زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
یەنیچاخ
سەرۆکی ئیی پارتی: تورکیا بۆ رزگاربوون لە قەیرانەکان هانا بۆ ئۆجالان دەبات
موسەفات دەرویشئۆغڵو سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند، حکومەتی ئاک پارتی بۆئەوەى خۆی لە قەیرانەکان دەرباز بکات هانەی بۆ ئۆجالان بردووە، ئەمە ئەوپەری شەرمەزارییە و شکستی دەسەڵاتە.
دەسەڵات خەریە دۆستایەتی لەگەل ئۆجالاندا پەیدادەکات ئەمە جێگەى قبوڵ کردن نییە کە قەدەری کۆماری تورکیا بخرێتە دەستی ئۆجالانەوە.
سۆزجو
سەرۆکی زەفەر پارتی: هێشتا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان لەگەڵ ئۆجالان نازانین
ئۆمید ئۆزداخ سەرۆکی گشتیی زەفەر پارتی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان هەریەک لە ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی بە لایەنی بەرامبەر زانیووە بۆ گفتوگۆ و پڕۆسەی چارەسەریی بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئۆجالان بە رایگشتی نەدراوە.
جمهورییەت
لەپاش دیدارەکانی ئۆجالان، دەم پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات
دەم پارتی بەنیازە سەردانی ئەو پارتە سیاسییانە بکات کە لە پەرلەمان نوێنەرایەتییان هەیە، بەمەبەستی پشتیوانی بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆسەیەکی نوێ.
ئەم سەردانە لەپاش دیداری نێوان شاندی دەم پارتی و عەبدوڵا ئۆجالان هات. ئۆجالان رایگەیاندبوو پێویستە پرسەکە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت.
هاوکات ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاندووە، پارتەکەیان دەمێکە بانگەوازی ئەوە دەکات لە پەڕلەمان پرسەکە چارەسەر بکرێت.
میللییەت
لە ساڵی نوێدا 55 هەزار پۆلیس لە ئیستەنبوڵ لە ئەرکدا دەبن
لەگەڵ نزیکبوونەوەى ساڵی نوێ لەسەرتاسەری جیهان ملیۆنان گەشتیار روویان لە ئیستەنبوڵ کردووە. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگاکە رایگەیاندووە، بۆئەوەى شەوی سەری ساڵ بە ئارامی بەسەر ببرێت 55 هەزار پۆلیس لەو شەوەدا ئەرکدا کراون. ئەو پۆلیسانە لە مۆڵەکان، هێڵەکانی مێترۆی ناوشار، لە ناوەندەکانی شارەکە و لەو ناوچانەى گەشتیار رووی تێدەکات لەوانەش بەیئۆغڵو، بێشکتاش، بەکرکۆی، فاتیح و چەند شوێنکی دیکەی پارێزگاکە لەژێر چاودێری پۆلیسدا دەبن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دەمێکە ئیسرائیل کار بۆ هەڵوەشاندنەوەى حزبوڵاى لوبنان دەکات
هەرچەندە ماوەى چەند ساڵێک دەبوو ئیسرائیل بەدواى بچوکترین جوڵەى حەسەن نەسروڵاوە بوو، شەڕیش گەیشتبووە بەردەرگاکەى و دامەزراوەى هەواڵگرییەکانى ناوخۆی حزبەکەشى ئاگاداریان کردبووەوە، کە شوێنێکى ئارامتر و باشتر دیاریی بکات بۆ کۆبوونەوەکانى، بەڵام ئەو باوەڕی وابوو کە ئیسرائیل نایەوێت شەڕەکە فراونتر بکات و ئامانجی کوشتنى ئەو نییە، بەڵام هێندەى نەبرد فڕۆکە ئێف 15ـەکانى ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر شوێنى کۆبوونەوەکەى، کە 40 مەتر لەژێر زەویدا بوو، بووە هۆى گیانلەدەستدانى خۆی و ژمارەیەک لە نزیکەکانى و رۆژى دواتر تەرمی نەسروڵا و جەنەراڵێکى ئێرانى پێکەوە دۆزرانەوە کە خنکابوون.
