رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
عێراقچی لە چین بۆ چارەسەرى ئەتۆم و گەمارۆ و ئاڵنگارییەکانى وڵاتەکەى دەگەڕێت
ئاژانسی ئیرناى ئێرانى لە زارى عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەى ئێران بڵاویکردەوە، بۆ گفتوگۆ و راوێژ لە بارەى هەندێک کێشەى گرنگى وڵاتەکەى چووەتە وڵاتى چین.
راشیگەیاند، ئەوان بەبێ راوێژکردن لەگەڵ چین هەنگاو نانێن، لەسەر داواى چینییەکان سەردانیان کردووە و کاتەکەشى زۆر گرنگە لەبەرئەوەى جیهان و ناوچەکە لەبەردەم ئاڵنگارییەکى گەورەدایە، دەبێت هەردوو وڵات خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە یەکێکى دیکە لەو دۆسێیانەى لەنێوان چین و ئێراندا باسدەکرێت بابەتى گەمارۆکانى سەر ئەو وڵاتە و بەگەڕخستنى دەسەڵاتەکانى چینە وەک یەکێک لە ئەندامە هەمیشەییەکانى ئەنجوومەنى ئاسایش.
عەرەب
هەناردە نەکردنەوەى نەوتى کوردستان کێشە دارایی و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خۆیدا دەباتە ساڵى نوێ
هەرچەندە لە کۆتاییەکانى ساڵێکی قەیراناویی بۆ هەرێمی کوردستان نزیکدەبینەوە، بەڵام کێشە دارایی و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خۆیدا کۆتایی پێناهێنێت و پێدەنێتە ساڵێکى نوێوە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئەو هێزە شیعییەى لە ئێستادا عێراق بەڕێوەدەبان بەدواى ئەوەدا دەگەڕێت هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەیەکدا هاتوچۆ بکات کە لەژێر دەسەڵاتى خۆیاندا بێت و نەتوانن هەنگاو بنێنە دەرەوەى چوارچێوەکە.
بەگوێرەى رۆژنامەکەش ئەو رێککارانەى بۆ لیستى مووچەى فەرمانبەران دروستدەکرێت یەکێکە لەو یارییانە، ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو ئومێدانەى کە بە هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستانەوە هەڵواسراوە لە ساڵی نوێدا، هیچیان لێ سەوز نابێت و روناکی نابینێت، مەگەر ئەو کاتانەى کە عێراق بە تەواوەتى لەوە دڵنیا ببێتەوە کە لەژێردەسەڵاتى خۆیدایە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتى ناوەند بە فشارى ئێرانییەکان بەردەوام هەرێمى کوردستان دەخاتە ژێر فشارەوە، لەبەرئەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان نزیکایەتییەکى زۆری لەگەڵ ئەمریکاى نەیاریدا هەیە و زۆرینەى هەنگاوەکانى لە بەرژەوەندی ئەو دەشکێتەوە، یەکێکە لە هۆکارەکانى هەژموونى تورکیا لە عێراق و هەرێمى کوردستان و ئەوەش لە بەرژەوەندى ئێران نییە لە ناوچەکەدا، بە تایبەتى لە ئێستادا کە کۆتایی بە دەسەڵاتى یەکێک لە گەورە هاوپەیمانێکى هاتووە لەناوچەکەدا کە رژێمەکەى ئەسەد بوو.
قودسى عەرەبی
دەسەڵاتدارانى نوێى سوریا 200 تاوانباریان دەستگیرکرد و بەرپرسی گەورەیان تێدایە
پرۆسە سەربازییەکان بۆ کێوماڵکردن و گەڕان بەدواى تاوانبارانى رژێمەکەى ئەسەد دا لە سوریا بەردەوامی هەیە، لە دیمەشق، حەما، تەرتوس و لازقییە پشکنین و گەڕان زۆر چڕکراوتەوە، لەبەرئەوەى لەوپارێزگایانەدا زۆرترین تاوان و پێشێلکاریی ئەنجام دراون.
سەرچاوە ئەمنییەکەی دەسەڵاتدارانى نوێی سوریا بە رۆژنامەى قودسى عەرەبی راگەیاندووە 200 کەسیان دەستگیرکردووە، کە دەستیان هەبووە لە تاوانى دژە مرۆڤایەتیدا و لەنێویاندا حەیان مەیاـى تێدایە، کە یەکێکە لە تاوانبار و ناوبانگخراپەکانى سوریا و بەرپرس لە بەشێکى زۆری تاوانەکانى سەردەمی ئەسەد.
