زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
نوێنەری بۆکان لە پەرلەمان دەڵێت پزشکیان بەرپرس نییە لە کێشەکان
محەمەد قاسم عوسمانی، نوێنەری شاری بۆکان لە پەرلەمان دەڵێت، بەشێک لە گرووپە توندڕەوەکان بە وروژاندنی پرسەکانی حیجاب و فلتەرکردن و دانوستان و لێپێچینەوە لە وەزیرەکان، هەوڵی لەناوبردنی حکومەتی پزشکیان دەدەن، ئامانجیان دروستکردنی کێشەیە بۆ حکومەتەکەی.
قەسیم عوسمانی دەڵێت، لێپێچینەوە لە وەزیرەکان نالۆژیکی و سیاسییە، چونکە کێشە ئابوورییەکان و نەبوونی کارەبا و سووتەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتەکانی رابردوو، حکومەتی پزشکیان هیچ رۆڵێکی نەبووە لە دروستکردنیان.
ئەبرار
کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی “ئێران خودرۆ” پلانی گەشەپێدان لە کرماشان جێبەجێ دەکات
مەنوچێهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی ئێران خودرۆ، رەزامەندی داوە لە جێبەجێکردنی پلانی گەشەپێدان بۆ پیشەسازییەکانی پەیوەست بەم کۆمپانیایه لە کرماشان.
حەبیبی دەڵێت کۆمپانیای ئێران خودرۆ بڕیاری داوە بە پەرەپێدانی کەرەستەی ئۆتۆمێل لەو پارێزگایه، هەوڵدەدات توانای بەرهەمهێنان و دامەزراندن لەو کەرتانەدا زیاد بکات.
بۆ ئەو مەبەستەش زەوی بۆ دروستکردنی ناوچەی بەرهەمهێنانی نوێ لە کرماشان دیاریکرا.
ئارمانی میللی
هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی لە ورمێ زیادیکردووە
پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینییەوە، پێویستی بە گرنگیدان بە یەکسانی لە نێوان هەموو نەتەوە و ئایینەکان هەیە.
لەم پارێزگایەدا بەهۆی نەبوونی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری، کێشەکانی وەک هەڵاوسانی زیاتر لە رێژەی نیشتمانی، زۆربوونی ئاستی بێکاری و بێبایەخکردنی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی متمانەی گشتی و ناڕازیبوونی خەڵک و ئەم هەڵاواردنەش بەردەوام گەشە دەکات.
ئەم پرسانە لەگەڵ گرفتە ژینگەییەکانی وەک وشکەساڵی و سیاسەتی هەڵە، قەیرانیان دروست کردووە، گوزەرانی خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە.
کەیهان
لەدایکبوون لە ئێران 91% کەمیکردووە
بەرپرسی مەڵبەندی نەتەوەیی لاوانی ئێران رایگەیاند، رێژەی لەدایکبوون لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا لە ٧ منداڵەوە بۆ کەمتر لە یەک منداڵ دابەزیوە.
بەم رەوتە، دانیشتووانی ئێران لە ساڵی ٢٠٣٠دا دەگاتە لوتکە و دوای ئەوە ژمارەی دانیشتوان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
دابەزینی رێژەی لەدایکبوون وایکردووە بەشێک لە پزیشکانی ژنان روو لە بواری جوانکاری بکەن و ئەوەش زۆر جار کێشەی تەندروستی و سکاڵای دژی پزیشکان لێدەکەوێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
بکوژەکەی نیوئۆرلیانز ئاڵای داعشی بەرزکردووەتەوە
ئەو کەسەی بە ئۆتۆمبێلێکەوە خۆی کرد بە نێو ئاهەنگێکی قەرەباڵەغی ساڵی نوێدا، جەنگاوەرێکی دێرینی سوپای ئەمریکا بووە، ئێف بی ئای پێیوایە، بە تەنها خۆی ئەو کارەی نەکردووە.
دوێنێ لە ویلایەتی نیو ئۆرلیانزی ئەمریکی، چەکدارێک خۆی کرد بە نێو ئاهەنگگێڕانی ساڵی نوێدا، ١٠ کەسی کوشت و سی و پێنج کەسی تریشی بریندار کرد.
