محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، پاش گەیشتنى بە تاران رایگەیاند، رێگە نادەن خاکى عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشى ئێران بەکاربهێنرێت، وەک ئاماژەیەک بە چالاکى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە دژى ئێران.
دواى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان لە تاران، سەرۆککۆمارى ئێران و سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی هاوبەشیان رێکخست، ئیبراهیم رەئیسى سەرۆکى ئێران رایگەیاند، تاران و بەغداد بەردەوام دەبن لە هەماهەنگى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.
رەئیسى گوتیشى، پێگەى عێراق لە بەرقەرارکردنى سەقامگیریی ناوچەکەدا گرنگە و سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانیش بۆ ئێران، هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنى کێشەکانی ناوچەکەدا.
تاران و بەغداد بەردەوام دەبن لە هەماهەنگى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر
سەرۆککۆمارى ئێران جەختیکردەوە کە بوونى سەربازیی بیانى، کێشەکانى ناوچەکە زیاتر دەکەن، بۆیە پێویستە هێزە بیانییەکان لە ناوچەکە دەربکرێن.
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا، محەمەد شیاع سودانى رایگەیاند، عێراق پشتیوانییەکانى تاران بۆ بەغداد لە پاش ساڵى 2003 و جەنگى دژ بە داعش لەبیرناکات.
هاوشێوەى ئیبراهیم رەئیسى، سودانیش جەختیکردەوە کە لەگەڵ لایەنى ئێرانى لە هەماهەنگییەکانیان لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بەردەوام دەبین.
پرسى بوونى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان، تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکانى سودانى و ئیبراهیم رەئیسى بووە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەشدا سودانى بە بایەخەوە لەم پرسە دوا و قسەى زیاترى لەبارەوە کرد.
سودانى گوتى، حکومەتەکەى پابەندە بە دەستوور، ئەوەش وادەکات پابەند بێت بەوەى رێگە نەدات خاکى عێراق بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشى ئێران بەکاربهێنرێت.
پرسى بوونى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان بوو
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا، ئاسایشى هەردوو وڵات تەواوکەرى یەکترن و پێکەوە بەشێکن لە ئاسایشى ناوچەکە.
سودانى باسى لەوەشکرد، کە لە هەموو بوارەکاندا پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا دەدەن و لەگەڵ سەرۆکى ئێران رێککەوتن لەسەر چالاککردنى لیژنە ئابورییە هاوبەشەکان.
کۆمارى ئیسلامى ئێران، لە پاش سەرهەڵدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى نێوخۆى وڵاتەکەیەوە، زیاتر بە بوونى حزبەکانى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان نیگەرانە و تۆمەتباریان دەکات بەوەى، دەستیان لە فراوانکردنى خۆپیشاندانەکان لە رۆژهەڵاتى کوردستان هەیە و خەڵک بۆ “ئاژاوەگێڕیی” هەنادەدەن، وەکو چەند جارێک فەرماندە باڵاکانى سوپاى پاسداران ئاماژەیان بۆ کردووە.
ئێران لەو چوارچێوەیەدا لە دوو مانگى رابردوودا سێجار لە (28ى ئەیلول، 14 و 21ی تشرینی دووەم) هێرشى موشەکیی و درۆنى کردووەتە سەر بنکە و بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز و پردێ، ئەوە وێڕاى بۆردومانکردنى ناوچە سنورییەکانى سیدەکان کە هێزى پێشمەرگەى بەشێک لە حزبەکانى رۆژهەڵاتى لێییە، ئێران هەڕەشەى ئەوەشى کردووە کە هێرشەکانیان بۆسەر هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەى بەرپرسانى عێراق و هەرێمى کوردستان، حزبە کوردییەکان چەک دەکەن و لە خاکى هەرێم دووریان دەخەنەوە.
ئێران لە دوو مانگی رابردوودا، سێجار هێرشی موشەکی و درۆنی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان
وەکو وەڵامێک بۆ نیگەرانیی و هەڕشەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەفتەى رابردوو سەردانى بەغدادى کرد و رۆژى یەکشەممەش جارێکى دیکە سەردانى کردەوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانى کۆبوونەوەکانى سەرۆکى هەرێم لە بەغداد لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرکردە سیاسییەکان، پرسى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات و بۆردومانەکانى ئێران بوو بۆسەر هەرێمى کوردستان.
دوێنێش (28ى تشرینى دووەمى 2022) رۆژێک پێش سەردانەکەى سودانى بۆ تاران، سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغداد بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانى و محەمەد شیاع سودانى دووپاتيان كردهوه رێگه به هيچ جۆره ههڕهشه و كردهيهوهكى سهربازى له سنورهكان بهرامبهر وڵاتانى دراوسێ نادرێت و رێگەش بە بوونى گروپی چەکدار لە هەرێمى کوردستان نادرێت.
سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، ههولێر و بهغداد ههماههنگى دهكهن و ئاسايشى سنورهكان دهپارێزن، لهگهڵ وڵاتانى دراوسێش ههماههنگ دهبن و رێكارى پێويست دهگرنهبهر، بەڵام رێکارەکان ناڕوونن و باس نەکراون، کە چی دەکەن، لەکاتێکدا حزبەکانى رۆژهەڵات چەکدانان رەتدەکەنەوە.
نێچيرڤان بارزانى دەڵێت، دڵنيايی دەدات ههرێمى كوردستان بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچهكهش به فاكتهرى ئارامى و سهقامگيرى دهمێنێتهوه، هەفتەى رابردوو مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانیش هەمان قسەى گوت و دڵنیاییدا.