زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
ساڵی 2024 ساڵی پشێوی بوو
ساڵی 2024 ساڵێکی پڕ لە گۆڕانکاری بوو.
شەڕی ئێران و ئیسرائیل بۆ یەکەمجار چەندین هێرشی راستەوخۆی لێکەوتەوە، حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دوای 50 ساڵ رووخا و پێشهاتەکانی ناوچەکەی گەیاندە قۆناغێکی نوێ.
هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ درا، بەڵام گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی گۆڕانکاریی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد و بەڵێنی دا باجی بازرگانی نوێ لە دژی چین و بسەپێنێت کە پێدەچێت سووتەمەنی شەڕێکی بازرگانی نوێ بێت.
بۆ یەکەمجار هێزەکانی ئۆکراین بەشێک لە خاکی روسیایان داگیرکرد. هەروەها ئەڵمانیا و فەرەنسا تووشی پاشەکشەی ئابووری و قەیرانی سیاسی بوون کە بووە هۆی داڕمانی حکومەتەکانیان.
ئەم پێشهاتانە ئەوە پیشان دەدەن کە ساڵی 2025 گرژییە بەردەوامەکان و شەڕی بازرگانی و گۆڕانکاری لە نەزمی نێودەوڵەتیدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە کاریگەریی دوور مەودای لەسەر جیهان دەبێت.
ئەبراری ئیقتسادی
یارمەتی نەختینەیی 25 ملیۆن ئێرانی دەبڕدرێت
حەسەن نەورۆزی، سەرپەرشتیاری رێکخراوی جێبەجێکردنی یارمەتییەکانی مانگانەی حکومەت بۆ خەڵک رایگەیاند، پلانی لابردنی یارمەتیی نەختینەیی هەندێک له خەڵک جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو بڕیاره نوێیەی کە لە پارلەمانی ئێران پەسەندکراوە، هاوکاریی نەختینەیی چینی مامناوەند تا دەوڵەمەند لادەبرێت، کە نزیکەی 25 ملیۆن و 500 هەزار کەس واتە 33٪ی دانیشتوانی ئێران دەگرێتەوە.
ئەم گۆڕانکاریانە بڕیارە ببێتە هۆی پاڵپشتی لە چینە کەمداهاتەکان.
هەروەها هەندێک کەس مانگی رابردوو یارمەتییان وەرنەگرتووە، ئەمەش پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکانی ئەم بڕیارەوە هەیە.
لە رابردووا بڕی یارمەتییەکە 40 دۆلار بوو بەڵام ئێستا تەنها مانگانە پێنج دۆلارە.
ئارمانی مللی
تەمەنی سەربەخۆیی گەنجان دواکەوتووە
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە پیاوان و ژنانی ئێرانی لە کۆتاییەکانی دەیەی سێهەمی ژیانیان هاوسەرگیری دەکەن.
لە ئێران زیاتر لە 21 میلیۆن گەنج لە تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵیدا هەن بەڵام رۆڵی ئەم گەنجانە لە هەندێک لایەنی گرنگی گەشەپێدان، وەک ئابووری و دامەزراوەی خێزان، لاوازە.
دواکەوتنی تەمەنی سەربەخۆیی گەنجان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە سیستەمی پەروەردەیی، دامەزراوەی خێزان، سیستەمی یاسایی، بازاڕی کار.
پەروەردەی ئێستا زیاتر سەرنج دەخاتە سەر سەرکەوتنی ئەکادیمی و بڕوانامە، بەڵام کەمتر گرنگی بە لێهاتوویی کار و سەربەخۆیی ئابووری دەدرێت.
هەروەها ماوەی درێژخایەنی خوێندن و نەبوونی نەرمی لە بەرنامەکانی خوێندندا وا دەکات گەنجان نەتوانن شانبەشانی خوێندنیان هەلی کارێکی جێگیریان هەبێت.
ئەم هۆکارانە سەربەخۆیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەنجان دوادەخەن و بەشداریی چالاکانەیان لە بوارە جیاجیاکاندا کەم دەکەنەوە.
باختەر
13 کەوی کێوی لە ماڵی راوچییەک لە کرماشان دۆزرانەوە
بەرپرسی ژینگەپارێزیی کرماشان رایگەیاند کە 13 کەوی کێوی لە ماڵی راوچییەک دۆزرانەوە و دەستیان بەسەردا گیرا.