ئەم کەسە ئاڵای داعشی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هەڵواسیبوو، ئۆتۆمبێلەکەی فۆردێکی سپیی بەرز بووە، لە ناو شاری لویزیانا بە شەقامی بۆربەن ستریتدا چووەتە خوارەوە، لە نزیکی قەرەباڵەغییەکە ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە و دەستی کردووە بە تەقەکردن لە کارمەندانی پۆلیس.
دەیلی تەلەگراف
ئەوەی گومانی قاچاخچێتی لەسەر بێت تەلەفۆنی لێ قەدەغە دەکرێت
ئەوکەسانەی لە بەریتانیادا گومانیان لەسەرە قاچاخچی بن، بەکارهێنانی تەلەفۆنیان لێ قەدەغە دەکرێت، بۆئەوەی رێگرییان لێبکرێت لەوەی خەڵکانی تر بە قاچاخی بگوازنەوە.
رێوشوێنی نوێ هەیە لە دژی قاچاخچییەکان بگیرێنەبەر، هاوشێوەی رێوشوێنەکانی تایبەت بە تیرۆرن.
لێکۆڵەرانی دەزگای تاوانی نیشتمانی و پۆلیس و هێزەکانی پاسەوانی و پاراستنی سنوور دەتوانن خۆیان بڕیاری کاتی دەربکەن بۆ قەدەغەکردنی هەر تەلەفۆنێک لەو گومانلێکراوانەی خەڵک بە رێگای قاچاخ دەبەنە بەریتانیاوە. ئەگەر کەسەکان بەڵگەی تەواویش لەسەر تێوەگلانیان لەبەردەستدا نەبێت دەتوانرێت ئەم رێوشوێنەیان لەدژ بەکاربهێنرێت.
گەڵف نیوز
دوبەی پلاستیکی سەفەری بۆ خواردن و خواردنەوە قەدەغە دەکات
دوبەی بە شێوەی فەرمی قەدەغەی خستە سەر بەکارهێنانی هەموو ئەو پلاستیکە سەفەرییانەی بۆ یەکجار بەکاردهێنرێن.
ئەم بڕیارە پەرداخ و قەسەب و قاپی سەفەری دەگرێتەوە، نابێت هیچ بەرهەمێکی خۆراکی لەنێو کەرەستەی پلاستیکیدا پێشکەش بکرێت.
ئەم بڕیارەی ئەو شارە بەشێکە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مادەی پلاستیکی و فرێدانی بۆ نێو ژینگە.
سیدنی مۆرنینگ هیراڵد
لە هەڵبژاردنی ئوستراڵیا تەندروستی پرسی سەرەکی دەبێت
ئەنتۆنی ئەلبانییز سەرەکوەزیرانی ئوستراڵیا کەوتووەتە ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری و چاکسازی لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی، وەک نۆڕینگە تایبەتەکان و نەخۆشخانەکان و شوێنی کارکردنی پزیشکە گشتییەکاندا.
دەیەوێت باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بکات بە بابەتێکی سەرەکی لە پێشنیازی باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی هاووڵاتیان، بۆ هەڵبژاردنە فیدراڵییەکانی داهاتوو کاری لەسەر بکات.
پارتی کار شەڕ لەسەر ئەوە دەکات رێژەی دەنگەکانی بەرزبکاتەوە، بۆیە لە ئێستاوە لە حکومەتەوە دەستیکردووە بە چاکسازی.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
چارەنووسی تاوانبارانى 11ـی سێبتەمبەر ئەمریکییەکانی دابەشکردووە
دادگاى پێداچوونەوەى سەربازیی ئەمریکا بڕیارێکى لەدژى وەزیری بەرگریی دەرکردووە، کە داوای کردبوو بڕیاری دانپێدانان بە وردەکاریی تاوانى هێرشکردنە سەر تاوەرى بازرگانى جیهانى ئەمریکا لە ساڵی 2001 لە لایەن ئەنجامدەرانییەوە بەسە بۆ ئەوەى سزاى لە سێدارەدانیان هەڵبوەشێتەوە.
