زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت: شەقامەکانی تورکیا سەلامەتن
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا ژمارەى ئەو ژنانەى، کە بەبێ ترس بە شەقامەکاندا دەڕۆن زیادیکردووە.
لە راپۆرتەکەی دەزگای ئاماری تورکیا هاتووە لە ماوەى 19 ساڵدا ژنان زیاتر متمانەیان بە خۆیان هەیە بەوەى پێشتر سەدا 37ـی ژنان پێیانوابووە شەقامەکان ئاسایشیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا سەدا 57ـى ژنان لەو باوەڕەدان شەقامەکانی تورکیا سەلامەتن بۆیان.
میللییەت: جەهەپە داوای زیادکردنی مووچە دەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەیان لە پێشنیازەکەى حکومەت بۆ دیاریکردنی کەمترین بڕە مووچە ناڕازین و بەنیازن لە سەرتاسەری تورکیا گردبوونەوەى جەماوەرى بۆ زیادکردنی کەمترین بڕە مووچە ئەنجام بدەن.
ئۆزال رایگەیاندووە، لە رۆژى شەممەوە خۆپیشاندانەکان لە ئەنقەرە دەستپێدەکات و گوتیشی: دەبێت هەموان لە دژى نادادپەروەری حکومەت بێنە سەر شەقامەکان.
کەمترین بڕە مووچە ساڵانە لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان دەکرێت و مووچەی کرێکاران و چینی کەمدەرامەت دەگرێتەوە.
پۆستە: پێش سەری ساڵ بڕێکی زۆر خواردنەوەی کحولی ساختە دەستی بەسەردا گیرا
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بڕی 136 هەزار و 904 لیتر خواردنەوەی کحولی ساختە دەستیبەسەردا گیراوە، کە بەنیاز بوون بۆ شەوی سەری ساڵ ساغیبکەنەوە.
یەرلیکایا راشیگەیاندووە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا 279 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
یەنی ئاسیا: لە 50 ساڵدا 36 رووبار وشکیان کردووە
بەگوێرەى توێژینەوەیەک لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ماوەى 50 ساڵدا 36 رووبار بە تەواوی وشکبوون و ئەگەری سەرلەنوێ بوژانەوەیان نییە.
پسپۆڕان رایانگەیاندووە، وشکبوونی رووبارەکان زەنگێکی مەترسیدارە و کاریگەری نەرێنی لەسەر پاشەکشەی کەرتی کشتوکاڵی هەبووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: دەستگیرکردنى دادوەرەکەى گرتووخانەى سیدنایا ئارامی دەگەڕێنێتەوە
دوای دوو رۆژ لە هەڵمەت و رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە گوندەوارەکانى تەڕتوس و لازقییە و حەما و حیمس لەلایەن ئیدارەى نوێی سوریاوە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوانی رژێمەکەى ئەسەد، لە دوێنێوە هێمنى و ئارامى بۆ ئەو ناوچانە گەڕاوەتەوە.
دەسەڵاتدارانى ئیدارەى نوێی سوریا، دوێنێ دەستگیرکردنى سەرۆکى دادگای گرتووخانەى سیدنایا و 20 کەسی دیکەى راگەیاند.
بە گوێرەى رۆژنامەکە، محەمەد کەنجو حەسەن، بەرپرسی لەسێدارەدانى گرتووخانەکە بووە، ماوەى چەند رۆژێکە لەگەڵ زیاتر لە 20 چەکدار رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبوونەوە، دوای دەستگیرکردنیان، ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکان گەڕاوەتەوە.
قودسی عەرەبی: بە 100 فڕۆکە هێرشکراوەتە سەر یەمەن
ئیسرائیل دەستیکردەوە بە بۆردومانى یەمەن و شەوى پێنج شەممە فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی سەنعای پایتەختی یەمەنی کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا، 21 کەسی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە 100 فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی سەنعا و بەندەری حودەیدەی لە یەمەن و رەئس عیسا و وێستگەى کارەبای حوزەیزە و چەندین ئامانجی سەربازی تایبەت بە حوسییەکانیان لەنێو بردووە.
عەرەب: جۆلانی ئامادەکاریی دەکات بۆ سیناریۆ هاوشێوەکەى عێراق
ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەستەى تەحریر شام و فەرماندەى مەیدانى دەسەڵاتى ئیدارەى نوێی سوریا، سیناریۆی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی گرووپە چەکدارەکان و لکاندنیان بە دەوڵەتەوە پیادە دەکات، لەمەشدا چاوەڕوانی فشاری تورکیایە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانى، بۆ ئەوەی بگاتە فۆرمێکی چارەسەر.
هەروەها کێشەی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە کوردییەکانی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتیان کردەوە، ئەوان ئامادەن ئەم بابەتە لەگەڵ دیمەشق تاوتوێ بکەن، بە مەرجێک دیمەشق لە هەژموونى تورکیا دوور بکەوێتەوە.
