حکومەتی هەرێم تائێستا هاوکاری بارینی نەکردووە و باوکیشی بریاریداوە بۆ چارەسەرکردنی خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی بۆ بفرۆشێت.
هیوای رزگاربوونی بارین هاندەرە بچکۆلەکەى یانەى نەورۆز لە بوتڵی ئۆکسجین خەریکە هێواش هێواش لەباردەچێت و باوکی بێئومێدبووە لە حکومەتی هەرێم و نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا و دەڵێت: ئاسانکاریم بۆ ناکەن بۆ ئەوەی چارەسەری بارین بکەم.
یاسین لوقمان، باوکی بارین دەیەوێت بۆ چارەسەری بارین روو لە هیندستان بکات، دەشڵێت، پارەکەی بارین هێشتا بەشی تێچووی نەشتگەرییەکەی ناکات.
بە گوتەی باوکی بارین، تا ئێستا زیاتر لە 80 ملیۆن دینار، کە دەکاتە 52 هەزار دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کورەکەى کۆکراوەتەوە، بەڵام ئەو پارەیە بەس نییە و پێویستی بە 120 هەزار دۆلار هەیە.
باوکی دەڵێت “بریارمانداوە بۆ چارەسەری کوڕەکەم خانوو و ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی دیکە بفرۆشین و بچین بۆ هیندستان، بەڵام ئەم پرۆسەیە زۆر قورسە و رەنگە چەندین ساڵی پێبچێت، پەیداکردنی سیی بۆ منداڵ زۆر زەحمەتە”.