وەلید عومەر
یەکەم، وەک جیهان
– هەموو ساڵێک، بەشێک لە بوون/جیهان نوێ دەبێتەوە. هەر ساڵێک لە جۆرى خۆیدا ڕووداوێکى تاقانە و بێبەدیلە، و بەپێى دونیاى مرۆڤیش هێشتا هەر یەک ٢٠١٤ و یەک ٢٠٢٥مان هەیە. «ساڵەکان ژمارەن»، بەڵام هەر ژمارەیەکیش نوێیە. لە بەشى “جامعە“ـى پەیمانى کۆندا کە وتراوە «لەژێر ئەم ئاسمانە [کۆنەدا] هیچ شتێکى تازە نیە»، وێراى ئەوەى تۆنیکى ئەخلاقیی هەیە، بەتەنیاش فۆرم و بونیاد و پەیکەرى جیهان وەردەگرێت: لە گشت دا. لە ناوەڕۆکى جیهان دەگەڕێت کە شتەکان لە چرکەسات و وردەکارى و بەشدا نوێ دەبنەوە. تەنانەت بۆ خەڵکى هەر “سەردەمێکى جیهان“، جیهان وەک گشت و کۆش سەرتاپا نوێیە. لە لایەکى تریشەوە، مادام زاتى مرۆڤ، ئارەزووکردنە، ئەوا ئارەزووش بەردەوام جیهان نوێدەکاتەوە. وردتر: ئارەزوو خۆى وەک چالاکییەکى زاتى، شتێکى کۆن و دووبارە و بگرە هەمیشەییە، بەڵام ئۆبێکتەکان و دەسپێکەکان و گەیشتنەکان و دووبارەبوونەوەکان و فەنتازیاکان نوێن. بۆ شتى نوێ، پێویستە ئاسمان خۆى هەر کۆن بێت. بۆ ئەوەشى مرۆڤ لە “ئێستامەندی”ـی شتى نوێدا ون نەبێت، ناچارە سێبەرى ئەو سەقفە کۆنەى ڕابردووى بیربکەوێتەوە. ئەنجامگیرییەکەى تەورات، هەموو شتێک کورتدەکاتەوە بۆ سرووشت نەک مێژوو (بە مانا هیگڵییەکەى)، کە یەکەمیان سووڕێکى پێشوەختدیاریکراو و داخراوە بەڵام دووەمیان پرۆسەیەکى بزووتووى بەردەوامە.
– جیهان، بە مانا بوونناسى (ئۆنتۆلۆژى)یەکەى، لە مێژووى خۆیدا چەندین وەرچەرخان و جێگۆڕکێى بە خۆیەوە بینیوە. گۆڕانکارییەکانى ئەم سەردەمە، بەتایبەت دواى بەئۆبێکتکردنى گەردوون و هەڵکۆڵینى هەمەجۆرەى مرۆڤ و گەشەى زیرەکیی دەستکرد، ئەو هەستە خۆڕسکە لە مرۆڤدا درووستدەکات بڵێت: جیهان بەخشکەیی خەریکە دەگوازێتەوە بۆ ناو ڕەهەندێکى نوێ. لەبنەوە خەریکە جیگۆڕکێیەک ڕوودەدات کە هێند بەکاوەخۆیە، تا کۆتا ساتەکان تەواو هەستى پێ ناکەین. هەر لە سەرەتاکانى مۆدێرنەوە مرۆڤ هەوڵیداوە دونیا بگۆڕێت، دونیا بە مانا بابەتى و زانستى و دەرەکییەکەى، بەڵام وردەوردەش ئەم گۆڕانەى گواستووەتەوە بۆ سەر خۆى: مرۆڤ دەیەوێت خۆى بگۆڕێت. بەڵام وادیارە لەم دەستێوەردانەدا، بەر لە خۆى، پێشوەختە جیهان گۆڕانى بەسەردا دێت. مرۆڤ خۆى نابێتە شتێکى تر، ناچێتە کەوڵى بوونەوەرێکى ترەوە، تەنیا بژاردە نوستووەکان دەخاتەگەڕ؛ تەنیا ئیمکانەکانى ناو خۆى جێگۆڕکێ پێ دەکات. بەڵام کاتێک جیهان خۆى لەژێرەوە جێى خۆى دەگۆڕێت، شتەکە ڕیشەییترە. ئەمڕۆ جووڵەى مرۆڤەکان خەبەر لە ڕووداوێک دەدات کە کتومت نازانن چیە: ڕەنگە درەنگتر لە بەراوردى نێوان سەردەمەکانى جیهاندا تێبگەین چى گۆڕاوە.