محەممەد حسێن فەلاحەتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیرنا گوتی، ئەم راوچییە کە سەرقاڵی کڕین و فرۆشتن و بەخێوکردنی باڵندەی کێوی بووە، بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکرا. لە کاتی پشکنینی ماڵی ئەم کەسەدا، 13 کەو لە قەفەسدا دۆزرانەوە”.
بە گوێرەی یاسا، هەر جۆرە راوکردن، گرتنی زیندوو، کڕین، فرۆشتن، گواستنەوە، یان ڕاگرتنی ئاژەڵە کێوییەکان بەبێ مۆڵەت بە تاوان دادەنرێت و سەرپێچیکارانیش بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
دۆسیەی راوچییەکە رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراوە بۆ لێکۆڵینەوەی یاسایی، کەوەکانیش ئازاد دەکرێن بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتیی خۆیان.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
وەزیری بەرگری حکومەتی راگوزەری سوریا دەڵێت، دەبێت هەسەدە بێتە ژێرباڵی دەوڵەت
لە بەیاننامەیەکدا ئیدارەى نوێی سوریا بڵاویکردەوە، ئەبوحەسەن حەموودی کە ناوەڕاستەقینەکەى مورهیف ئەبوقەسرەیە دەکەنە وەزیری بەرگریی و بۆ ئەو مەبەستەش دوو رۆژ پێش لەو بڕیارە پلەکەى بەرزکراوەتەوە بۆ لیوا.
هەرچەندە ئەو ئەندازیاری کشوکاڵە و تەمەنى 41 ساڵە و ماوەى پێنج ساڵیشە سەرکردەیەکى سەربازیی دیارى بەرەى تەحریری شامە، بەڵام بۆ وەزیری بەرگریی شیاوە، ئەبوقەسرە لە چاوپێکەوتنێکى پێشوویدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵی فەرەنسا رایگەیاندووە، پێویستە هێزى سەربازیی سوریا بونیادبنرێتەوە و سەرجەم هێزەکان بە بەرەى تەحریریشەوە بچنە ژێرباڵی دەوڵەت، راشیگەیاندووە، هەسەدەش یەکێک دەبێت لە پێکهێنەرەکانى دەوڵەت.
دەستور
عێراق هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی قاچاخی دەروازە سنورییەکان دەدات
محەمەد عەبدولوەهاب فەرماندەى هێزەکانى پاسەوانى سنوورى عێراق، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەى ئەحمەد عەلى گودەرزیی لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە کاڵاى قاچاخ لە سنوورەکانى مەزری باشماخ و چەند ناوچەیەکى تر بۆچونى خۆیان خستەڕوو.
وەک رۆژنامەی دەستور ئاماژەى پێکردووە هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن کردووەتەوە و جەختیانکردوەتەوە لیژنە ئەمنییەکانى سەر سنوورەکان ئەکتیڤ بکەنەوە، بۆ ئەوە رێگریی بکەن لە بەقاچاخبکردنى کاڵاکانى هەردوو وڵات، ئەوەش بە کۆمەڵێک رێگە کە یەکێکیان بەهێزکردنى پاسەوانى سنوورە لە هەردوو وڵات بەتایبەتى لە رووى عێراقەوە کە هێندە توندبکرێتەوە کە پێشووتر وێنەى نەبووبێت.
عەرەبی جەدید
رێژەى بێکاریی لە سعودییە بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات
بەگوێرەى ئەو ئامار و داتا فەرمییانەى لە میدیا عەرەبیەکانەوە بڵاودەکرێنەوە و پشتیان بە دەستەى گشتى ئاماری وڵاتەکە بەستووە، رێژەى بێکارى بەرزبووەتەوە بۆ 7.8% لە نیوەى سێیەمی ساڵی 2024 دا.
ئەوە لە کاتێکدایە لە هەمان وادەى ساڵی 2023 دا تەنها 7.1% بووە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە کە رێژەى بەشداریکردنى ژنان لە کاردا لە 35.% ـەوە بەرزبووەتەوە بۆ 36.4% ، بەگوێرەى ئامارەکانى دەستەکە 60%ـى ئەوانەى بێکارن تەمەنیان لە خوارى 30 ساڵییەوەیە، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە 95.6%ـى ئەوانەى کە بێکارن خوازیارى کارکردنن لە کەرتى تایبەت دا، ئەوە لە کاتێکدا پادشاى ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو کە وڵاتەکە بەرەو ئابوویەکى بەهێزتر دەبات .
