زووم..
لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئازەرەییەکە، ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا داوای لێبوردنی ئاڕاستەی سەرۆک و گەلی ئەو وڵاتە کرد.
هاوکات ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی لە ئیسرائیل، ئیمارات، تورکمانستان و کازاخستان گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ روسیا راگرت.
ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی ئازەربایجان دوای تێپەڕینی بە ئاسمانی روسیا، لە کازاخستان کەوتە خوارەوە و تیایدا 38 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، کۆمپانیای فلای دوبەی ئیماراتی گەشتەکانی بۆ هەردوو شاری مینرانڵی فۆدی و سۆشی لە باشووری روسیا هەڵوەشاندووەتەوە و سەرجەم گەشتەکانی تاوەکو سێی مانگی داهاتوو راگرتووە.
هەر بە گوێرەی فرانس پرێس، چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فڕۆکەوانیی ئیسرائیل و تورکمانستان و کازاخستان تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو گەشتەکانیان بۆ روسیا راگرتووە.
سەبارەت بەو رووداوە، ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان ئەنجامداوە داوای لێبوردنی لە گەلی ئەو وڵاتە کردووە.