زووم..
ئەمریکا دەیان بارهەڵگر بەربەرستی کۆنکرێتی بۆ کۆبانێ نارد، روانگەی سوری دەڵێت، بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی بەکاریدەهێنێت.
بەگوێرەی زوومی رۆژاڤا، جگە لەو کاروانە، کاروانێکی دیکەی سەربازی کە لە چەندین بارهەڵگر پێکهاتووە لە رێگەی حەسەکە – رەقەوە بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتووە.
دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات یاوەریی بارهەڵگرەکانی ئەمریکا دەکەن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ژمارەیەک بارهەڵگری ئەمریکا و هاوپەیمانان گەیشتوونەتە کۆبانێ، کامێرای چاودێریی و ئامێری هەڵکەندنی خەندەق و بەربەرستی کۆنکرێتی و تانکەری سوتەمەنییان پێبووە.
ناردنی ئەو بارهەڵگرانە بەگوێرەی روانگە، بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازییە لەناوچەکە، بڕیارە دواتریش سەرباز و تانک و زرێپۆش و چەک و تەقەمەنی و رادار و دژەفڕۆکە و چەکی دیکە رەوانەی کۆبانێ بکرێت،.
رۆژی 24ـی مانگی رابردوو ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی هاوپەیمانان گەیشتنە کۆبانێ و لە باڵخانەیەکی شارەکە جێگیرکران کە ئەرکیان سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆکانی نێوەندگیری نێوان هێزەکانی سوریای دیمورکرات و تورکیا بوو بۆ راگرتنی گرژییەکانی سنوری کۆبانێ.