دووەم، وەک مرۆڤ
– بەپێى ئارەزوو (desire) بێت، جیهان هەمیشە نوێیە. مرۆڤ لەگەڵ تێپەڕینى کاتدا، یەک شتى لێ دەبێتە دوو شت، کەرتبوونێک لە شتى ئارەزووکراودا ڕوودەدات، کەرتێکیان جیادەبێتەوە بۆ ڕابردوو، کەرتێکى تریشیان دووردەکەوێتەوە بۆ داهاتوو. ئارەزوو، وەک مەعلومە، تێرنابێت. بگاتە هەر شتێک، دیسان شتێکى ترى دەوێت. لەناو کاتیشدا مەحکومە بەم سووڕە نیمچە- مشکوپشیلەییـە. ئارەزوو لەناو ساتەکان و ساڵەکاندا ئەم گەمەیە دەکات. بەڵام مەرامى ڕیشەیی ئارەزووى مرۆڤ خۆى هەوڵدان نیە بۆ دەسکەوتنى شتێک، بگرە هەوڵە بۆ لەناوبردنى کات و زەمەن. ئارەزوو، خۆى بۆ هەڵلوشینى کات هاتووە کە «ناتوانێت». لەبرى ئەم شکست و نەتوانینە، شتێکى ترى جیا لەوى دەستدەکەوێت. ئەم کەلێنەى نێوان کات و ئارەزوو، قەت پڕنابێتەوە. لە کۆنەوە مرۆڤ چەندین ستراتیژى هەبووە بۆ ئەم گەمەیەى ئارەزوو. بەشێکیان هێرشبەرانە بوون و بەشێکیشیان بەرگریکارانە. پێدەچێت ئەزموونى لەمێژینەى مرۆڤایەتى بیسەلمێنێت کە ستراتیژێکى بەرگریکارانەى وەک «قەناعەت»، بتوانێت پەیوەندیی ئارەزوو و کات ڕێکبخات. قەناعەت، کە لە سیستەمى سەرمایەدارى دا جێى نابێتەوە، خأڵى ڕاگرتنى ئەم هەمووە بژاردە زۆروبۆرەشە.
– بە پێوەرى کەلتورى و کۆمەڵایەتى کە کات خێرابووەتەوە، ڕاستییەکى ڕیشەیی لەبیرکراوە: کات، هەڵگری خاوییەکى زاتیی تایبەت بە خۆیەتى. شتەکان و دیاردەکان بەشى خۆیان ملکەچى هاوکێشەى هۆ و ئەنجامن. لەکۆدا هیچ شتێک لەخۆڕا ڕوونادات. سەرەنجام، تەمەنى مرۆڤ بەپێى ئەم “خاوییە زاتى“یە هەژماردەکرێت. بیرەوەرییش بەگشتى بەرهەمى ئەم خاوییە زاتییەیە. مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەستى بەم خاوییە زاتییە ناگات، بۆیە دەبێت بڕێک کاتیشى بە شتى لاوەکى و ڕاگوزەردا بڕوات. خاوییەکە، ناوکى خێراییەکەیە بەڵام عەقڵ پتر درکى دەکات تا هەست. هەستەکان، وەک هەمیشە، کەمەکێک مرۆڤ بەهەڵەدا دەبەن. مرۆى نوێى ساڵانى نوێ، ناچارە خۆى لەگەڵ ئەم خاوییە زاتییەدا ڕێکبخات نەک خۆى بداتە دەم ڕووە خێرا و فریودەرەکەیەوە. پێش ئەم شەپۆلانەى خێرایی، یەک لە کڵێشە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە بوو گوایە «ژیان زۆر دووبارەیە.» ئێستا، زۆر ئەم کڵێشەیە نابیستین. ئێستا دەوترێت «کات بەش ناکات.» ڕاستیی ناو کڵێشەى دووەم، ئەو ڕاستییە بیرناباتەوە کە هەندێک دیاردەى سەرەکى و گرنگ لە کەلتور و شارستانییەتدا ڕیتمى خۆیان نادۆڕێنن: لە مێژووەوە تا سیاسەت، لە نەستەوە تا پاڵنەرەکان، لە هۆ و ئەنجامەوە تا گەشەى سرووشتى، لە ململانێى قووڵى کەلتور و سرووشتەوە تا ململانێى کەلتور لەگەڵ خۆیدا، و هتد.
