زووم..
لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە چاکردنەوەی پردی زارگەلی کردوە و دەڵێن ئەگەر چاکردنەوەکە سەرکەوتوو نەبێت دەبێت بیگۆڕن و ئەوەش کاتی دەوێت.
بەرەبەیانی دوێنێ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر خۆی کێشا بە پردی زارگەلی لە سەیرانگەی گەلی عەلی بەگ، کە رێگایەکی سەرەکی هاتووچۆ بازرگانییە لەنێوان هەولێر و ئێران و دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار بوون، پردەکە بەڕووی شۆفێراندا دابخەن و شۆفێران رێگەی بەدیل بەکاربهێنن.
خوسرەت سادق بەڕێوەبەری رێگاوبان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زوومی گوت، دەستیان کردووە بە کارکردن لە چاکردنەوەی پردەکە، کە رێگایەکی سەرەکی بازرگانییە، بەڵام ئەگەر چاکنەکرێتەوە دەبێت بیگۆڕن و ئەوەش کاتێکی زۆری دەوێت و ئاستەنگی هاتووچۆ لە ناوچەکە دروستدەکات، چونکە رێگە بەدیلەکەی کە ئێستا بەکاردەهێنرێت تایبەتمەندی ئەو رێگایەی تێدا نیە بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان.