زووم..
ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، وەزارەتی دادی تورکیا وەڵامی داواکارییەکەی دەمپارتی داوەتەوە بۆ سەردانیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و دوو پەرلەمانتاری پارتەکە دەچنە زیندانی ئیمراڵی.
ئاژانسەکە دەڵێت هەریەکە لە سەری سورەیا و پەروین بوڵدان سبەی شەممە یان یەکشەممە سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی دەکەن بۆ ئەوەی چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان بکەوێت.
لە دواى شکستهێنانى پرۆسەى ئاشتى لە ساڵى 2015 ئەمە یەکەم سەردانى شاندى سیاسی پارتە کوردییەکانە بۆ لاى ئۆجەلان، کە نزیکەی 26 ساڵە لە دوورگەى ئیمراڵى زیندانیکراوە.
ئەم هەنگاوە دواى ئەوەدێت، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکى مەهەپە و هاوپەیمانی ئەردۆغان دەستپێشخەرییەکی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی راگەیاندووە و داوایکرد گفتوگۆ لەنێوان دەمپارتى و ئۆجەلان دەستپێبکات.
دوایین کەس سەردانى ئۆجالانى کرد، عومەر ئۆجەلان، برازاى عەبدوڵا ئۆجەلان بوو، دواى سەردانەکە پەیامێکى ئۆجەلانى بۆ رایگشتى تورکیا و کوردستان بڵاوکردەوە کە وتبووى، دەتوانم دۆخى شەڕ بگۆڕم بۆ سیاسی و یاسایی.