زووم..
هیوای رزگاربوونی بارین لە بوتڵی ئۆکسجین خەریکە هێواش هێواش لەبار دەچێت و باوکی بێئومێد بووە لە حکومەتی هەرێم و نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا و دەڵێت: ئاسانکاریم بۆ ناکەن بۆ ئەوەی چارەسەری بارین بکەم.
یاسین لوقمان، باوکی بارین دەیەوێت بۆ چارەسەری بارین روو لە هیندستان بکات، دەشڵێت، پارەکەی بارین هێشتا بەشی تێچووی نەشتەرگەرییەکەی ناکات.
یاسین لوقمان لەبارەی رێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی بارینی کوڕی بە زوومی راگەیاند، دەیەوێت بۆ چارەسەری کوڕەکەی روو لە هیندستان بکات، چونکە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا بێهیوایان کردووە و دەڵێن، “بانگێشتنامەت بۆ ناکەین.”
بارین ئەو هاندەرە بچووکەی یانەی نەورۆزە کە لە زوومەوە چیرۆکەکەی بە هەموو ماڵێکی کوردستان گەیشت. بارین نەخۆشییەکی درێژخایەنی لە سییەکانیدا هەیە و پزیشک بە کەسوکاری گوتووە دەبێت نەشتەرگەری گۆڕینی سییەکانی بۆ بکرێت.
زووم لەبارەی دواین هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی بارین پەیوەندی بە یاسین لوقمانی باوکییەوە کرد و گوتی: ئێستا کێشەی پارەم نییە، ئێمە بریارمانداوە بۆ چارەسەری کوڕەکەم خانوو و ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی دیکە بفرۆشین.
بە گوتەی باوکی بارین، تا ئێستا زیاتر لە 80 ملیۆن دینار (52 هەزار دۆلار) بۆ چارەسەرکردنی هاندەرە بچووکەکەی نەورۆز کۆکراوەتەوە، بەڵام ئەو پارەیە بەس نییە و بۆ چارەسەر بارین پێویستی بە 120 هەزار (12 دەفتەر) دۆلار هەیە.
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە فیچەرێکی زوومەوە نەخۆشییەکەی بارین باسکرا و خەڵکی کوردستان، یانەکان و چەندین لایەنی دیکە دەستیان بە راگەیاندنی کەمپین کرد بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بارین.
هاوکاری کۆکردنەوە بۆ بارین بووە ترێند لە سۆشیال میدیا و هەموو هاووڵاتییانی کردە یەک دەنگ و رەنگ. زووم دوای بڵاوکرنەوەی فیچەرەکە، راپرسییەکی لەبارەی پیشنیاری هاووڵاتییەک بڵاوکردەوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بارین و هاووڵاتییان پێشوازییەکەی گەرمیان لێکرد.
ئێستا باوکی بارین کێشەیەکی دیکەی بۆ هاتووەتەپێش کە ئەویش، وەک خۆی دەڵێت، هاوکاری ناکرێت لەلایەن حکومەت و نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیاوە تاوەکو کوڕەکەی ببات بۆ چارەسەر.
باوکی بارین دەڵێت: هیچ لایەنێکی حکومی لە حکومەتی هەرێم تائێستا یارمەتی نەداوم و ئاسانکاری بۆ نەکردووم بۆ وەرگرتنی ڤیزا، هیچ نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیاش بەدروستی هیچ شتێکمان پێناڵێت، هەمووشیان داواکاریمان رەتدەکەنەوە و بانگێشتنامەمان بۆ ناکەن تا بتوانم ڤیزای پێ وەربگرین و لەگەڵ بارین بچین بۆ ئەڵمانیا.
حکومەت ئاسانکاری بۆ نەکردووم بۆ وەرگرتنی ڤیزا
یەکێک لە نەخۆشخانەکان بە یاسین لوقمانی گوتووە، بە 120 هەزار دۆلار لەماوەی ساڵێکدا چارەسەری بارین دەکەن، بەڵام دەبێت پێشەکی 60 هەزار دۆلار وەربگرن، باوکی بارینیش داوای بانگێشتمانەی لێکردوون و بە گوتەی خۆی نەخۆشخانەکە پێی راگەیاندووە کە ئەو چارەسەرە ناکەن.
نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا بە 450 هەزار دۆلار چارەسەری بارین دەکات
نەخۆشخانەیەکی دیکە بە باوکی بارینیان گووتوە، چارەسەری کوڕەکەی بە 450 هەزار (45 دەفتەر) دۆلار دەکەن.
یاسین لوقمان بەناچاری وازی لە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ کوڕەکەی لە ئەڵمانیا هێناوە و ئێستا دەیەوێت بیبات بۆ هیندستان، بەڵام هیندستانیش چەند کێشەیەکی هەیە.
لە هیندستان چارەسەری بارین بە 80 هەزار دۆلار دەکرێت
لە هیندستان چارەسەری بارین بە 80 هەزار (هەشت دەفتەر) دۆلار دەکرێت، بەڵام پێوستییان بەوەیە بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر بچنە هیندستان بژین و چاوەڕێی ئەوە بکەن منداڵێکی هاوتەمەنی بارین گیانلەدەستبدات تاوەکو سییەکانی ئەو منداڵە بۆ بارین دابنێن.
باوکی بارین دەڵێت، ئەم پرۆسەیە زۆر قورسە و رەنگە چاوەڕوانی چەندین ساڵی پێبچێت و دەڵێت: پەیداکردنی سیی بۆ منداڵ زۆر زەحمەتە، خەڵک هەبووە سێ ساڵ لە هندستان بووە و نەیتوانیووە منداڵەکەی چارەسەر بکات و گەڕاوەتەوە.
سەرەڕای ئەو ئاستەنگەی بۆی هاتووەتەپێش، باوکی بارین هێشتا سوورە لەسەر چارەسەرکردنی بارین و بەنیازە خۆی یەکەمجار بچێت بۆ هیندستان تا بەچاوی خۆی بارودۆخەکە ببینێت ئەو کات بڕیار بدات کە بارین ببات بۆ هیندستان بۆ چارەسەر یان نا.
من ئەمە زۆر بە قورس دەبینم
“دەبێت بچم بارودۆخەکە ببینم کە ئایا کوڕەکەم و خێزانەکەم دەتوانن لە هیندستان بژین، من ئەمە زۆر بە قورس دەبینم، بەڵام بڕیارمداوە لەپێناو کوڕەکەم بچم”، باوکی بارین وای گوت.