زووم..
لە دەستی زڕباوکی هەڵهات و دوای دوو کودەتا بووە سەرۆککۆماری عێراق، دواتر ١١ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام سوودی نەبوو، چونکە بە چەند مانگێک لە دوای ئەو هەڵبژاردنە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات و لە سێدارەش درا.
سەدام حسێن زیاتر لە ٦٠ ساڵ ناوێکی دیاری عێراق بوو، لای بەشێک لە عێراقییەکان بە “پیاوێکی قارەمانی” پەسندەکرا، بەشێکی تری عێراقییەکان بە “ستەمکار و دیکتاتۆر” ناویان دەهێنا.
سەدام حسین سەرۆكی لە سێدارە دراوی عێراق لە ساڵی ١٩٣٧، لە گوندی عۆجەی سەر بە شاری تکریت لە دایک بووە.
سوبحە تولفاح، کە دایکی سەدام بوو، دوای کۆچی دوایی هاوسەرکەی (باوکی سەدام) هاوسەرگیری کردووە و سەدام حسینی جێهێشتووە، بۆیە بە ناچاری خاڵی بەخێوی کردووە.
كاتێكیش سەدام گەڕاوەتەوە ماڵی دایکی لەلایەن زڕباوکییەوە بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بۆیە بە ناچاری لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا لە ماڵەکە هەڵهاتووە و گەڕاوەتەوە بۆ لای خەیروڵا تولفاحی خاڵی، کە ئەم گەڕانەوەیە سەدام حسێنی بەرەو حزبی بەعسی برد؟
سەدام حسێن دوو جار هەوڵی تەواوکردنی کۆلێژی یاسای داوە لە عێراق و میسر، بەڵام لەبەر حیزب و باوەڕی بە فکری بەعس نەیتوانیووە تەواوی بکات.
سەدام حسێن یەکێکبوو لەو کەسانەی، کە هەوڵی تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆک ئەوکاتی عێراق و حیزبی بەعسیدا، بەڵام پلانەکەی ئاشکرا بوو، بەو هۆیەشەوە بەرەو سوریا هەڵات.
دوای چوار ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، بەڵام دوو ساڵ زیندانی کراوە، کە بەهاتنە دەرەوەشی لە زیندان چووەتە نێو دەسەڵاتی یەکەمی حیزبی بەعس و بووە بە جێگری سکرتێری سەرکردایەتی.
هەر لە سەرەتاوە سەدام ناکۆنی لەنێو حزبدا دروست کرد و بە فشاری ئەویش حزبی بەعسی عێراقی لە حزبی سوریا جیاکرایەوە، هەر لەو سەروبەندەشدا، دەزگای هەواڵگری و ئەمنی و سەربازی تایبەت بە خۆی دروستکردووە.
ئەمە یەکەم هەنگاوی سەدام بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی حیزب و عێراقیش.
سەدام بەوەشەوە نەوەستا و بووە جێگری سەرۆککۆماری عێراق دواتر بە بیانووی نەخۆشی و پیر بووەنەوە ئەحمەد حەسەن بەکری لە سەرۆککۆماری لادا و خۆی بووە سەرۆک کۆمار، لێرەوە چیرۆکی سەدام حسێن وەک یەکێک لە گەورەترین دیکتاتۆرەکان دەستی پێکرد.
سەدام هەرچەندە جار جار بە جلی کوردییەوە دەردەکەوت و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیدا باسی لە برایەتی لەگەڵ گەلی کورد دەکرد، بەڵام دژی هەموو جموجوڵێكی نەتەوەیی بوو، بۆیە زیندانەكانی موسڵ و ئەبوغرێبی بەغداد و ئەمنی عامەو ئەمنی مەنزومەی شیمال لە كەركوك بوونە جێگەی هەزاران کەس، بەتایبەتی لە نەتەوەی کورد.
لە ماوەی ٢٣ ساڵی سەرۆکایەتی سەدامدا تەنها دوو جار هەڵبژاردن ئەنجامدرا، هەردوو جارەکەش سەدام زۆرترین دەنگی بە دەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی یەکەمدا، کە لە ساڵی ١٩٩٥ـدا ئەنجامدرا توانی ٩٩.٩٦٪ دەنگەکان بەدەستبهێنێت و تەنها ٣.٥٢ دەنگی نەخێری وەرگرت لە کۆی بەشداری ٨.٤ ملیۆن کەس.
لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عێراق، کە لە رۆژی ١٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ ئەنجامدرا، سەدام رێژەی ١٠٠٪ دەنگەکانی بەدەستھێنا، رۆژی دوای ھەڵبژاردنەکەش کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراقی رایگەیاند، ١١٬٤٤٥٬٦٣٨ کەس بە بەڵێ دەنگیان داوەتە سەدام.
دواتر چی روویدا؟
ئەو پیاوەی، کە دەنگی زیاتر لە ١١ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بەدەستهێنابوو دوای چەند مانگێک لە نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٣ بڕیاری رووخانی رژێمەکەی درا و ئەمریکا دەستی بە هێرش بۆ سەر عێراق کرد.
دوای کەمتر لە مانگێک لە هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر عێراق و نزیکبوونەوەی هێزەکان لە بەغداد، سەدام هەڵهات و لە گوندەکانی نزیک تکریت خۆی حەشاردا.
دواتر سەدام حوسێن لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنووری شاری تکریت دەستگیرکرا و لە رۆژی 5/11/2006 دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دوای چەندین دانیشتن لەسەر تەقەكردن لە خەڵكی شارۆچکەی دوجەیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
بەرەبەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە بەرواری ٣٠ـی ١٢ـی ٢٠٠٦ لە سێدرە درا و کۆتایی هات بە یەکێک لە دیکتاتۆرترین سەرۆکەکانی جیهان و عێراق بە تایبەتی.