زووم..
ئاسایشی سلێمانی چەند دامەزراوەیەکی فەرهەنگی و میدیایی پەکەکەی لە شاری سلێمانی داخست.
دوێنێ لە کۆتا رۆژەکانی ساڵی 2024، لە کاتێکدا خەڵکی سەرگەرمی ئاهەنگەکانی کۆتا رۆژی ساڵ بوون، هێزەکانی ئاسایش چوونە سەر بارەگای چەند رێکخراو و دامەزراوەیەکی پەکەکە لە شاری سلێمانی.
سەرەتا ئاسایش بارەگای رێکخراوی ژنانی ئازادی داخستووە، کە بەگوێرەی ئاژانسی هاوار، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و فەرمانی دادوەر، بارەگاکەیان داخستووە، لافیتە و ناونیشانی رێکخراوەکەیان دڕاندووە.
دواتر چوونەتە سەر دوو کۆمپانیای دیکەی بەرهەمهێنانی میدیایی.
هەروەها هەڵەمەتەکەی ئاسایش بارەگای کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان گرتووەتەوە، کە کاری بەرهەمهێنانی میدیایی بۆ کەناڵی ژن تیڤی کردووە.
هەر لەم بارەیەوە کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە چوارچێوەی بڕیارێکی هاوبەشی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی، بێ هیچ نووسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوەیەک کارەکانیان راگیراوە.
کۆمپانیاکە پێیوایە، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و داگیرکەراندایە، لە هەرێمێکی سەربەخۆی کوردستانیدا کە ماوەی 33 ساڵە فەرمانڕەوایی کوردیی تیایدا بەڕێوە دەچێت، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیایەکی میدیای دەدرێت.