رۆژنامە عەرەبییەکان
مەدا
نەفرەتى مووچە دیمەنی ئاهەنگەکانى سەری ساڵی لە هەرێمی کوردستانى ونکردووە
پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەراوورد بە پارێزگاکانى دیکەى عێراق، گرنگییەکى تایەبەت بە بۆنە و ئاهەنگەکانى سەری ساڵی نوێ دەدرێت و ئامادەکاریی بۆ دەکرێت.
سەرەڕای سوور بوونى خەڵک بۆ ئەو یادە، قەیرانە ئابوورییە خنکێنەرەکە، ئەم جارەیان گەورەتر لە رابردوو شوێنەوارى لەسەر ئەو بۆنە و ئاهەنگە جێهێشتووە.
هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانى سەری ساڵی نوێ ئەنجامدراوە و شەقام و بازاڕ و ناوەندە جۆراو جۆرەکان رازێنراوەتەوە، بەڵام قەیرانى ئابووریی و پێنەدانى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان، کاریگەریی و لێکەوتەى نەرێنی لە سەر ئەو بۆنە و ئاهەنگانە جێهێشتووە.
شەرقلئەوسەت
زیاتر لە 12000 کەس لە سوریا تا ئێستاش بێسەروشوێنن
فەزڵ عەبدولغەنى بەڕێوەبەری رێکخراوى تۆڕی مافى مرۆڤى سوریا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامى سیاسەتەکانی رژێمەکەى ئەسەد تا ئێستاش چارەنووسى 12 هەزار و 414 کەس دیارنییە.
ئەوە سەرەڕای ئەو هەزاران کەسەى کە لەکاتى نەمانى رژێمەکەدا لە زیندانە جۆراروجۆرەکان ئازادکران، بەگوێرەى گوتەکانى فەزڵ شەش هەزار و 724 کەس لە هێزە جۆراوجۆرە فەرمییەکانى ئەسەد دەستیان هەبوو لەو تاوانانەدا، راشیگەیاند تۆڕەکەیان هەموو ئامادەکارییەکى تێدایە بۆ پێدانى زانیاری بە لایەنە فەرمییەکان بۆ ئەوەى بەدواداچوونیان بۆ بکرێت، دواى گۆڕانکارییەکانى سوریاش 24 هەزار و 200 کەس لە زیندانەکان ئازادکراون، ئەوە لە کاتێکدا ژمارەى ئەوانەى کە بێسەوشوێنن و ناویان لاى ئەوان تۆمارکرابێـت ژمارەیان 136 هەزار و 614 کەس بوون بەو پێیە 112 هەزارو 414 کەس تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
عەرەب
مێژوو کلتووری ئیسلامیی کوردیی پشتگوێ خستووە و کارەساتەکانیش بەشێکى زۆری لەناوبردوون
عەلى قەرەداغی دەڵێت، ئەگەر کلتووری ئیسلامی کوردیی بپارێزرایە بەئەندازەى چیاکانى کوردستان باڵای بەرزدەبوو، محەمەد عەلى قەرەداغى، زانای ئاینى و لە هەمانکاتدا ئەدیب و گرنگی پێدەری بوارى دەستخەتەکان، بە رۆژنامەى عەرەبی راگەیاندووە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانى بۆ شوێنەوار و جێپەنجەکانى زانایانى کورد لە وڵاتانى بەریتانیا، ئەڵمانیا، تورکیا، عەرەبستانى سعوییە و چەند وڵاتێکى دیکە بۆمدەرکەوتووە زانایانى کورد کاری گەورەیانکردووە ئەگەر بپارێزرانایە ئەوا باڵایان بە ئەندازەى چیاکانى کوردستان دەبوو.