هەروەها یەکێکى دیکە لە دەستگیرکراوەکان شجاع ئالعەلییە، کە بەرپرس بووە لە سەرکوتکردنى خۆپیشاندەرانى حیمس و 109 کەسیان تێدا کوژرا، کە نیوەی زیاتریان منداڵ بوون. هەروەها یەکێکی دیکە لە تاوانبارەکان فەخری دەروێشە کە بەڕێوەبەری نوسینگەى لیواى قودس بووە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، کە هەڵمەتى دەستگیرکردنى تاوانبارانى سەردەمی ئەسەد بەردەوامى دەبێت و و وادەى کێوماڵکردن دیاریکراوى نییە.
عەرەبی جەدید
لە دواى گۆڕانکارییەکانەوە عێراق بە بێدەنگی هەناردەکردنى نەوتى بۆ سوریا راگرتووە
دواى گۆڕانکارییەکانى سوریا هیچ لێدوانێکى فەرمی لە لایەن بەرپرسانى عێراقەوە لە ئارادا نییە لەبارەى ئەو بڕە نەوتەى کە پێشتر بە تانکەر رەوانەى حکومەتەکەى ئەسەد دەکرا، مورتەزا جەشعەمیى گوتەبێژى وەزارەتى نەوتیش دەڵێت ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەبارەى هەناردەى نەوتەوە بۆ سوریا لە بەردەستدا نییە و لەبارەى راوەستاندنیشەوە هیچ زانیارییەکیان پێنەگەشتووە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو نەوتەى کە پێشتر رەوانەى سوریا کراوە لە لایەن عێراقەوە بەشێوەی فەرمی نەبووە، ئاماژەى بەوەشکردووە لە سەردەمی ئەسەد دا رۆژانە بە تانکەر 120 هەزار تەن نەوت رەوانەى سوریا کراوە، بەرپرسێکى باڵا لە حکومەتى عێراقى بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئەو بڕە نەوتە کە پێشتر رەوانەکراوە نەچووەتە نێو لیستى هەناردەکراوەکانى نەوتى عیراق و لە رێگەى کۆمپانیاى تایبەتەوە ئەنجامدراوە و هاوکارییەکى بێدەنگ بووە بۆ حکومەتی سوریا.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
12 هەزار پەرستاری نوێ لە ئێران دادەمەزرێن
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە مرۆییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، مۆڵەتی دامەزراندنی 27432 کەس لە بوارەکانی تەندروستی، چارەسەر و حاڵەتە فریاگوزارییە پزیشکییەکان وەرگیراوە.
دکتۆر سەیفوڵڵا مورادی ئاماژەی بەوەشکرد، کە زیاتر لە 12 هەزار لەو ژمارەیە لە گروپی پەرستاریدان.
ئەم ژمارە دامەزراندنە بۆ بەهێزکردنی ناوەندە پزیشکییەکان دەرکراون بۆ ئەوەی ببێتە هۆی چارەسەریی کێشەی کەمیی سەرچاوە مرۆییەکان لە کەرتی تەندروستی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.
جومهوریی ئیسلامی
گەمارۆکان کاریگەریی نەرێنیان لەسەر هاوردەکردنی دەرمان هەبووە
ئەندامێکی کۆمسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، کە سزاکان کاریگەریی نەرێنی و گەورەیان لەسەر سیستەمی تەندروستی هەبووە. محەمەد جەمالی رایگەیاند، گەمارۆکان رێگریان لە دابینکەرانی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی کردووە کە کاڵای پێویست هاوردە بکەن و تەنانەت هەندێک کۆمپانیای دەرمانی بیانی کە لە ژێر سزاکاندا نین، هاوکاری لەگەڵ ئێرانییەکان ناکەن.
گوتیشی، دەرمانە نوێیەکان بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە بەهۆی گرانی نرخەکانیانەوە بیمە نایانگرێتەوە و ئەمەش نیگەرانییەکی جدی بۆ نەخۆشەکان دروستکردووە و پێویستە حکومەت توانای دابینکردنی دەرمان زیاد بکات و داپۆشینی بیمەی فراوانتر بکات بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر نەخۆشەکان.
