زووم..
ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نەشتەرگەرییەکەی بنیامین نەتانیاهۆ بە سەرکەوتووی ئەنجامدراوە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە.
بنیامین ناتانیاهۆ، دوای تووشبوونی بە هەوکردنی پرۆستات نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانەی هادەسا لە ئۆرشەلیم – قودس بۆ کرا و ئەو ئەندامەی لەشی دەرهێنرا.
نەخۆشخانەکە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ نەتانیاهۆ ئەنجامداوە و “هیچ ترسێک لە هەبوونی نیشانەی شێرپەنجە لە دۆخی نەخۆشەکەدا نییە.”
ئۆفیسی سەرۆکوەزیران دەڵێت، بەهۆی ئەوەی نەتانیاهۆ بەنجی گشتی بۆ کراوە چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە.
رۆژنامەی ئۆپرشەلیم پۆست لەبارەی نەشتەرگەرییەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە، دەبوو نەتانیاهۆ بەهۆی تێوەگلانی لە کەیستی گەندەڵییەوە لەبەردەم دادگای وڵاتەکەیدا ئامادەبێت و گووتەی لێ وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی نەشتەرگەرییەکەیەوە ئەم پرسە راگیرا.
هەوکردنی پرۆستات نەخۆشییەکەی باوە لەنێو پیاوانی بەتەمەندا و نەتانیاهۆی تەمەن 75 ساڵ یەکێکە لەو سەرکردە جیهانییانەی بەهۆی تەمەن و دۆخی تەندروستییەوە چاوێکی زۆری لەسەرە.