کاساس بەردەوامبوونى لە راهێنەرایەتى هەڵبژاردەى عێراق راگەیاند و ئامانجیان سەرکەوتنە بۆ جامى جیهانى ٢٠٢٦.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەى ئەلریازییەى سعودى، خیسۆس کاساسى ئیسپانى راهێنەرى هەڵبژاردەى عێراق دووپاتیکردەوە، لە کارەکەى بەردەوام دەبێت و لە ئێستادا لە لەندەنە و لە چەند رۆژى داهاتوودا چاوى بە چەند یاریزانێکى عێراقى دەکەوێت.
کاساس گوتى “لاى ئێمە ئامانجى داهاتوومان روونە، ئەویش سەرکەوتنە بۆ جامى جیهانى ٢٠٢٦ و هیچى دیکە، پێویستە سەرنجمان بخەینە سەر یارییەکانى داهاتوو لە پاڵاوتنى مۆندیال”.
باسى لەوەشکرد، زۆربەى کەسەکان پاڵپشتى هەڵبژاردەى عێراق دەکەن سەرەڕاى شکستەکان، لەبەرئەوەى دەزانن لە دونیاى تۆپى پێدا بردنەوە و دۆڕاندن هەیە و دەشڵێت “چاوم بە هەر هاندەرێک کەوتبێت لە کوەیت هەمان شتى پێ وتووم، منیش لەگەڵ ئەو زۆرینەیەدام، هەندێک هەیە تەنانەت لە کاتى بردنەوەشدا دەیانەوێت هەڵبژاردەکە تێکبشکێنن، پێویستە گوێیان پێ نەدەین”.