زووم..
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سوپای تورکیا هاریکاریی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا لە بواری بەرگریدا بەردەوام دەبێت و راشیگەیاندووە، هاریکاریی لە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتە و هاوکات بۆ سەقامگیریی ناوچەکەش بە دەرفەتێکی گرنگی دەبینن.
بەگوێرەى هەواڵێکی سی ئێن ئێن تورک، زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رایگەیاندووە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی سنوورەکانی نێوان تورکیا و سوریا، پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر هەیە لەنێوان وڵاتەکەی و ئیداری نوێی سوریا.
ئاکتورک لەبارەی هاریکاریی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا رایگەیاند، ئەو هاریکارییەی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا لە بواری بەرگریدا دەیکات، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ سەقامگیریی ناوچەکەش بە دەرفەتێکی گرنگی دەبینین.
ئاکتورک راشیگەیاندووە، پێمانوایە ژێرخانی بەهێزی پیشەسازی بەرگریی تورکیا، ئەزموونەکانی لە بواری تەکنۆلۆژیای بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکاری گرنگ دەبن لە زیادکردنی توانای ئەمنی و بەرگریی سووریادا.