بەگوێرەى گوتەى 20 بەرپرسی باڵای ئەمریکی و ئیسرائیلى کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بە نیۆرک تایمزیان گوتووە ماوەیەکى زۆر بووە دەزگا هەواڵگرییەکانى ئیسرائیل ئامێری گوێگرتنیان لەنێو بارەگا سەرەکییەکانى حزبوڵادا چاندبوو، ئاگاداریی هەموو جموجوڵەکانیان بوون، شوێنى کۆبوونەوە نهێنییەکانیان پێدەزانى، رۆژنامەکە نووسیویەتى حزبوڵا گومانیان لە باتری مۆبایلەکانیان هەبووە و ناردویانە بۆ ئێران تا پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام وادەرنەچووە، بەڵام هەواڵگریی ئیسرائیل لە 2006دا توانیویەتى جێپێى 200 ئەندامى باڵاى حزبوڵا هەڵبگرێت و بزانێت چەندە چەک و موشەک و تەقەمەنییان هەیە و لەکوێدا کۆگایان کردوون.
سەبارەت بە ئامێری بەیجەرەکانیش رۆژنامەکە نوسیویەتى لە 2018ـەوە پلانى بۆ دانراوە و لەڕێگەى باترییەکانیانەوە تەقێنراوەنەتەوە.
سەباح
بەرلەوەى بایدن کۆشکى سپی جێبهێڵێت چەک دەداتە ئۆکراین
واچاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکى نزیکدا ئەمریکا بە بەهاى 1.25 میلیار دۆلار چەک و تەقەمەنى بداتە ئۆکراین، لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا کە لە چەند رۆژى رابوردودا روسیا کردیە سەر ئەو وڵاتە.
ئاژانسی ئاسۆشەیدتپرێس لە زارى ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردوەتەوە بایدن هەموو تواناکانى خۆی دەخاتەکار پێش کۆتایی وادەى جێهێشتنى کۆشکی سپی لە 20 مانگی داهاتوو هاوکاریی سەربازیی بگەیەنێتە ئۆکراین، بەگوێرەى ئاژانسەکە هاوکارییەکان بریتى دەبن لە موشەکى زەوی بە ئاسمان، سیستمى بەرگریی ئاسمانى لە جۆری هۆک، موشەکى جۆری 155 ملیم و 105 ملیم.
ئاژانسەکە ئاماژەى بەوەشکردووە لە سەرەتاى جەنگەکەوە تا ئێستا ئەمریکا بە بەهاى 65 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینى کردووە
مەدا
ئوسترالیا کۆتایی بە ئەرکەکانى دەهێنێت و هێزەکانى لە عێراق دەکشێنێتەوە
حکومەتى ئوسترالیا رایگەیاند، دواى ئەوەى کە مەترسییەکانى داعش کەمبوونەتەوە لە عێراق بریاریانداوە هێزەکانیان کە لەنێو چوارچێوەى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتیدا کاردەکەن، بکشێنێـتەوە و کۆتایی بە ئەرکەکانى خۆی بهێنێت.
بەگوێرەى راگەیەنراوەکەى ئوسترالیا لە ساڵی 2014ـەوە کە هاتوونەتە عێراق راهێنانیان بە 47 هەزار سەربازی عێراقى کردووە، 27 هەزار هێرشى ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگە و مۆڵگەکانى داعش لە عێراق و سوریا و 550 چالاکى هەواڵگریی ئاسمانییان ئەنجامداوە.
وەزارەتى بەرگریی رایگەیاندووە، کارى ئێمە لە عێراق تەواو بووە و لەم مانگەدا کۆتایی بە ئەرکەکانمان دەهێنێن.
عەرەب
تا ئیستا 250 فڕۆکە بەهۆی باڵندەوە تێکشکاون
دواى ئەوەى دوێنێ فڕۆکەیەکی کۆریای باشور بەهۆی کێشەى باڵندەوە خۆی کێشا بە دیواری راگریی فڕۆکەخانەکەدا و هەفتەى پێشووش فڕۆکەیەکى دیکەى ئازەربایجان کەوتە خوارەوە، چاوى فڕۆکەخانەکان کەوتەوە سەر باڵندەکان و ئەو کێشانەى کە بۆ فڕۆکەکان دروستى دەکەن، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەب لە ساڵی 1988ـەوە تا ئێستا باڵندە جۆراوجۆرەکان 250 فڕۆکەیان تێکشکاندووە.