جەریدە
تەمەنى خانەنشینى لە کوەیت بۆ رەگەزی نێر 55 و بۆ مێینە 50 ساڵە
ئەنجومەنى وەزیرانى کوەیت لە کۆتا کۆبوونەوەى هەفتانەى ساڵی 2024 دا بڕیاریدا، بە تەمەنى خانەنشینیی بۆ پیاوان دواى 30 ساڵ خزمەتکردن بۆ پیاوان بە 55 ساڵی خانەنشین دەکرێت و ژنانیش 50 ساڵی.
دواشیانکرد لە دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران بە خێرایی کارى خانەنشیان رێکبخاتەوە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریاندا ئەو گرێبەستانەى تەمەنیان لە سەروو تەمەنى خانەنشینەوەیە گرێبەستەکانیان بۆ نوێ نەکرێتەوە.ئەوە لە کاتێکدا تەمەنى خانەنشینى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا 67 بە 62 و لە بەریتانیا 66 ساڵییە لە ئەڵمانیاش 67 بە 65 ساڵییە .
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
رۆژنامەنوسێک بە کەلەپچەوە بەرنامەکەى زۆرترین بینەری هەبووە
ئۆزلەم گونەش خانمە رۆژنامەنوسی ناوداری تورکیا لەپاش ئەوەی هەفتەى رابردوو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، دواتر زیندانی ماڵی بەسەردا سەپێنرا و مافی گەشتکردنی بۆ دەرەوەى وڵات لێوەرگیرایەوە.
دوێنێ لە پەخشێکی چەناڵی یوتوبەکەى خۆی کە لە ماڵەکەى خۆیدا بە کەلەپچەی ئەلکترۆنییەوە پێشکەشی کرد زۆرترین بینەری هەبووە و ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.
لە ئێستادا بەدەر لە چەناڵەکەى، بەیانیان لە کەناڵی سۆزجو بەرنامەیەکى ئابووری بەناوی سیاسەتی پارە پێشکەش دەکات و لەوێش زۆرترین بینەری هەیە.
ئۆزلەم لەپاش روخانی رژێمی ئەسەد لە پەخشێکدا گوتی، لە سوریا سوپای تورکیا و داعش ئەو شوێنانە کۆنتڕۆڵ دەکەن کە کوردەکانی لێیە. دادگا بە تۆمەتی سوکایەتیکردن لە سوپای تورکیا و دامەزراوە نیشتیمانییەکان سزای بەسەردا سەپاند.
جمهورییەت
دۆسیەی یاسایی لەسەر سەرۆکی جەهەپە و هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی کرایەوە
لە کۆتا رۆژى ساڵى 2024، دادگا دۆسیەى لێسەندنەوەى پارێزبەندی لە ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە و هەریەک لە تولاى حاتیمئۆغڵولاری و تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی و 14 پەرلەمانتاری دیکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەڕلەمان کرد تاکوو رێکاری لێسەندنەوەى پارێزبەندی لەدژیان بگیرێتەبەر.
یەنیچاخ
لە 2024 زیاتر لە 500 خانەنشین لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە
خانەنشینان بەهۆی گرانیی و کەمی موچەکانیانەوە لە ناچاریدا سەرەڕای ئەوەی خانەنشین، کراون کاری دووەم دەکەن. بەگوێرەى ئامارەکانی سەندیکای خانەنشینان لە تورکیا، لە ساڵی 2024 دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 512 خانەنشین لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
یەنی شەفەق
72٪ـی گەلی تورکیا پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئاک پارتی لە سوریا دەکەن
بەگوێرەى راپرسییەک لەلایەن ئاک پارتییەوە ئەنجامدراوە سەدا 72٪ـی گەلی تورکیا پشتیوانی لە سیاسەتی ئاک پارتی دەکەن لە بەرامبەر بە سوریا.
راپرسییەکە لە بەرواری 10_12 ى کانونی یەکەم ئەنجامدراوە و بۆچونی 2700 کەس وەرگیراوە.
لە راپرسییەکەدا بە رێژەیەکی زۆر لە بەشداربوان لەو باوەڕەدا بوون پەنابەرە سورییەکانی تورکیا بە رەزامەندی خۆیان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان نەوەک بە زۆر بنێردرێنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بۆ ساڵی نوێ بەهای سووتەمەنییەکان لە بەریتانیا بەرزدەبنەوە
ئەگەرچی پارتی کرێکاران، بەڵێنیدابوولە ماوەی داهاتوودا نرخی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی بەریتانی کەمبکاتەوە. بەڵام ئاماژەکان دەڵێن، بۆ ئەم زستانەی ساڵی نوێ بڕی 70 پاوەندی دیکە دەچێتە سەر خەرجیی دابینکردنی گاز بۆ خێزانەکان.
