زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە دووەم رۆژی هێرشەکانی دەستەی تەحریر شامەوە هەماهەنگی مەیدانی لەنێوانیاندا دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا دانوستانی راستەخۆیان نەکردووە و دەیانەوێت لە سوریای نوێدا مافی تەواوی پێکهاتەکانی پارێزراو بێت بە گەلی کوردەوە.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت دەڵێت، ئەوان ئامادەن شەڕڤانان تێکەڵی سوپای نیشتمانیی سوریا بکەن، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە لەسەر میکانیزمێک رێکبکەون و سوپاش بەرگری لە تەواوی هاووڵاتیانی سوری بکات.
لەبارەی هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیاوە، عەبدی گوتوویەتی، هەڕەشە و مەترسیەکانی تورکیا و گرووپەکانی لەسەر کۆبانێ جدین، بەڵام لەگەڵ هاوپەیمانان کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیاش پێشنیازی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەکیان کردووە، بەڵام تا ئێستا تورکیا وەڵامی نێوەندگرییەکەی ئەمریکای نەداوەتەوە و بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێز.
لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژاڤا، دەڵێت، گەڕانەوەیان بۆ نیشتمانی خۆیان ئاساییە بۆ بەشداریکردن لە بونیاتنانەوەی وڵاتەکەیان.
عەبدی ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەن بەرپرسیارێتیی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بدەنە دەست دەسەڵاتدارانی دیمەشق، ئەوەش بەگوێرەی میکانیزمێک کە لەسەری رێکبکەون.
فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختی لەوەکردووەتە لە پلانیدایە سەردانی دیمەشق بکات، هەرکات دۆخەکە گونجاو بێت، چونکە دیمەشق پایتەختی ئەوانە.