ئارمانی میللی
بارودۆخی تەندروستی دەم و ددانی منداڵانی قوتابی لەبار نییە
یەکێک لە کێشە دیارەکانی تەندروستی دەم و ددان لە ئێران، تێچووی زۆری خزمەتگوزارییەکانی ددانه کە زۆرێک لە خێزانەکان توانای ئەوەیان نییە.
ئەم بابەتە رێژەی خراپبوونی ددانەکانی زیاد کردووە، بەتایبەتی بۆ منداڵان و مێرمنداڵان.
بە گوتەی بەرپرسی تەندروستیی وەزارەتی پەروەردە، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، بەرنامەکانی وەک چارەسەری فلۆراید و پەروەردەی تەندروستی دەم و ددان لە قوتابخانەکاندا جێبەجێ دەکرێن و بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت.
ئەبراری ئیقتسادی
تەواوی دانیشتوانی ئێران لەسەر هێڵی بوومەلەرزەدا دەژین
عەلی بەیتوڵڵاهی، بەرپرسی بەشی بومەلەرزەناسی ناوەندی وەزارەتی رێگاوبان دەڵێت، ئێران لە رێزەی 10 وڵاتی یەکەمی جیهاندایە کە بوومەلەرزە تێیدا زۆر روودەدات.
ئاماری بوومەلەرزەکانی ئێران دەریدەخات کە ئەم رووداوانە زۆرجار لە ناوەندەکانی پڕدانیشتووی وڵات روودەدەن.
بەیتوڵڵاهی دەڵێت، دانیشتوانی ئێران زۆرینەیان لە سەر هێڵە بەقەوەتەکانی بوومەلەرزە دەژین.
بەهۆی مەحاڵبوونی دوورکەوتنەوە و گواستنەوە لەو هێڵانە، وا دیارە ناچارین بەم شێوازە بەردەوام بین.
لە ماوەی 125 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 56 هەزار بوومەلەرزە لە ئێران روویانداوە کە تەنیا 16٪یان هەست پێکراون و زۆربەیان لە رێگەی ئامێرەکانەوە تۆمار کراون.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
ئامانجی تورکیا لە بازرگانی دەرەکیدا 280 ملیار دۆلارە
عومەر بۆلات وەزیری بازرگانی تورکیا رایگەیاند، لە11 مانگی ئەمساڵدا قەبارەى ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکیمان لەگەڵ دەرەوەدا بە رێژەى 2.5٪ زیاد بووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار و گەیشتۆتە 238.5 ملیار دۆلار.
راشیگەیاندووە، تورکیا لەگەڵ 114 وڵاتدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە. ئاماژەى بەوەشکردووە، ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2025 دا ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بگەیەنینە 280 ملیار دۆلار.
قەرار
دەم پارتی: کۆمەڵگە چاوەڕێی نەخشەڕێگەیەک دەکات
تونجای بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، درێژکردنی دەستی تەوقە بۆ ئێمە لەلایەن مەهەپەوە گرنگە لەوەشگرنگتر هەنگاونانە بۆ ئاشتەوایی.
راشیگەیاندووە، ئاک پارتی پێشتر زانیوێتی بەشار ئەسەد دەڕوخێت و دەشزانێت کوردەکانی سوریا یەک لە فاکتەرە سەرەکییە سیاسیی و ئەمنییەکانى سوریایە.
میللییەت
جەهەپە: فشارەکانمان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە زیاتر دەکەین
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاندووە، فشارەکانمان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە زیاتر دەکەین و هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ تاکوو بتوانین لە ساڵى 2025 دا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا ئەنجامبدرێت.