تاوانباران بریتین لە خالد شێخ محەمەد، وەلید بن عەتاش مستەفا هوساویی.
دادگاکە رایگەیاندووە دادوەری رێگا راستەکەى گرتووەتەبەر، ئەو رێککەوتنەى لەگەڵ تاونباران کردویەتی، کە ئەگەر دان بە تاوانەکانیاندا بنێن ئەوا لە سزاى لەسێدارەدان دەربازیان دەبێت، بەڵام دواى دوو ساڵ لە دانوستان لەو بارەیەوە هێشتا نەگەشتوونەتە ئەنجام، ژمارەیەکى زۆریش لە یاساناس و پارێزەرانى ئەمریکاش داوایان لە دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەیان کردووە لەبارەى ئەو ئەشکەنجانەى لە زیندانى گوانتانامۆی ئەنجامیان داوە داواى لێبوردن بکەن.
مەدا
سودانى دۆسیەى غاز و گۆڕانکارییەکانى سوریا دەباتە تاران
هەرچەندە بڕیار بوو سێشەممەى پێشوو محەمەد شیاع سودانى سەردانى تاران بکات، بەڵام بە هۆکارێکى نادیار سەردانەکەى دواخرا، ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاندووە کۆتایی هەفتەى داهاتوو سودانى سەردانى تاران دەکات.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، ئامانج لە سەردانەکە تاوتوێکردنى دۆخی سوریایە، ئێران و هاوپەیمانەکانى داوا دەکەن عێراق پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریادا ئاسایی نەکەنەوە.
نورى مالیکی رایگەیاندووە گۆڕانکارییەکانى سوریا گۆڕانکاریی لە عێراقیش دێنێتە ئاراوە، بەڵام نەک بەو خێراییەکەى کە لە سوریا روویدا.
رۆژى دووشەممەى پێشوو فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق دواى ئەنجامدانى گفتوگۆیەکى تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا سورییەکەى ئەسعەد شەیبانى رایگەیاندووە سەرجەم نێردە دبلۆماسییەکانیان دەنێرنەوە سوریا.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە جگە لە دۆسیەى سوریا بابەتى هەناردەکردنى غاز بۆ ئێران تاوتوێ دەکەن.
عەرەبی جەدید
دروزییەکان و کورد دوو دۆسیەى قورسن بۆ ئیدارەى سوریا
ترسی تێکچوونى ئاسایشى پارێزگاى سوەیدا کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى دروزین لەگەڵ ئەو پارێزگایانەى کە کوردن دوو دۆسیەى هەستیار و گرنگی بەردەم ئیدارە نوێیەکەى سوریان، رەنگە چارەسەرکردنیان هەروا ئاسان نەبێت، لەبەر ئەوەى کوردەکان لە 2011 ـەوە ناوچەکانى خۆیان بەدەستەوەیە و هێزێکی چەکداری زۆریان هەیە.
بەشێکى زۆری نەوتى وڵاتەکەیان لەژێدەستدایە، دورزییەکانیش لە دواى گۆڕانکارییەکانى سوریا گروپى چەکداری زۆریان دروستکردووە، بەرگریی لە پارێزگاکەیان و ئەو بەرپرسانەى پێشوو دەکەن کە پشتیوانییان لە دەسەڵاتى ئەسەد کردووە.
زۆرینەى بەرپرسانى پارێزگاکەش لە خۆیانن، دانانى مورهیف ئەبو قەسرە بە وەزیری بەرگریی گومان لەسەر ئەو بەڵێنانە دروستدەکات کە ئیدارەى نوێی سوریا پێی داون لەبەر ئەوەى متمانەیان پێی نییە، گومان لەوە دەکەن بە هۆی ناکۆکیی ئاینییەوە بیەوێت کێشەیان بۆ دروستبکات و بەهۆی هەبوونى چەکێکى زۆرى کۆنترۆڵ نەکراو لە پارێزگاکەدا کێشەى ئەمنى بێتە ئاراوە.
