زووم..
هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو زانیارییانە بڵاوکردەوە کە روانگەی سوری لەسەر کوژرانی سێ ئەندامی خێزانێک رایگەیاندووە و دەڵێت، روانگە هەوڵ بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانی بەکرێگیراوانی تورکیا دەدات.
هەسەدە دەڵێت، 10 رۆژ پێش ئێستا هێزەکانیان چوونەتە گوندی قشلە لە باشووری رۆژهەڵاتی مەنبج، لە چەکدارانی بەکرێگیراوی تورکیا پاکیان کردووەتەوە، لەو کاتەدا تەرمی سێ هاووڵاتیی مەدەنییان بە ناوەکانی محەمەد خەلیل ئەیوب و هاوسەرەکەی و سولەیمانی کوڕی دۆزیوەتەوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە بە دەستی بەکرێگیراوانی تورکیا کوژراون دوای ئەوەی رێگرییان کردووە لەوەی ماڵ و موڵکیان تاڵان بکەن، ئەمە یەکێکە لەو دەیان تاوانەی بەدرێژایی ئەم چەند رۆژەی رابردوو گرووپەکانی سەر بە تورکیا لە مەنبج ئەنجامیان داوە.
هەسەدە دەڵێت، ئەو زانیارییانەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی دەکاتەوە پێشتر و ئێستاش یارمەتی تاوانبارە راستەقینەکانی داوە لە پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان، هێشتا گرووپەکانی نزیک تورکیا لە عەفرین و مەنبج و ناوچەکانی دیکە لە ئەنجامدانی تاوانەکانیان بەردەوامن.