میشێل دۆنیلان، وەزیری رۆشنبیری بەریتانیا هۆشداری داوە بە کۆمپانیا و تۆڕەکانى سۆشیال میدیا، کە روبەڕوی “سزای توند” دەبنەوە، ئەگەر نەتوانن منداڵانی بچوک لە بەکارهێنانی تۆڕەکانیان رابگرن.
بەریتانیا دەیەوێت گۆڕانکاری لە یاسا پێشنیازکراوەکانی سەلامەتی ئینتەرنێتدا بکات و بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە سنوردار بکات.
بەریتانیا دەیەوێت بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە سنوردار بکات
نوێکردنەوەی یاساکانی ئەو وڵاتە کۆمپانیای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناچاردەکات سنورێک بۆ تەمەنی بەکارهێنەران دابنێن. سەرەڕای ئەوەش، کۆمپانیاکان دەبێت مەترسییەکانی بەکارهێنانی تۆڕەکانیان لەلایەن منداڵانەوە بەڕوونی لە ماڵەپەڕەکانیاندا بڵاوبکەنەوە، کە لەلایەن دامەزراوەی ئۆفکۆمی حکومییەوە چاودێرى دەکرێت، کە رێکخەری نوێی کەرتی تەکنەلۆژیای ئەو وڵاتەیە.
بەگوێرەی یاساکە دەکرێت کۆمپانیاکان لەلایەن ئۆفکۆمەوە تاوەکو 10%ی داهاتی ساڵانەیان سزای دارایی بدرێن، ئەگەر سیاسەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی، هۆمۆفۆبی یان ناوەرۆکی دیکەی زیانبەخش بۆ منداڵان لە پلاتفۆڕمەکانیاندا جێبەجێ نەکەن.
وەزیری رۆشنبیریی بەریتانیا، پاراستنی منداڵان هۆکاری بنەڕەتیی دانانی پڕۆژەیاسای سەلامەتی ئۆنلاینە
میشێل دۆنیلان، وەزیری رۆشنبیریی بەریتانیا لە رۆژنامەی تەلەگرافدا نوسیویەتی، پاراستنی منداڵان هۆکاری بنەڕەتیی دانانی پڕۆژەیاسای سەلامەتی ئۆنلاینە، هەر بۆیە ئەو گۆڕانکاریانەی، کە کردوومە بنەماکانی پاراستنی منداڵان لە ناوەرۆکی زیانبەخش بەهێزتر دەکات.
ئەو راشیگەیاند، هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە رێگە بە کەسی خوار تەمەنی 13 ساڵ نادەن، بەڵام لە هەر دایک و باوکێک دەپرسیت، پێت دەڵێت ئەوە “قسەی بێمانایە”.
دەڵێت، هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە رێگە بە منداڵان نادەن پلاتفۆرمەکانیان بەکاربهێنن، بەڵام لە هەمان کاتدا ریکلامیان هەیە، کە منداڵان دەکەنە ئامانج.
وەزیرى رۆشنبیری بەریتانیا ئاماژەى بەوەداوە، ئێستا یاساکە کۆمپانیاکان ناچار دەکات زۆر روونتر بن سەبارەت بەوەی چۆن سنوری تەمەنی بەکارهێنەرەکانیان دیاری دەکەن.
یاساکە مەرجی زیاتری دەبێت بۆ کۆمپانیاکان، کە بینینی هەندێک ناوەرۆک بۆ کەسانی پێگەیشتووش سنوردار بکات
سەرەڕای تەمەنیش، یاساکە مەرجی زیاتری دەبێت بۆ کۆمپانیاکان، کە بینینی هەندێک ناوەرۆک بۆ کەسانی پێگەیشتووش سنوردار بکات، لەوانەش ئەو ناوەرۆکانەی ئاستی تاوانکارییان نییە، بەڵام دەکرێت زیانبەخش بێت بۆ بینین، وەک رێنمایی ناتەندروستی خواردن، ژنکوژی، بابەتی سێکسی، هاندان بۆ خۆکوژی و سوکایەتیکردن.
حکومەتی بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە، هەموارکردنی ئەم یاسایانە، بە ئامانجی پاراستنی ژنان و کچان لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت، بەمنزیکانە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.