زووم..
لە ئاسمان و زەوییەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانان سەرباز و چەک و تەقەمەنی زیاتر بۆ رۆژاڤای کوردستان دەنێرن و تەنها لە مانگی رابردوودا لەڕێگەی ئاسمانەوە 14 فڕۆکەی بارهەڵگر و لەڕێگەی زەمینییەوە 233 بارهەڵگریان رەوانەی رۆژاڤا کردووە.
لەدوای کەوتنی رژێمی ئەسەدەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ڕێگەی فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازییەوە بەردەوامن لە ناردنی سەرباز و چەک و تەقەمەنی و پێداویستی لۆجستی بۆ بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکانی رۆژاڤا.
روانگەی سوری دەڵێت، لە دوا رۆژەکانی ساڵی 2024ـد١ فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکا کە پڕ بووە لە سەرباز و چەک و تەمەنی و پێداویستیی لۆجستی، گەیشتووەتە رۆژاڤا، ئەوەش بە چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی 55 بارهەڵگری پڕ چەک و تەقەمەنی هاوپەیمانان بووە کە لەڕێگەی دەروازەی وەلیدی سنوری نێوان عێراق و سوریاوە بۆ رۆژاڤا نێردراون.
بەهەمانشێوە دوو رۆژ لەمەوبەر دوو فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی، سەرباز و کەرەستەی سەربازییان گەیاندووەتە رۆژاڤا، فڕۆکەیەکیان لە بنکەی سەربازیی خەراب جیری رمێلانی باکووری حەسەکە، ئەوەی دیکەشیان لە بنکەی سەربازیی شەدادی حەسەکە نیشتووەتەوە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا لە دەروازەی سیمێڵکای هەرێمی کوردستانەوە، هاوپەیمانان، بە 50 بارهەڵگر، زرێپۆش و کەرەستەی سەبازیی ناردە بنەکەکانی لە رۆژاڤا.
روانگەی سوری دەڵێت، تەنها لە مانگی رابردوودا ئەمریکاو هاوپەیمانان لەڕێگەی ئاسمانەوە 14 فڕۆکەی بارهەڵگر و لەڕێگەی زەمینییەوە 233 بارهەڵگر کە سەرباز و تانک و زرێپۆش و چەک و تەقەمەنیان تێدا بووە گەیاندوەتە بنکە سەربازییەکایان لە ناوچەکانی رۆژاڤای کوردستان.
ئەمریکا، تەنها یارمەتیی سەربازیی نەناردووە بۆ رۆژاڤا، بەڵکو ژمارەی سەربازەکانیشی لە سوریا زیادکردووە. بەگوێرەی ئاماری پێنتاگۆن، ئێستا نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکا لە سوریا و رۆژاڤای کوردستانن، بەڵام میدیای ئەمریکی دەڵێت، ژمارەکە لەوە زیاترە.
سەرباری ئەوەش، بوونی سەربازیی لە کۆبانێ، باکووری رەقە و دێرەزوور زیاتر کردووە، ئەو ناوچانەی هەڕەشەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان و هەروەها داعشیان لەسەرە. لە کۆبانێ، ئەمریکا هێزی لە دامەزراوە فەرمییەکانی خۆسەری دیموکراتی جێگیرکرد و ئاڵای ئەمریکاشی هەڵکرد.