زووم..
ژمارەیەک تانک و زرێپۆشی هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، لە پارێزگای رەقەوە بەرەو کۆبانێ کەوتنە جوڵە.
سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، پێنج تانک و زرێپۆش و ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی دیکەی سەربازی ئەمریکا، پارێزگای رەقەیان بەرەو کۆبانێ بەجێهێشت.
ئەم جوڵە سەربازییەی ئەمریکا دوای چڕبوونەوەى بۆردومان و تۆپبارانکردنی تورکیا لە کۆبانێ و گوندەوارەکانى بەدیدەکرێت.
نزیکەى مانگێکیشە گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا، مەنبەج و گوندەوارەکانی ئەو شارەیان گرتووە و جەنگ و پێکدادانى نێوان هەسەدە و ئەو گروپانە، لەسەر پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرینیش، بەردەوام بووە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەسەدە لەگەڵ تورکیا و گرووپەکانی لە کۆبانێ، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شارەکە جێگیرکراون.