زووم..
بەرگریی شارستانی کۆریای باشوور گیانلەدەستدانی 174 سەرنشینی فڕۆکە تێکشکاوەکەی پشتڕاستکردەوە کە تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی یونهابـی کۆریای باشوور، بەهۆی بەرکەوتنى پۆلێک باڵندە و خراپیی کەشوهەوا رووداوەکە دروستبووە، فڕۆکەکە لەکاتی نیشتنەوەی لە رێرەوەکەی خلیسکاوە و خۆی بە یەکێک لە دیوارەکانی فڕۆکەخانەکەدا کێشاوە، بەو هۆیەوە بڵێسەی ئاگر بەرزبووەتەوە و ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.
فڕۆکەکە لە گەشتێکی مەدەنیدا بووە لە بانکۆکی پایتەختى تایلەندەوە بۆ کۆریای باشوور، 181 سەرنشینی هەبووە، زۆرینەى سەرنشینەکانی فڕۆکەکە، هاوڵاتیی کۆریای باشوورن، تەنها شەش کەس لەو سەرنشینانە نەبێت تایلەندی بوون.
تائێستا تەنها دوو کارمەندی فڕۆکەکە رزگارکراون و دوو کەسی دیکەش نەدۆزراونەتەوە، سەرجەم ئەوانەی دیکە تائیستا بە مردوو لە قەڵەمدراون.
لەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە 83یان لە رەگەزی مێن و 80ـی دیکە لە رەگەزی نێرن، بەهۆی تێکچوونی تەرمەکانیشەوە کارمەندانی بەرگریی شارستانی نەیانتوانیوە رەگەزی 11 قوربانی دیکە دیاریبکەن.
میدیا ناوخۆییەکانی کۆریای باشوور دەڵێن، بچووکترین قوربانی رووداوەکە منداڵێکی سێ ساڵان بووە و بەتەمەنترین قوربانیش پیاوێکی 78 ساڵان بووە.
ئەم رووداوە بە کوشندەترین رووداوی تێکشکانی فڕۆکە لە کۆریای باشوور دادەنرێت لە 30 ساڵی رابردوودا. دواینجار کە رووداوێکی لەو جۆرە روویدابێت لە ئابی 1997 بوو کاتێک فڕۆکەیەکی مەدەنی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی گوام بە 254 سەرنشینەوە تێکشکا و تێیدا 228 سەرنشین گیانیان لەدەستدا.