سبەینێ نەورۆز و دهۆک لە سلێمانى رووبەڕووى یەکدەبنەوە و قەحتان جەسیریش بەدواى یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت.
لە یارییە دواخراوەکانى هەفتەى نۆیەمى خولى ئەستێرەکانى عێراق، سبەینێ یەکشەممە کاتژمێر دووى پاش نیوەڕۆ لە یاریگاى نێودەوڵەتى نەورۆز لە سلێمانى، یانەى نەورۆز میواندارى یانەى دهۆک دەکات.
نەورۆز، کە لە دوایین چوار یارى خولەکەدا سەرجەمیانى دۆڕاندووە، هەوڵ دەدات بە سوودوەرگرتن لە یاریگا و هاندەرەکانى سێ خاڵى یارییەکە بەدەستبهێنێت، کە لە ئێستادا بە هەشت خاڵ لە پلەى ١٨ى ریزبەندى خولەکەدایە.
قەحتان جەسیرى راهێنەرى نوێى نەورۆز، کە دواى دوورخستنەوەى جۆرڤان ڤێراى بەڕازیلى ئەو پۆستەى وەرگرت، بەدواى یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت بۆ تیپەکەى، دواى ئەوەى لە یەکەم یارى خۆیدا لەگەڵ نەورۆز لە خولى ئەستێرەکان تووشى شکستبوو.
لە بەرامبەردا، دهۆک، کە چوار یارییە لەسەریەک تووشى شکستنەبووە، دەیەوێت لەسەر سکەى ئەنجامە باشەکانى بەردەوام بێت و هەنگاو بۆ پلەکانى پێشەوەى ریزبەندى خولەکە بنێت، کە لە ئێستادا لە پلەى ١٠یەمدایە و ١٥ خاڵى هەیە.