لە ئەمڕۆوە بەهای20 پاوەندی ساڵانە بۆ نرخی دابینکردنی گاز زیادکراوە، وا چاوەڕواندەکرێت هەتا هاتنی بەهاری داهاتوو 25 پاوەندی تریشی بچێتە سەر.
ئەم زیادبوونی نرخە بارقورسییەکی تری داراییە دەکەوێتە سەرشانی خێزانە بەریتانییەکان، کە خۆیان لە ئێستادا بەهۆی قورسبوونی باری ئابووری وڵاتەکەوە گرفتیان هەیە.
گاردیەن
کۆتایی پێهات؛ ئیتر روسیا لە رێگای ئۆکراینەوە غاز بۆ ئەوروپا نانێرێت
لەگەڵ یەکەمین کاتژمێرەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێدا ئەوروپا ئەو غازەی لێبڕا، کە روسیا لە رێگای ئەو بۆرییانەوە بۆ دەناردن، کە بەناو خاکی ئۆکرایندا تێپەڕدەبوون.
وەرزی سەرما بۆ کیشوەرە دێرینەکە هاتۆتەپێشەوە و پلەکانی گەرماش زۆر دادەبەزن، ئەمەش مانای وایە یەدەگی غاز لەو کیشوەرەدا کەم دەبێتەوە.
پێنج ساڵ پێش ئێستا گرێبەستی رەوانەکردنی غازی رووسی بەناو خاکی ئۆکرایندا لە نێوانی کییڤ و مۆسکۆدا ئیمزاکرابوو، کۆتایی پێهات. بەهۆی شەڕی درێژخایەنی نێوانی ئەو دوو وڵاتەشەوە هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ نوێکردنەوە. نوێ نەکردنەوە پرۆسەی ناردنی غازە روسییەکە گۆڕانێکی مێژووییە لەناو هەڵوێستی مۆسکۆدا بەرامبەر بە کیشوەری ئەوروپا.
یۆرکشایەر پۆست
ئەو فڕۆکانە لەناو هێڵی ئاسمانیی بەریتانیدا دەخرێنەکار کە دەرهاویشتەی کاربۆنی کەمتریان هەیە
بڕیارە لە ئەمڕۆوە، لەناو هێڵەکانی گەشتی ئاسمانیی بەریتانیدا ئەو فڕۆکانە بخرێنە بواری بەکارهێنانەوە، دەرهاویشتەی کاربۆنی کەمتریان بۆ ناو ژینگە و کەشوهەوا هەیە.
دابەزاندنی رێژەی 2٪ـی کاربۆنی دەرهاوێژراو لە ئەمڕۆوە دەخرێتە بواری کارپێکردنەوە ودەبێت پەیڕەویی لێبکرێت. ئەم بەرنامەیە کاری باشی لەسەر دەکرێت، بۆئەوەی هەتا ساڵی 2030 بتوانرێت بڕی کاربۆنی کەمکراوە بگات بە لەسەدا دە و هەتا ساڵی 2040یش بگەیەندرێت بە 22٪.
گەڵف نیوز
ئومێد زۆرە رەوشی جیهان لە ساڵی نوێدا باشتر ببێت
شەوی رابوردوو بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی 2025 لە جیهاندا ئاهەنگی گەرم گێڕدرا و پیرۆزبایی لە هاتنی کرا. ئومێدەباشەکان لەسەر ئەو بڕیارانە بونیادنراون کە بەڵێندەدەن دەرهاویشتە گازییەکان بۆ ساڵی نوێ کەمبکرێنەوە.
زانایان دەڵێن، وڵاتی چین کە بە تەنها خۆی رێژەی 30٪ـی دەرهاویشتەی گازە ژاراوییەکانی بۆ ناو ژینگە هەیە و بەرنامەی داناوە کە بۆ ئەمساڵ ئەو رێژەیەی زۆر کەم بکاتەوە و بیگەیەنێت بە لە30٪ـی رێژەکەی ئێستا.
لە بیستەم رۆژی ئەم مانگەدا ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی و دەبێت بە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا. ناوبراو لە ئێستادا تەمەنی 78 ساڵە ، بڕیاریداوە جارێکی تر ئەمریکا بکاتەوە بە وڵاتێکی مەزن. دەگوترێت گەیشتنی ئەو کەسە بە پۆستەکەی وادەکات بارودۆخی سیاسیی و سەربازیی دنیا هەندێک ئارامیی نوێ بەخۆیەوە ببینێت.