ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2022 بەرەو واشتۆن بەڕێ دەکەوێت، ئەمە یەکەم سەردانێتى لەسەردەمى سەرۆکایەتى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکادا. هێرشەکانى روسیا بۆسەر ئۆکراینا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆى نێوان هەردوو سەرۆک دەبێت.
دواین سەردانی ماکرۆن بۆ واشتن لە ساڵی 2018 بوو، ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ماکرۆن و بایدن تاوتوێی کۆمەڵێک پرس دەکەن، لەنێویاندا لەشکرکێشییەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراینا.
هەروەها بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی چین لە زەریای هێمن و زەریای هیندی بابەتێکی دیکەی گفتگۆکان دەبێت.
بابەتە ئابورییەکانی وەک نرخی گازی ئەمریکی، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکان دەبێت.
قەیرانی ئۆکراینا،هەژموونی چین،قەیرانی ئابوری تەوەری گفتوگۆ دەبن
ساڵى رابردوو پەیوەندییەکانى پاریس و واشتن بۆماوەیەک گرژى تێکەوت، ماکرۆن بۆ ماوەیەکی کورت باڵیۆزی فەرەنسای لە ئەمریکا بانگهێشتکردەوە، دوای ئەوەی کۆشکی سپی رێککەوتنێکی بۆ فرۆشتنی کەشتى ژێردەریایی ئەتۆمی بە ئوسترالیا راگەیاند، لەکاتێکدا ئوسترالیا گرێبەستى لەگەڵ فەرەنسا بۆ کڕینى ژێردەریایی ئەتۆمى هەبوو.
جەنگى ئۆکرینا پەیوەندییەکەى ئاسایی کردەوە، ماکرۆن وەک یەکێک لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بایدن لە رووى پێشەوە دەرکەوت، دژ بە هێرشەکانى روسیا بۆسەر ئۆکراینا.
سەرۆکایەتی فەرەنسا سەردانەکەی بە “سەردانێکی تایبەت” ناوهێناوە و رایگەیاند، هەنگاوێکی بەهێزە بۆ هاوبەشی و گەڕاندنەوەی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا.
سەرۆکایەتی فەرەنسا دەڵێت، هەدوولا ئامانجی سیاسی روونیان هەیە و پێویستە پێکەوە بە بەهێزی لە قەیرانی ئۆکراینا دەربچن.
سەرۆکایەتی فەرەنسا: سەردانەکە تایبەتە
پلانی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ واشنتۆن بەمشێوەیەیە:
- ماکرۆن ئێوارەی سێشەممە بە یاوەرەی شاندێکی گەورەی حکومی و پەرلەمانی، لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی چالاکی بواری ئابوری و زانستی و رۆشنبیری، سەردانی واشنتن دەکات.
- ماکرۆن بەشێوازی پرۆتۆکۆلی پێشوازی لێدەکرێت، 21 تۆپ لە کۆشکی سپی دەتەقێندرێت و نمایشی پاسەوانی شەرەف دەکرێت و سەردانی مەزارگەی نیشتیمانی ئارلنگتۆن دەکرێت.
- لە چوارچێوەی بەرنامەکە بایدن خوانێکی خێزانی رێکخستووە، تاوەکو کەشێکی دوور لە کلتورە فەرمییەکان بڕەخسێت بۆ گفتوگۆ.
- ئێوارەی پێنجشەممە خوانێکی گەورە لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی رێکدەخرێت، دوای خوانەکە بڕیارە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسی هاوبەشدا قسەى زیاتر لەبارەى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بۆ میدیاکان بکەن.
- لە کۆتاییدا ماکرۆن سەردانی کۆنگرێس دەکات و چاوی بە ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس دەکەوێت، کۆتایی سەردانەکە لە شاری “نیو ئۆلیانز” دەبێت.
بایدن و ماکرۆن خوانێکی خێزانی کۆیان دەکاتەوە