قودسى عەرەبی
16 هەزار روفات لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانى حەلەبدان
وەزیری ناوخۆی حکومەتە کاتییەکەى سوریا رایگەیاند گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە حەلەب دۆزیوەتەوە کە هەزاران روفاتى تێدایە.
ئەحمەد لەتوف بەڕێوەبەرى گشتىی پۆلیسی پارێزگاری حەلەب رایگەیاندووە سەردانى گۆڕەبەکۆمەڵەکەیان کردووە، دواى گرتنەبەری رێککارەکان پشکنینى دی ئێن ئەی یان بۆ دەکەن بە مەبەستى ناسینەوەیان، تیمێکیان لەوبارەیەوە پێکهێناوە.
سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سێ شوێنى جیاواز لە پارێزگاى حەلەب هەن، لە ناوچەکانى خان عەسەل وگەرەکى حەلەبی نوێ و نەقارین.
رۆژنامە تورکییەکان
حوریەت
روسیا تاکە رێگەی تورکیایە کە گازی سروشتی بۆ ئەوروپا بنێرێت
دوای ئەوەی ئۆکراین رێگەی گواستنەوەی گازی سروشتی رووسیای بۆ ئەوروپا بڕی، روسیا تاکە رێگەی تورکیایە گازی سروشتی بە رێڕەوی ئازەربایجان و ئێراندا بیگەیەنێتە ئەوروپا.
تورکیا لەرێگەی هێڵی تەوژمی شین و تەوژمی تورکیەوە، گازی سروشتی لە روسیا دەکڕێت، ئێستا ئەم گازە سروشتیە دەنێرێتە بولگاریا، هەنگاریا، مالدۆڤا و رۆمانیا، ئەگەر توانای ئەم بۆریانە باشتر بکرێت، تورکیا دەتوانێت گازی سروشتیی زیاتر رەوانەی ئەوروپا بکات.
سۆزجو
ئاپۆ بەنیازە نزیکەی 5000 ئەندامی پەکەکە بگەڕێنێتەوە
یەکێک لە پەیامەکانی ئیمرالی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کادرانی باڵای پارتی کرێکاران، بە بێ مەرج لێخۆشبوونیان بۆ دەرچێت، بتوانن بگەڕێنەوە نێوخۆی وڵات، ئەمە لەکاتێکدایە ئەوەی دەبینرێت، گوتراوە تاکە رێگەی لێخۆشبوون، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و فڕێدانی چەکە.
دوو تێڕوانین هەن کە لەگەڵ یەکدا ناکۆکن، ئێستا لە ئەنقەرە ئەم مشتومڕانە باسیان لێوەدەکرێت، ئەوانە هەندێکیان بیر لە یاسا کۆنەکە دەکەنەوە لەژێر ناوی گەڕانەوە بۆ ماڵ کە زۆرێکیان لێی سودمەند بوون، ئەوانەی دژی دەوەستنەوە دەڵێن مێژووی تاڵمان نابێت دوبارە بێتەوە.
جمهوریەت
تێڕوانینی ئابووری بۆ 2025 لە تورکیا هیچ باش نییە
بێگومان یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کێشەی ئابووری و نادادپەروەرییە، کە زیادیان کردووە. وەزیری پەروەردە بە تەواوی دژی عەلمانیەت وەستاوەتەوە.
هەرچی لە سیاسەتیشدایە بیرمان دەهینێتەوە، ئەوەیە هەنگاوەکان بە ئاراستەیەن هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، ئەردۆغان تا مردن لەسەر حوکم دەبێت.
تورکیا
چاو لە گۆڕانکارییەکانی کابینەی حکومەتن
بڕیارە کابینەی حکومەت بگۆڕێت، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانە دەبێت کە ئاکپارتی بەنیازە بیکات.
ئێستا باس لەوە ناکرێت کام ناوانە دەڕۆن، بەڵکو سەرنج لەسەر شوێنی ئەوانەیە مانەوەیان لەسەر کورسییەکانیان مسۆگەرە، بۆ نمونە وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە، وەزیری دارای.