زووم..
سەرۆکی شارەوانی نیو ئۆرلیەنز و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لێدوانی پێچەوانە سەبارەت بە رووداوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە دەدەن.
بەپێی ماڵپەڕی سکای نیوزی بەریتانی، لاتۆیا کانترێل سەرۆکی شارەوانی نیو ئۆرلینز رووداوەکەی بە “هێرشێکی تیرۆریستی” وەسفکردووە، بەڵام دواتر ئێف بی ئای رایگەیاندووە، ”رووداوێکی تیرۆریستی نییە'”.
هاوکات کەناڵی سی بی ئێس نیوز روونیکردەوە، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بە رووداوەکە کردووە وەک “هێرشێکی تیرۆریستی، بەڵام بەرپرسێکی ئێف بئ ئای ئەوەی رەتکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو کەسە نەداوە، کە بارهەڵگرەکەی لێخوڕیوە.
لای خۆیەوە جێف لاندری حاکمی ویلایەتی لویزیانا رووداوەکەی بە “کردەوەیەکی ترسناک و توندوتیژ” وەسف کرد. لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆ، کە یەکەم رۆژی ساڵی نوێیە لە یەکتربڕینی بەناوبانگی شەقامی کەناڵ و بۆربۆن لە شاری نیو ئۆرلینز، بارهەڵگرێک خۆی کرد بە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا و بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکەش برینداربوون.
پێشتر کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری شایەتحاڵەکانەوە بڵاویکردەوە، بارهەڵگرەکە، بە خێراییەکی زۆرەوە خۆی بە خەڵکدا کێشاوە، دواتر شۆفێرەکە دابەزیوە و دەستیکردووە بە تەقەکردن، پۆلیسیش بە تەقەکردن وەڵامی داوەتەوە.
رووداوەکە پێش کۆتایی هاتنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ روویداوە، کە قەرەباڵغییەکی زۆر لەو ناوچەیە هەبووە.