جگە لەو 179 کەسەى کە لە فڕۆکە کۆرییەکەدا گیانیان لەدەستدا 262 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەى راپۆرتەکە لەنێوان 1990 تا 2023 لە ئەمریکا 291 هەزار و 600 بەرکەوتنى گیاندار و باڵندە لەگەڵ فڕۆکەکانى ئەو وڵاتەدا تۆمارکراوە، لە فەرەنسا ساڵانە 600 رووداوى بەرکەوتنى فڕۆکەکان لەگەڵ باڵندە و گیانەوەرە کێوییەکان تۆماردەکرێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو زیانانەى کە باڵندەکان لە فڕۆکەکانى دەدەن ساڵان یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریی ئەمریکییە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە زۆرینەى رووداوەکان لە کاتى فڕین و نیشتەوەیاندا روودەدەن، ئاماژەى بەوەشکردووە زۆرینەى ئەو باڵندانە نەورەس، داڵ و هەڵۆکانن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
ئایا ئەردۆغان لەگەڵ بەهێزترین دوژمنی خۆی ئاشتی دەکات؟
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، ئێستا کاتی ئاشتی هاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا لە ناوچە کوردییەکاندا تووشی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە.
لە هەمان کاتدا تەحریر شام بە پاڵپشتی تورکیا هەوڵ دەدەن کوردەکانی سوریا لە (رۆژاڤا) لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەرخەن.
پێدانی مۆڵەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ چاوپێکەوتنی ئۆجالان بە هەنگاوێکی مانادار دادەنرێت و هەلومەرجی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێوخۆیی وایکردووە ئەردۆغان تێبگات کە سەرکوتکردنی کورد چارەسەرێکی بەردەوام نییە.
ئۆجەلان لە ساڵی 1999ـەوە لە زینداندایە، تا ئێستاش وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکەدا ماوەتەوە و پەیامەکەی دەتوانێت مژدەی قۆناغێکی نوێ بێت لە پەیوەندییەکانی تورکیا و کورد، هەرچەندە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هەوڵی کرداری هەیە.
کەیهان
700 هەزار کۆمپانیای ناچالاک لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا داخراون
حەسەن بابایی سەرۆکی رێکخراوی تۆماری زەوی و موڵکی ئێران رایگەیاند: یەکەمین بەڵگەنامەی گۆڕینی دیجیتاڵی حکومەتی ئێران لەلایەن ئەم رێکخراوەوە ئامادە کراوە و سیستەمی گشتگیری خانووبەرە، وەک گەورەترین پڕۆژەی رێکخراوەکە، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بواری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 700 هەزار کۆمپانیای ناچالاک راگیراون و دەرکردنی بەڵگەنامەی ئەلیکترۆنی ئاسانکاری دەکات بۆ دۆزینەوەی زانیاری و چاودێریکردنی کۆمپانیای ساختە و ناچالاک و داخستنیان بۆ رێگری لە گەندەڵی و بەکارهێنانی یارمەتییەکانی حکومەت.
ئەبرار
خەڵک لە بێنرخی تمەنەوە پەنا بۆ دۆلار دەبەن
هادی قەوامی، ئەندامی کۆمیسیۆنی بودجەی پەرلەمان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو گوتی: بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دراو وایکردووە خەڵک هەست بکەن بەهای تمەن لە دابەزیندایە، بۆیە روویان کردووەتە گۆڕینی تمەن بۆ دراوی بیانی و پێشبینییەکان سەبارەت بە داهاتوو و هۆکارە دەروونییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر نرخی دراو داناوە و هەر دۆلارێک گەیشتووەتە 82 هەزار تمەن.
دەشڵێت: نەبوونی دراو دەبێتە هۆی هەڵاوسان لە بازاڕی دراودا بۆیە بانکی ناوەندی پێویستە رێوشوێنی پێشگرتن لە زیادەڕۆیی لە بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکان بگرێتەبەر و بە بەڕێوەبردنی دروست ئەم پرۆسەیە کۆنترۆڵ بکات.
باختەر
ئەگەر هەرێمی کوردستانیش هاوکاری نەکات، ئەسپی کوردی له ئاستی جیهانی تۆمار دەکەین
بەڕێوەبەری گشتی میراتی فەرهەنگی پارێزگای کرماشان هاوکاری نەکردنی هەرێمی کوردستانی بۆ تۆمارکردنی جیهانیی ئەسپی کوردی راگەیاند.
داریوش فەرمانی گوتیشی: سەرەڕای ئامادەیی عێراق بۆ بەشداریکردن لە تۆمارکردنی جیهانی ئەم ئەسپە، تا ئێستا هیچ رێکارێکی کردەیییان لەو بوارەدا نەگرتووەتە بەر.
