زووم..
بەرگریی شارستانی کۆریای باشوور رایگەیاند ژمارەی گیانلەدەستدان لە تێکشکانی فڕۆکەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەتە 124 کەس و لەنێویاندا تیمی فرۆکەوانی گیانیان لەدەستداوە.
181 سەرنشین لە فڕۆکەکەدا بوون و دەسەڵاتی بەرگریی شارستانی کۆریای باشوور دەڵێت، تەنها چوار کەس لە بەشی پشتەوەی فڕۆکەکە رزگارکراون کە دوو سەرنشین و دوو کارمەندی فڕۆکەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی “یونهاب”ـی کۆریای باشوور، بەهۆی بەرکەوتنى پۆلێک باڵندە و خراپیی کەشوهەوا رووداوەکە دروستبووە، فڕۆکەکە لەکاتی نیشتنەوەی لە رێرەوەکەی خلیسکاوە و خۆی بە یەکێک لە دیوارەکانی فڕۆکەخانەکەدا کێشاوە، بەو هۆیەوە بڵێسەی ئاگر بەرزبووەتەوە و ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆریای باشوور دەڵێت، تەنها بەشی پشتەوەی فڕۆکەکە زیانی کەمتر بەرکەوتووە و شێوەی دەناسرێتەوە، بەشەکانی دیکەی فڕۆکەکە بەتەواوی تێکشکاون.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەی وڵاتەکە، ئەم رووداوە کوشندەترین رووداوی تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیە لە 30 ساڵی رابردوودا.