سێیەم، وەک کورد
– لێکچوونێک لەنێوان گۆڕانەکانى ئەم سەردەمە و دۆخى سرووشتیی کورددا هەیە: پشێوى، خێرایی، فرەییەکى سەرەتایی، زێدە مەجازی و هتد. پێدەچێت ئەم ڕێکەوتە، چانسی سیاسى و کەلتورى بە کورد ببەخشێت. ئەمە تەنیا ئەگەرێکە، چونکە لەگەڵ کرانەوەى ڕواڵەتیی جیهاندا، سنورە تۆخەکانى ژێر ئەم ئاسمانە کۆنەش دەمێننەوە. پەیوەندیی کورد بە ساڵى زاینییەوە، هێشتا پەیوەندییەکى دەرەکییە؛ هێشتا بەشێکى ناوەکى نیە لەو بەروارە گەردوونییە. چارەش هەر گەیشتنە بە دیوى ناوەوەى ئەو بەروارە- ساڵى کوردى وەک ساڵێکى لۆکاڵ ئەو هێزە مێژووییەى نیە شتى نوێى لەسەر بنیاتبنرێت. لە پەیوەندییدا بە خاڵى سەرووترەوە، دەتوانین بڵێین ئەو “کات”ـەى تاکى کورد “کۆ”ـى دەکاتەوە، بەڕوونى ناچێتە خزمەتى هیچ بنیاتنانێکەوە، دونیاى کورد، هێشتا دونیایەکى پەرتەوازەیە و تاکەکەس نازانێت خزمەتى کوێى دەکات.
– بەروارى لەدایکبوونى بەشێکى زۆرى مرۆى کورد تا کۆتاییەکانى سەدەى بیستیش ڕوون نیە. ئەم خاڵە، گەرچى کەمێک خەندەهێنەرە، کەمێک پەیوەندیی کورد بە مرۆڤ و جیهانیشەوە ڕووندەکاتەوە. نەبوونى بەروارى ڕوون، بێبەشبوونە لە جەژنى لەدایکبوونیش. بەڵام ئەرگۆمێنتە نەستەکییەکە ئەوەیە کە هێشتا لەدایکبوونى نەتەوە و کۆمەڵگایەکى نوێ، لەپێشترە تا لەدایکبوونى تاک. نەبوونى ئەم بەروارە، ونبوونى دەسپێکە. خاڵە کۆمیدییەکە دووقات دەبێتەوە: ئەمڕۆ هەموان، بە خەڵکى کوردزمانیشەوە، حەزدەکەن بەروارى لەدایکبوونیان نەبێت. ژیان پرۆسەیەک بێت بێ ڕیزکردنى ڕۆژ و مانگ و ساڵ. ژیان، مێژووى نەبێت. ژیان یەک ساڵى درێژ بێت لە سەرەتاوە تا کۆتایی.