عەرەبی جەدید: سورییەکان هیوایەکیان بە کارپێکردنەوەى پاڵاوگەکانی نەوت هەیە
سورییەکان هیوایان لەسەر دووبارە کارپێکردنەوەى پاڵاوگەکانى نەوت هەڵچنیوە، بۆ ئەوەى لە کێشەی کەمبوونەوەی سووتەمەنى و هەرزانبوونى نرخی سووتەمەنییە جۆراوجۆرەکان چارەسەربکات، بە تایبەت بۆ ئەم وەرزەى زستان، کە خەڵک پێویستیان بە گەرمکرەوە هەیە.
ماوەى رابردوو پاڵاوگەى بانیاس وەک گەورەترین پاڵاوگەى سوریا کارەکانى راگرت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیاڵ تایمز: چین بەم زووانە لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا پێش ئەمریکا دەکەوێت
فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە چین بە خێرایی زیاد دەکات و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 لە ئۆتۆمبێلە بەنزینیەکان زیاتر بێت.
ئەم گەشەکردنە خێرایە دەگەڕێتەوە بۆ وەبەرهێنانە بەرفراوانەکانی حکومەتی چین لەم پیشەسازییە و پشتگیریکردنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی.
ژمارەی دانیشتوانی زۆر و کێشەی پیسبوونی هەوا وایکردووە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چین گەشەی خێرا بکات و ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە بازاڕی ئۆتۆمبێلدا کاریگەریی دەبێت بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهاندا و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی کێشە ژینگەییەکان.
ساوس چاینا: فرۆشی چێشتخانەکان لە جەژنی کریسمسدا بە رێژەی 8% زیادیکردووە
فرۆشی چێشتخانەکان لە جەژنی کریسمسدا بە تێکڕا 8% زیادی کردووە و هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گەشەکردنە بریتین لە کۆبوونەوەی خێزانیی، مینیوی تایبەتی جەژنی کریسمس، دیکۆراتی سەرنجڕاکێش و ئۆفەری داشکاندن.
زۆر کەس پێیان باشترە لەم رۆژانەدا چێژ لە خزمەتگوزاری پیشەیی لە کەشوهەوای خۆشی چێشتخانەکان وەربگرن لەبری ئەوەی لە ماڵەوە خواردن دروست بکەن.
چێشتخانەکان توانیویانە کڕیاری زیاتر بۆ خۆیان رابکێشن بە پێشکەشکردنی خواردنی نەریتی و بەرنامەی تایبەتی وەک میوزیکێکی راستەوخۆ.
بەڵام خاوەن چێشتخانەکان لەم ماوەیەدا تووشی چەندین ئاستەنگیش دەبنەوە، وەک کەمیی هێزی کار و بەرزبوونەوەی تێچووی کەرەستەی خاو.
دەیلی تەلەگراف: شەڕی سیاسی لەسەر ژمارەی ئەندامی پارتەکان لە بەریتانیا
ناکۆکییەکی جددی لەنێوان پارتی پارێزگاران و پارتێکی نوێدا لەسەر ژمارەی راستەقینەی ئەندامانی ئەو پارتانە پەرەیسەندووە.
پارتە نوێیەکە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ئەو ئامارانەی پارتی پارێزگاران رایانگەیاندووە زیادەڕەوییان تێدا کراوە و ژمارەی راستەقینەی ئەندامانی لە رێژەی راگەیەندراو کەمترە.
لەوانەیە ئەم ناکۆکییە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هەبێت و هێزی پارتی پارێزگاران کەم دەبێتەوە و رکابەرەکان چانسی باشتریان دەبێت.
پارتی پارێزگاران ئەم تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و دەرئەنجامی ئەم ناکۆکییە دەتوانێت کاریگەری لەسەر داهاتووی سیاسی بەریتانیا هەبێت.
گاردیەن: گەرمای ئەمساڵ شەش هەفتە زیاتری خایاندووە
گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی زیادبوونی گازە گەرمەکانەوە پلەی گەرمی زەوی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرزکردووەتەوە.
ئەم رەوتە بووەتە هۆی رووداوە توندەکانی کەشوهەوا وەک شەپۆلی گەرما و وشکەساڵی و لافاو و زریان و کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس هەبووە.
ئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییانە بریتین لە توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و مەترسی لەسەر جۆراوجۆریی زیندەوەران.
ناوچە گەرمەکان و دوورگەکانی زەریای هێمن بە تایبەتی لە مەترسیدان و زۆرێک لە دانیشتووان تووشی هەڕەشەی جددی بوونەتەوە.
زانایان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان داوای هەنگاوی بەپەلەیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی و بەبێ کردەوەی کاریگەر، دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم قەیرانە جیهانییە توندتر دەبن و داهاتوویەکی نادیار بۆ مرۆڤایەتی دروست دەکات.