لە پلەی ١٧ى ریزبەندییە بە سێ بردنەوە و دوو بەرامبەربوون و شەش شکست، دیالەش لە پلەی ١٩دایە بە چوار خاڵ، هیچ بردنەوەیەکی نیە و خاوەنی چوار بەرامبەر بوون و حەوت شکستە.