راشیگەیاندووە، ئەم پرسە پەیوەندی بە 85 ملیۆن هاووڵاتی تورکیاوە هەیە بە راست و بە چەپ ئەوانەى پێییانوایە هەق و مافیان لەلایەن کەسانی دیکەوە دەخورێت پێویستە پشتیوانی لە ئێمە بکەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
یەنیچاخ
بەهۆی قەیرانی داراییەوە زیاتر 324 هەزار خوێندکاری زانکۆ دەستبەرداری خوێندن بوون
بەکر باشەفیرگەن پەڕلەمانتاری جەهەپە رایگەیاندووە، بەگوێرەى راپۆرتی وەزارەتی پەروەردە لە ساڵى 2024 دا 56 هەزار و 107 خوێندکار بەهۆی نەبونییەوە دەستبەرداری خوێندن لە زانکۆ بوون.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەماوەى پێنج ساڵدا 342 هەزار 821 خوێندکاری زانکۆ تۆماریان لە زانکۆ سڕاوەتەوە نەیانتوانیوە قۆناغەکانی زانکۆ تەواو بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خوێندکاران بەهۆی قەیرانی ئابووریی، خەرجییەکانی کرێی شوێنی مانەوە و تێچووی خواردنەوە ناتوانن لە زانکۆ بخوێنن. بەشێکی زۆر لەم خوێندکارانە کار دەکەن چونکە دەسەڵات نەیتوانیوە بەگوێرەى پێویست هاوکاری خوێندکاران بکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز بۆ بەریتانیا 150 هەزار کەسی تێپەڕاند
ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزییەوە لە وڵاتی فەرەنساوە گەیشتوونەتە وڵاتی بەریتانیا 150 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لەوکاتەوەی کە قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی 2018 دەستیپێکردووە. ئەو ژمارەیەش کاتێک تۆمارکراوە کە بە تەنها لە یەکەم و دووەم رۆژی کریسمسدا 835 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە. ئەمەش نیگەرانییەکانی بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە زیاتر کردووە کە چۆن کۆنترۆڵی سنووەرەکانی بکات لە هەمان کاتتدا بوودجە بۆ حەوانەوەی ئەو کۆچبەرانە دابین بکات. هەربۆیە پارتی پارێزگاران داوا دەکات حکومەت پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ روواندا دووبارە بخاتەوە کار.
ئیندیپێندێنت
کەشتییەکی ئاسمانیی ناسا دوای بڕینی دوورترین گەشتی بەرەو خۆر رزگاری بوو
کەشتییەکی ئاسمانیی ناسا کە دوورترین گەشتی بەرەو خۆر ئەنجامدابوو توانی رزگاریی ببێت و لە ئێستادا لە دۆخێکی باشدایە.
کەشتییەکە توانیی سەرکەوتووانە بگاتە نزیکترین خاڵ لە خۆرەوە کە تا ئێستا هیچ کەشتییەکی دیکەی ئاسمانی پێی گەیشتبێت، بەشێوەیەک کە دووری نێوان رووی خۆر و کەشتییەکە 3.8 مایڵ بوو. کەشتییەکە بە خێرایی 430 هەزار مایڵ بەرەو رووی خۆر دەرۆیشت، بەشێوەیەک خێراترین شتە کە لە سەر زەویی درووستکرابێت. لە گەشتەکەیدا توانیی بەرگەی گەرمیی 983 پلەی سلیزیی بگرێت. بڕیار وایە لە یەکی مانگی داهاتوودا کەشتییەکە ئەزموون و ئەو دۆخانەی پێیدا تێپەڕیوە بنێرێتەوە بۆسەر زەوی.
ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
سەرۆکی چین سەردانی روسیا دەکات
باڵیۆزی مۆسکۆ لە پەکین رایگەیاند، بڕیار وایە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە ساڵی داهاتوودا سەردانی روسیا بکات و دوو وڵاتە دراوسێکە بەرەی بەرگریی لە بەرامبەر رۆژئاوادا دوو هێندە بکەن کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشەوایەتی دەکرێت. پێشتر روسیا بەڵێنی دابوو تەواوی تواناکانی خۆی لە بواری کێشە ئابووریی و ئەمنییەکان بخاتەگەڕ بۆ هەماهەنگیی کردن لەگەڵ چین بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی رۆژئاوا. باڵیۆزەکەی روسیا گووتووشیەتی ئەمریکا بەشێوەی سیستماتیکی فشارە سەربازییەکانی لەسەر چین زیاتر دەکات و دەبێت رێگەی پێ بگیرێت.
عەرەب نیوز
سەربازانی ئیسرائیل نەخۆشخانەیەکی غەزە دەسوتێنن
دوای سێ مانگ لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە غەزە، سەربازانی سوپای ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر یەکێک لە دوایین نەخۆشخانەکانی باکووری ئەو کەرتە و ئاگریان تێبەردا.
بەهۆی ئەمەشەوە چەندین نەخۆش و ستافی نەخۆشخانەکەیان ناچارکرد لە سەرماوسۆڵەی زستاندا بچنە دەرەوەی نەخۆشخانەکە. بیانووی ئیسرائیلیش لەناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە گەڕەکەکانی دورووبەریی نەخۆشخانەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ 45436 کەس بەرزبووەوە.