زووم..
چەند سەرچاوەیەک بە زوومیان رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی بڕێک پارە بۆ تەواوکاری مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.
بە گوتەی سەرچاوەکان، بڕی ئەو پارەیەی کە بەغداد بۆ هەرێمی دەنێرێت نازانرێت، بەڵام بڕەکە دەخرێتە سەر هەماژی بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە زوومی گوت، چەند رۆژێکە چاوەڕوانی ناردنی پارەکەن لەلایەن بەغدادەوە، بەڵام تا ئێستا نازانن بڕەکەی چەندە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەگەر ئەمڕۆ بەغداد ئەو بڕە پارەیە بخاتە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی هەرێم، لە رۆژی پێنج شەمەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن و تا رۆژی یەکشەمەی داهاتوو تەواوی فەرمانبەران و خانەنشینان مووچە وەردەگرن.
ماوەی 15 رۆژەی وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11ـی هەرێمی کوردستان خستوەتە سەر هەژماری بانکی دارایی هەرێم کە بەشی زیاتر لە 63%ـی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات، بەڵام دارایی هەرێم بە بیانوی کورتهێنانی مووچە دەستی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەران نەکردوە.