زووم..
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ئاهەنگی شەوی سەری ساڵدا لەتەواوی ناوچەکانی عێراق نزیکەی 600 کەس بریندار بوون.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە زوومی گوت، لە ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ لە پارێزگا و ناوچەکانی عێراق بەهۆی هەڵدانی یارییە ئاگرینەکانەوە 143 کەس بریندار بوون و زۆرینەی بریندارەکانیش لە بەغدادی پایتەخت بوون، هەندێک لە بریندارەکانیش دۆخی تەندروستیان خراپە و لە چاودێری چڕ چارەسەر وەردەگرن.
دەشڵێت، هەر لە شەوی سەری ساڵدا 40 هاووڵاتی بەهۆی تەقەکردنی هاووڵاتیانەوە بریندار بوون و 203 کەسی دیکەش بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە بریندار بوون، 178 کەسی دیکەش بەهۆی رووداوی جۆراوجۆرەوە بریندار بوون.
گوتەبێژی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە و ئەو بریندارانەشی دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە بەردەوام چارەسەریان بۆ دەکرێت.