ناوبراو دەشڵێت: پارێزگای کرماشان هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ تۆماری جیهانی ئەسپی کورد ئامادە کردووە و چەندین گەشتیان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە بۆ هاوکاری لەو بوارەدا و تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان هاوکار نەبێت، کرماشان ئەسپی کوردی لە ئاستی جیهان تۆمار دەکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
جیمی کارتەر، سەرۆکی ئاشتی، لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە بە سەرۆکی ئاشتی ناسرابوو، لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو کە لە بەرەی دیموکراتەکانی ئەمریکا بوو، لەنێوان ساڵانی 1977 بۆ 1981 و بۆ ماوەی تەنها یەک خول سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەڵام لە مێژووی سەرۆکەکانی ئەمریکادا درێژترین تەمەنی هەبووە.
چیپ کارتەری کوڕی، دەڵێت دەورووبەری کاتژمێر سێ و 40 خولەکی دوانیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی جۆرجیا گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا بەهۆی خراپی تەندرووستییەوە لەژێر چاودێری پزیشکیدا بووە. ساڵی رابردووش لە مانگی تشرینی دووەمدا هاوسەرەکەی لەتەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئندیپێندەنت
لە رووداوە تراجیدییەکەی تێکشکانی فڕۆکەکەی کۆریای باشور 179 کەس گیانیان لەدەستدا
لە تێکشکانی فڕۆکەکەی کۆریای باشوردا تەنها دوو کەس رزگاریان بوو و کۆی 179 کەسەکەی دیکە گیانیان لەدەستدا، خێزانی قوربانییەکانیش وێڵن بەدوای ئەوەی چی شتێک بووەتە هۆی یەکێک لە کوشندەترین کارەساتە ئاسمانییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە.
لەکاتێکدا شارەزایانی ئەو بوارە گومان لە قسەی بەرپرسانی وڵاتەکە دەکەن، کە دەڵێن بەهۆی بەریەککەوتنی فڕۆکەکە لەگەڵ باڵندە بووە. رووداوەکە لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکەدا بوو کە دەردەکەوێت هەر لەکاتی نیشتنەوەیدا گڕدەگرێت و دوایی خۆی بە پەرژینێکی کۆنکرێتیدا دەکێشێت.
ئۆرشەلیم پۆست
بنیامین ناتانیاهۆ نەشتەرگەری بۆ کرا و پرۆستاتی دەرهێنرا
بنیامین ناتانیاهۆ، دوای تووشبوونی بە هەوکردنی پرۆستاتەوە نەشتەرگەریی بۆ کرا و ئەو ئەندامەی لەشی دەرهێنرا. نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەیەکی ژێر زەویدا ئەنجامدرا و بەهۆیەوە بەنجی گشتی پێدرابوو، هەربۆیە چەند رۆژێکی دیکە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە دەبوو ناتانیاهۆ بەهۆی تێوەگلانی لە کەیستی گەندەڵییەوە لەبەردەم دادگای وڵاتەکەیدا ئامادەبێت و گووتەی لێ وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی نەشتەرگەرییەکەیەوە ئەم پرسە راگیرا. دکتۆرانی ناتانیاهۆ دەڵێن نەخۆشییەکەی مەترسیدار نییە و لە چەند رۆژێکی دیکەدا دەگەڕێتەوە سەر کارەکانی.
عەرەب نیوز
ئەحمەد شەرع رۆڵی سعودیە لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سوریا بەرز دەنرخێنێت
ئەحمەد شەرع، سەرکردەی ئیدارەی نوێی سوریا، رۆڵی سعودیەی لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سوریادا بەرز نرخاند و گووتی زۆر شانازیی دەکەم بە هەر شتێک کە سعودیە کردبێتی بۆ سوریا.
گوتیشی سعودیە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە داهاتووی وڵاتەکەدا. لەبارەی دۆخی ناوچەکەش، شەرع گووتی ئازادکردنی سوریا دەبێتە هێنانەکایەی ئاسایشێکی دڵنیا لە ناوچەکە و لە کەنداودا بۆ ماوەی 50 ساڵی داهاتوو. لەبارەی هەڵبژاردنی وڵاتەکەشەوە گووتی لە ئێستادا کارێکی سەختە و لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.