راشیگەیاند، یەکەمین دەستنووسى کوردستان مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى سێیەمی زایینى لە کوردستانە و پارێزراوە، بەڵام گرنگی ئەوتۆی پێنادرێت و پشتگوێخراوە، ئەو راشیگەیاند، لە بوارى پاراستنى کلتوور و دەستنووسەکاندا هەوڵی زۆرى داوە و تا ئێستاش چەندین کتێب زنجیرە کتێبی بڵاوکردوەتەوە، رونیشى کردووەتەوە بەرهەمی ئەدەبی و شیعر و دەستنووسى زانا کوردەکان بەهۆی پشتگوێخستنیانەوە بەشێکى زۆریان لەناوچوون، رونیشى کردووەتەوە یەکێک لەو قورئانە دەستنووسانەى کە لە سەردەمی عوسمانى کوڕی عەفاندا نوسراونەتەوە رەوانەى کوردستان کراوە، بەڵام چی بەسەر هاتووە پرسیارێکە و پێویستى بە وەڵام هەیە و لە بەر ئەوەى ناوەندێکی فەرمی و جدی لە کوردستاندا نییە نەتوانراوە تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، راشیگەیاند ئەو کارەسات و ماڵوێرانییانەى کە بەسەر کورددا هاتوون بەشێکى زۆر لە دەستنووسەکانى کوردستانى لەناوبردووە.
سەباح
لە بەغداد دادوەرێک تایبەتدەکرێت بە پاراستنى مافى مامۆستایان
ئەنجومەنى دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادوەرێکیان تایبەت کردووە بە پاراستنى مافى مامۆستایان و ئەو سکاڵایانەى کە لەدژى پێشێلکارییەکان بەرامبەریان تۆماردەکرێت.
راشیگەیاند، لە ساڵی 2024 ـدا پێشێلکاریی دژى مامۆستایان کەمیکردووە بەبەراورد بە ساڵانى رابوردوو، ئەحمەد شوەیلی گوتەبێژى سەندیکاى مامۆستایانى عێراقیش رایگەیاند، هەماهەنگی نێوان سەندیکا و ئەنجوومەنى دادوەریی ئەو بڕیارەى لێکەوتووەتەوە، بۆ ئەوەى شکۆی مامۆستایان پارێزراوبێت بڕیاریانداوە دادوەرێکى تایبەتى بۆ تەرخان بکەن، کارەکە لە بەغدادەوە دەستى پێکردووەو بڕیارە لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی دیکەش دادوەرێک بۆ هەمان کاربکرێت، راشیگەیاند بەردەوام مافى مامۆستایان پێشێلکراوە، لە دادگا گشتییەکانیشدا کەمتر مافەکانیان دەستەبەرکراوە.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
هەنگاوێک بۆ چارەسەری نرا
لەپاش بانگەوازەکەى دەوڵەت باخچەلی شاندی دەم پارتی سەردانی دورگەى ئیمراڵیان کرد.
بەمەش هەنگاوێک بۆ چارەسەریی نرا، شاندی دەم پارتی ئومێدەوارن هەنگاوی بەرەوپێش لە پڕۆسەکە بنرێت. هاوکات سەرۆکی مەهەپەش رەنگە بانگەوازی نوێی بۆ پڕۆسەکە هەبێت و ئەگەری پڕۆسەی چارەسەری بێتەئاراوە.
یەنیچاخ
سزای میدیا ئۆپۆزسیۆنەکان 10 هێندە زیاد بووە
ئیلهان تاشچی، نوێنەرى جەهەپە و ئەندامی ئەنجومەنی دامەزراوەى باڵای تەلەفیزیۆن و رادیۆی تورکی ( ریتوک) رایگەیاند، لە ساڵی 2024 دا سزا داراییەکانی دامەزراوەى ریتوک بۆ سەر میدیا ئۆپۆزسیۆنەکان 10 هێندە زیاد بووە بە بەراورد بە ساڵی پار.
تاشچی راشیگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا رێگە بە سادەترین رەخنە نادات و سزایی دارایی تەواوی میدیا ئۆپۆزسیۆنەکانی داوە.
گوتێشی، ئەم دامەزراوەیە بێلایەنی خۆی لەدەستداوە و بووەتە دامەزراوەیەکی دەسەڵات لەدژى دەنگی ئۆپۆزسیۆن لەو وڵاتە.
ئەڤرەنسەل
نرخی عەلاگەى نایلۆن 100% گران کرا
ساڵانێکە لە تەواوی مارکێتەکانی تورکیا و باکووری کوردستان نرخی عەلاگەی نایلۆن 25 قروشە، لەئێستادا بە رێژەى 100% نرخەکەى گرن کراوە و بووەتە 50 قوروش واتە نیو لیرەى تورکی.
ئامانج لە گرانکردنی عەلاگەى نایلۆن بۆ ژینگە پارێزییە و هاوکات وادەکات هاووڵاتیان زیاتر بەلاى بەکارهێنانی تورەکەی دەستیدا بچین بۆ کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانەیان.
