زووم..
رۆژنامەی سۆزجوی تورکی لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی دەڵێت، ئامانج لێی ئەوەیە ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆککۆمار.
ئەحمەد یاڤوز، جەنەڕاڵی خانەنشین، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، “لەو پرۆسەیەی دەوڵەت دەستی داوەتێ بەهۆی ئەوەی نازانین سەر لەکوێ دەردەکات مەترسی بەدیدەکرێت.”
ئەو جەنەڕاڵە خانەنشینە گوتووشیەتی، کێشەکە لە یەکپارچەییدا چارەسەر دەکرێت یان بە چاوەڕوانی فیدڕاڵیزمەوە هەنگاو دەنێن، پێش ئەوەی ترەمپ دەستبەکار بێت، دەخوازن مەسافەیەک وەرگرن.
لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالانبۆ پۆرسەی ئاشتی، میدیای تورکیا بە گرنگییەوە لە پرسەکە دەڕوانن و بەشێوەی جیاواز باسی لێوە دەکەن.
ئۆجالان لە پەیامەکەیدا وەڵامی پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی دایەوە کە داوایکردبوو ئۆجالان بچێتە پەرلەمان و پەیامی خۆی پێشکەش بکات، ئۆجالان گوتی: ئەو ویست و توانایەم هەیە بەشداری لەو دەستپێشخەرییە بکەم، کە بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز باخچەلی پشتیوانی دەکەن.
رۆژنامەی سۆزجو تورکەر ئەرتوک، جەنەڕاڵێکی تری خانەنشینی لەسەر بابەتەکە دواندووە و ئەو دەڵێت، “هۆکاری سەرەکی کرانەوە، هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانە، بۆ ئەوەی کوردەکان پشتگیری بکەن بۆ گۆڕینی دەستوور، هاوکات فشار خستنە سەر درێژکراوەی پەکەکەیە لە سووریا، دەیانەوێت پێش 20ـی کانوونی دووەم یەکەم (پێش ئەوەی ترەمپ دەسەڵات وەربگرێت) بەشی سەرەتاکەی سەربخەن.”