زووم..
ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاندووە، بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە لەماوەى پێنج ساڵدا لە تورکیا و باکووری کوردستان 342 هەزار و 821 خوێندکاری زانکۆ ناویان لە تۆماری زانکۆ سڕاوەتەوە و نەیانتوانیوە قۆناغەکانی زانکۆ تەواو بکەن.
بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى یەنیچاخ، بەکر باشە فیرگەن، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاندووە، ئامارەکانی راپۆرتی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بەو خوێندکارانەی دەستبەرداری خوێندن زانکۆ بوون تەنها لە ساڵى 2024 دا 56 هەزار و 107خوێندکار بووە.
لە درێژەى هەواڵەکەدا ئەو پەڕلەمانتارەی جەهەپە ئاماژەى بەوەشکردووە، خوێندکاران بەهۆی قەیرانی ئابووریی، خەرجییەکانی کرێی شوێنی مانەوە و تێچووی خواردنەوە، ناتوانن لە زانکۆ بخوێنن. بەشێکی زۆر لەم خوێندکارانە کار دەکەن. دەسەڵات نەیتوانیوە بەگوێرەى پێویست هاوکاری خوێندکاران بکات.