زووم..
سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەیان لە پێشنیازەکەى حکومەت بۆ دیاریکردنی کەمترین بڕە مووچە ناڕازین و بەنیازن لە سەرتاسەری تورکیا گردبوونەوەى جەماوەرى بۆ زیادکردنی کەمترین بڕە مووچە ئەنجام بدەن.
بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى میللییەت، ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە، رایگەیاندووە لە رۆژى شەممەوە خۆپیشاندانەکان لە ئەنقەرە دەستپێدەکات و گوتیشی: دەبێت هەمووان لە دژى نادادپەروەری حکومەت بێنە سەر شەقامەکان.
کەمترین بڕە مووچە ساڵانە لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان دەکرێت و مووچەی کرێکاران و چینی کەمدەرامەت دەگرێتەوە.
هەفتەى رابردوو ڤەدات ئیشیکهان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تورکیا رایگەیاند، لەپاش کۆبوونەوەکانمان لەسەر بودجەى 2025 لە پەڕلەمان بڕیارماندا سەدا 30 مووچەی کەمترین بڕە مووچە بۆ 22 هەزار و 104 لیرەی تورکی زیاد بکەن، کە دەکاتە 625 دۆلاری ئەمریکی.