یەنی مێساج
98٪ـی هاووڵاتیان لە دیموکراسی تورکیا نیگەرانن
بەگوێرەى راپرسییەکى هاوبەشی زانکۆی ئیستەنبوڵ و زانکۆی مەدیپۆل %99ـی بەشداربوانی راپرسییەکە لە ئابووری وڵات ناڕازین. لە راپرسییەکەدا ئاشکرای کردووە بەشێوەیەکی گشتیی %70 هاووڵاتیانی تورکیاش لە ژیانیان ناڕازین و نیگەرانییان هەیە.
لە راپرسییەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە 84٪ـی هاووڵاتیان لە سیستمی تەندروستی ناڕازین و 98٪ـی هاووڵاتیان لە دیموکراسی تورکیا ناڕازین.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
تورکیا باجی نوێ بەسەر شۆفێرانی بارهەڵگری ئێرانی دەسەپێنێت
تورکیا لێخۆشبوونی باجی سوتەمەنی بۆ بارهەڵگرەکانی ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە.
پێشتر بارهەڵگرەکانی ئێران لە کاتی چوونە ناو تورکیادا لە پێدانی باجی سووتەمەنی بەخشرابوون، بەڵام ئێستا ئەم یاسایە لابراوە.
بە گوێرەی یاسای ئێران، بارهەڵگرەکانی تورکیا دەبێت باجی گومرگی بدەن لە کاتی دەرچوون لە ئێران، بۆیە ئێستا لە بەرامبەردا بارهەڵگرەکانی ئێرانیش لە کاتی چوونە ناو تورکیادا دەبێت باجی 155٪ـی تانکیی سوتەمەنیەکان بدەن و وادەکات رۆیشتنی بارهەڵگرانی ئێران بەرەو تورکیا و ئەوروپا قورستر بێت.
ئەبرار
پچڕانی کارەبا و غاز توانای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی ئیلامی بۆ 65% کەمکردووە
داوود بەهمەنی، بەڕێوەبەری کارگەی چیمەنتۆی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پچڕانی کارەبا و غاز کێشەی سەرەکی ئەم کۆمپانیایەن.
ناوبراو دەڵێت، ئەم گرفتانە توانای بەرهەمهێنانی کارگەکەیان بۆ 65٪ کەم کردووەتەوە.
کۆمپانیای چیمەنتۆی ئیلام توانای بەرهەمهێنانی سێ ئەوەندەی بازاڕی ناوخۆی پارێزگاکەی هەیە و بەشێک لە بەرهەمەکانی هەناردەی پارێزگاکانی دیکە و وڵاتانی دراوسێ دەکات.
هەناردەکردن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە ساڵی 2014وە کەمیکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی لەکارکەوتنی ئامێرەکان و زیادبوونی تێچوونەکان.
ئەفکار
داهاتی ساڵانەی هەر تاکێکی پارێزگای ورمێ، نیوەی تێکڕای ئێرانە
رەزا رەحمانی پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تێکڕای داهاتی سەرتاسەری هەر تاکێک لە پارێزگاکە نیوەی تێکڕای ئێرانە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کێشە ئابوورییەکانی ئەم پارێزگایه.
رەحمانی جەختی لەوە کردەوە دەبێت گرنگی زیاتر بەسەقامگیری ئابووری ئەم ناوچەیە بدرێت و داوای لە کۆمپانیاکان کرد داهاتەکانیان بۆ بانکی پارێزگاکە بگوازنەوە.
پارێزگاکە لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و بازرگانیدا توانای زۆری هەیە بەڵام پەرەپێدانی کاری دەستی بە تایبەت فەرش پشتگوێخراوە و ئەوەش رێژەی داهاتی دابەزاندووە.
ئارمانی ئێمروز
ساڵی 2025 ساڵی دیاریکردنی چارەنووسی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانە
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ساڵی 2025ی بە ساڵێکی چارەنووسساز بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران زانی و جەختی لەوە کردەوە کە لە دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی چین بە جددی باس لە پرسی ئەتۆمی کراوە.
عەراقچی لە دووهەم رۆژی گەشتەکەیدا بۆ پەکین رایگەیاند، گفتوگۆکان بابەتی دوو قۆڵی و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بابەتی ئەمنی لەخۆ گرتووە.
