نەورۆز بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە دهۆکى بردەوە و دواى پێنج دۆڕاندنى لەسەریەک بە بردنەوە شادبووەوە.
لە یارییەکى دواخراوى هەفتەى نۆیەمى خولى ئەستێرەکانى عێراق و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆرى هاندەر، یانەى نەورۆز لە یاریگاى خۆیدا، میواندارى یانەى دهۆکى کرد.
لە تایمى یەکەمدا، نەورۆزى خاوەن یاریگا باشتر بینرا و دوو گۆڵى لەسەریەکى لە خولەکەکانى ٢١ و ٢٨دا لەلایەن ئاسۆ رۆستەم و مەروان حوسێنەوە تۆمارکرد و بە پێشکەوتنەوە کۆتایى بە تایمەکە هێنا.
لە تایمى دووەمدا، نەورۆز لە خولەکى ٥٦دا گۆڵێکى دیکەى لە ڕێگەى ئەحمەد مەحمودەوە تۆمارکرد، بەڵام لە خولەکى ٦١دا عەباس یاسینى لەدەستدا بەهۆى وەرگرتنى کارتى سورەوە.
بە سێ خولەک پێش کۆتایى هاتنى کاتى یاسایى یارییەکە، زانا عادل گۆڵێک بۆ دهۆک تۆمارکرد، بەڵام دواجار نەورۆز بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەى بردەوە.
بەم ئەنجامە، نەورۆز دواى پێنج دۆڕاندنى لەسەریەک لە خولەکەدا تامى بردنەوەى کردەوە و بە ١١ خاڵ سەرکەوت بۆ پلەى ١٧یەمى ریزبەندى خولەکە، دهۆکیش لە پلەى ١٠یەمدایە و ١٥ خاڵى هەیە.