هەروەها ئاماژەی بە پێداچوونەوە بە پێشنیارەکانی ئێران لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، ئاسایش و وزە لەگەڵ رێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای کرد.
بە گوتەی عەراقچی، بۆ ئەوەی هەر رێککەوتنێک بەردەوام بێت، پابەندبوون بە یاسا و بەڵێنەکان و هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەی پێویستە و ئێستا رێکەوتنی ئەتۆمی واتای نەماوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
یەکەم حەبی هێواشکردنەوەی نەخۆشی زەهایمەر دەگاتە دەستی تەندرووستی بەریتانیا
لە ئێستادا لە بەریتانیا دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە درووستکردنی حەبێك بۆ هێواشکردنەوەی نەخۆشی زەهایمەر، بۆ یەکەمجاریش حەبەکە دەدرێت بە وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا بۆ بەکارهێنان.
بڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دوای لێکۆڵینەوەکان بڕیار لەبارەی بەکارهێنانی ئەو دەرمانەوە بدرێت. حەبەکە، لەلایەن کۆمپانیایەکی بەریتانییەوە بەناوی تاو-ئاڕ-ئێکسەوە درووستدەکرێت و بەشێوەیەک کار دەکات کە رێگریی لە درووستبوونی تۆپەڵەی پرۆتینی دەگرێت لە مێشکدا کە پێیان دەوترێت تاو. ئەگەر ئەم پرۆسەیەش سەربگرێت دەبێتە هەنگاوێکی گەورە لە چارەسەکردنی ئەو کێشەیەی مێشک کە بەریتانیا دەیان ساڵە پێوەی دەناڵێنێت.
وواڵ ستریت جۆرناڵ
ئەڵمانیا دووبارە بیر لە کرانەوەی دەرگا بەرووی کۆچبەراندا دەکاتەوە
ئەڵمانیا لە ساڵانی رابردوودا خەڵکی بەتەمەنی زۆربوو، ئێستا بەهۆی زۆریی ژمارەی کۆچبەرانەوە لەڕووی تەمەنی دانیشتووانەوە تاڕاددەیەک جێگیرە. بەڵام لەئێستادا وەک زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا وڵاتەکە بیر لەوە دەکاتەوە بە سیاسەتەکانی وەرگرتنی کۆچبەران بکاتەوە، هەرچەندە هێشتا کاریگەریی کەمی ژمارەی لەدایکبوونی لەسەرە. هەرچەندە دۆخی ئابووری وڵاتەکە پێویستی بە کرێکاری نوێ هەیە، تەنانەت پێش هێرشەکەی هەفتەی رابردووش، زۆری ژمارەی کۆچبەران نەنگی بە وڵاتەکە هەڵچنیبوو.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل بەنیازە هێزەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی غەزە رێکبخاتەوە
لەسەروبەندی دواکەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا بۆ ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکانی هەردوولا، فەرماندەی باڵای سوپای ئیسرائیل، هێرزی هالێڤی، فەرمانی کردووە سوپا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ و فراوان لە غەزە ئامادە بکات و لە ناوچە جیاوازەکانەوە هێزەکانیان کۆ بکەنەوە. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە لەناو سوپادا، داوا لە هەریەک لە هێزی ئەندازیاریی شەڕ و فەیلەقی زرێپۆش کردووە کە خۆیان بۆ چوونە غەزە و رێڕەوی فیلادلفیا ئامادە بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گفتوگۆکان لە قەتەر بۆ گەیشتنە رێککەوتن بەردەوامن.
عەرەب نیوز
حکومەتی سعودیە 500 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی بۆ یەمەن دەنێرێت
حکومەتی سعودیە رایگەیاند، لە پاکێجێکی ئابووریدا بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار هاوکاریی یەمەن دەکات کە وڵاتەکە بۆ سەقامگیرکردنی بانکی ناوەندی یەمەن بەکاری بهێنێت و لەڕێگەیەوە سەقامگیریی و بووژاندنەوە بۆ خەڵکی یەمەن مسۆگەر بکات.
هاوکارییەکە بەشێوەیەک بۆ وڵاتەکە دەنێردرێت کە 300 ملیۆن دۆلار راستەوخۆ بۆ کێشە ئابووریی و داراییەکانی نابکی ناوەندی یەمەن و 200 ملیۆن دۆلاریش بۆ کورتهێنانی بودجەی حکومەتی ئەو وڵاتە دابین دەکرێت.